دوێنێ کە بە تەنیا بە چەمندا گوزەرم کرد

لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
 1 خولەک  1552 بینین
دوێنێ کە بە تەنیا بە چەمندا گوزەرم کرد
سەیری گوڵ و ڕەیحان و گوڵی نەیلۆفەرم کرد
گوڵ ویستی بەناز وێنەیی ڕووی تۆ بنوێنێ
ئیمڕۆکە بەیانی بە سەرت لێرە دەرم کرد!
ڕەیحانە بە هیوا بوو وەکو پەرچەمی تۆ بێ
نەم هێشت بدوێ گرتم و بەندی کەمەرم کرد
لافی قەدی تۆی کەوتە سەری سەرو و سنەوبەر
ڕاستی لەمەدا سەرزەنشی نەیشەکەرم کرد
شەرحێکی موتەووەل بوو بەیانی سەری زوڵفت
ئیمشەو بە چرای کوڵمەتەوە موختەسەرم کرد،
من ئەو دەمە زانیم چییە ئازاری جودایی
ئەو ڕۆژە کە نەمزانی بەبێ تۆ سەفەرم کرد
لەم مەجلیسە مەستانە لەبەر دیدەیی مەستت
من بۆ مەزە هێنام و کەبابی جگەرم کرد
موژگان و برۆت تیر و کەوانن لە کەمینن
لەم دیمەنە سامناکە بە ڕاستی حەزەرم کرد!
لەو ساوە دڵم داوە بە تۆ هەر وەکو عەونیناسناوی ئەدەبی
لێی بێ خەبەرم تەسلیمی دەستی قەدەرم کرد!!