نەخۆشیی چاوەکانت هاتە چاوم دەرد و ژانی گرت
لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
1 خولەک
1490 بینین
نەخۆشیی چاوەکانت هاتە چاوم دەرد و ژانی گرت
لە چاوی تۆ بەدوور بێ چاوەکانی من کە تانی گرت
لەژێر باری خەمت قەدی چەمیوی من تەماشا کە
گوناهی چاوتە تیری موژەت گۆشەی کەوانی گرت
بەمەستی نازەوە چاوی خەواڵووت بێ خەوی دامێ
بەڵێ بۆباخی سینەی پاسەوان و باخەوانی گرت
بە پەنجەی دوگمەکەی سینەی ترازاند من کە نەمزانی
کە چی شەو ئاشکرا بوو وا شەفەق دەوری بەیانی گرت
کە مانگی ڕووت لە شامی پەرچەمت دەرکەوت چ بەرپا بوو
کتوپڕ عاشقی ڕووت یەک بە یەک دەردی کتانی گرت
بە وێنەی وردە خاڵی ڕووتە شێوەی ئاسمان ئیمشەو،
تەرازووی تالعم هەڵهات و ڕێگای کاکە شانی گرت
پەپوولەی ئارەزووم وەک نیشتە سەر خونچەی دەم و لێوت
خدر ئاسا بەبێ ئەرک چاوەیی ئاوی ژیانی گرت
بەشێوەی ڕەنگی زەردی من بوو عەکسی کرد لە ڕوخسارت
بەهاری شادمانی زوو بە زوو شێوەی خەزانی گرت
لەگەڵ عەونیناسناوی ئەدەبی لە کۆڕی بەزمتان مەیلی نەبوو ساقی
بە ناچاری پەنای برد دامەنی پیری موغانی گرت!