جوانی و شۆخی وەکو تاقی کراوە

جوانی و شۆخی
لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
 1 خولەک  1270 بینین
جوانی و شۆخی وەکو تاقی کراوە
کراسێکە بە باڵای تۆ بڕاوە!
کە تۆ ڕووت کردە گوڵشەن ئاشکرا بوو
کە سەروو نەی لە پاش باڵات چەماوە
گوڵیش ویستی بەرامبەر ڕووت بوەستێ
هەڵەی کرد و بە دڵ تەنگی گەڕاوە
نیگاری و شۆخی هەر شایانی تۆیە
لە کۆڕی دولبەران وا مۆر کراوە
لە شوێنی خۆم نەجووڵێم بەرژەوەندە،
هەموو ڕێگا لە ڕووی من داخراوە!
بە خەندە و نازی لێوو چاوی کاڵی
چ ئاشووبێکە بۆ من ڕێک خراوە!
بە هەر لادا بڕۆم زەحمەت کە دەرچم،
لە هەر هەنگاوێ سەد داو دانراوە!
لە دەوری تۆ خیال و هەست و هۆشم
بە شێوەی پەرچەم و زوڵفێکی خاوە
لە دووری تۆ لە خانەی خەم نشینی
ئەوەندەی ماوە ژین مەحکووم کراوە!