چەند بەدەنگی خۆشەوە گۆرانی بێژت و جێی نەگرت

لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
 1 خولەک  939 بینین
چەند بەدەنگی خۆشەوە گۆرانی بێژت و جێی نەگرت
چەندی مەیگێڕ فەرموو فەرمووی کرد و گوێی لێ نەگرت
من گوتم واتیری نازی چاوی تۆ پێکای دڵم
پێکەنی فەرمووی بەڕێک کەوت بوو نیشانم لێی نەگرت
کۆرپەکەی ساوام لە بێشکەی نازدا چەند ڕاژەنی
هێندە بێ هێز بوو نەخۆشی گرت بوو، قەت پێی نەگرت
من کە تاوانم نییە ئەم شۆخە بۆ دڵگیرە لێم
چەندی بانکم کردوو لێی پاڕامەوە هیچ گوێی نەگرت
دڵ شکاوم بۆیە فرمێسکم دەبارێنم بە کوڵ
تووڕە بوو فەرمووی درۆیە من چ بەردەم تێی نەگرت
لێگەڕێ بەدکار بەدەرد و ژانی خۆی بتلێتەوە
وێڵ و سەر گەردان دەبێ هەر کەس بە ڕاستی ڕێی نەگرت
خەم زەدەی خۆت بو دڵی بێچارە چەند پاڕایەوە
ڕۆژێ بڕوات پێ نەکرد تاکو لە ژێر پێت فێی نەگرت!