هەڵی کرد ئاهـ و ناڵەی بەر بەیانم

گلەیی
لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
 1 خولەک  1303 بینین
هەڵی کرد ئاهـ و ناڵەی بەر بەیانم
سەری کرد خوێنی ئاڵی چاوەکانم
لە گەرمی سۆزی سینەی خۆم دەترسم
کە ئاگر بەر بداتە جیسم و جانم!
لە مەرگی خۆم پەرۆش نیم خۆی دەزانێ
کە دڵشادیم نەدیت ماوەی ژیانم!
کە زانیت کوشتنی من بەرژەوەندە،
دەبێ زوو بێی بە پێویستی دەزانم
لە بۆ پاراستنی گوڵزاری ڕووی تۆ
شەو و ڕۆژ باخەوان و پاسەوانم
دەمێکە من بە هیوای مژدەیێکم،
کە ساڕێژ کا هەموو زامی بە ژانم
لە لام ئەم ڕۆژە جەژنە گیان بەخت کەم
لە پێناو سەربەخۆیی نیشتمانم،
ئەگەر بێ بم کوژێت و لەت لەتم کا
گلەی ناکەم لە یاری میهرەبانم
بەرەو پیری بەهاری شادمانی
دەڕۆم ئیمڕۆ دەبێ کۆچ کا خەزانم