چیم لە جامی مەیە من چاوی خومارم گەرەکە!

چاوی خومار
لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
 1 خولەک  1407 بینین
چیم لە جامی مەیە من چاوی خومارم گەرەکە!
بۆ مەزە ماچی دەم و لەنجەیی یارم گەرەکە
بولبولی گۆشەیی گوڵزاری هیوام لەم چەمەنە
من لە باخی ئەمەلم خونچەی زارم گەرەکە
باخەوان لێم مەبە دڵگیر کە لە باخت دەگەڕێم
هیچ نیازم نییە هەر سێو و هەنارم گەرەکە
شوێنی ئەو ئاسکە کەوتم لە هەموو دەشت و هەرێم
وا مەزانن لە هەموو گەشتێ شکارم گەرەکە!
قامەتی دولبەری من سەروی چەمەن ئارایە
لەم چەمەنزارە بەڵێ لەنجەوولارم گەرەکە!
با هەژاریش بێت بەڵام خوو و ڕەوشتی بەرزی
من مڕۆڤ دۆستم و نەک کۆشک و تەلارم گەرەکە
ئەم بەڵێنەی بە منت فەرموو گوتت: «دێمە ژووان»
چاوە ڕێم ڕۆژ و شەوم وەعدەیی پارم گەرەکە
سوودی دەریا کە دەڵێن زۆرە بەڵام ترسی هەیە
زێڕ و زیو نرخی نییە سەیری کەنارم گەرەکە!