خۆزگە وەک خۆم دەمویست وا بام

خۆزگە
لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
 1 خولەک  1095 بینین
خۆزگە وەک خۆم دەمویست وا بام
لەگەڵ شیعر ئاشنا بام!
شۆخی و جوانی تۆم نووسیبا
لە چاوی بەد نەترسا بام!
بەختەوەر بووم بمتوانیایە،
چەند دەفتەرم بنووسیایە
ئەگەر زۆریش نەبا کەمێک
جوانی تۆم باس بکردایە
گشت توانا و بیر و هەستم
بمخستایە دەست مەبەستم
هەر کەس وێنەی تۆی بینیبا
لە ناو ئەوێنەی هەڵبەستم!
سەرسام دەما وەک گێژ و لاڵ
دەیکرد سەد ئەندێشە و خەیاڵ
یەزدان ئاوا نەیداوەتە کەس
بەژن، باڵا، شۆخی، دەلال
پێویست وایە بیپارێزم،
توند توند بیگرمە ئامێزم
لەگەڵ بەدبین و بەدکاران
بەکار بێنم کینە و هێزم!
گیان بەخت کەم هەموو کاتێ
دەستی بەدکاری نەگاتێ
بۆ گەیشتن بەم هیوایە
دەچمە ڕێی هات و نەهاتێ
ئەمجا یاری خۆشەویستم
لە ڕێی دڵداریت ناوەستم
گیان بەخت کەم لە پێناوت
تا پێک دێت هەموو مەبەستم