کوا دەلیلی حەرەمی مەحرەمی ڕازی دڵی ما

باغی سەمەنی و سونبول
لە کتێبی:
دیوانی موخلیس
بەرهەمی:
موخلیس (1910-1985)
 2 خولەک  1192 بینین
کوا دەلیلی حەرەمی مەحرەمی ڕازی دڵی ما
پیری مەیخانە نەبێ چۆن حەل دەبێ موشکیلی ما
ڕێ لە ڕێی عیشق و مەحەببەت بە خەتەرتر نییە هیچ
قەتعی ڕێی وا بە خەتەر دوورە لە قاچ و قولی ما
جائیزە و جوببەیی شاهی بە پیاوان ئەدرێ
وەجی ئەو نەوعە خەڵاتەی نییە شان و ملی ما
هەرچی دێ شەرحێکی وەسفی توو دەکاتن بە قەڵەم
ناگرێتن قەڵەمی وەسفی توو دەست و پلی ما
دوورە بۆی هەڵ بدرێ خیوەتی شادی لە بەهەشت
هەرچی ڕووزەردی ئەبینێ لە غەمی سۆرگوڵی ما
خەوی خۆشیی سەحەریت وەسڵی گوڵی داوی لەکیس
چووە دەر تازە لەرەندی بەدەنی تەنبەلی ما
تەوبە ناکرێ لە بەهاران بە منی بادە پەرست
وا دەزانم لە ئەزەڵ مەی بووە ئاوی گڵی ما
کەی دەبی دوور بکەویتن لە دڵی یار ئەسەری
ناڵەناڵی جگەری پڕ لە برین و کولی ما
وەکوو هارووت دڵەکەی گرتم و خستوویە عەزاب
سەیری چاهی زەنەخی چۆن بووەتە بابلی ما
لەدەری لوتفی توو فەرقی کە نەبی شاهـ و گەدا
چ دەڵێی جارێ بفەرمووی وەرە بۆ مەنزڵی ما
تەلەبت دیدەنی یار و مەیی ساف بێ لەجیهان
لەسەرای فانی و باقی ئەوە حاسیلی ما
بەهرەوەر بوون لە حزوور پیری موغان ئەهلی ئەدەب
ماوە بێبەهرە لە ئەسرار دڵی ناقابیلی ما
بەری یەک ڕەنگی سەفایە، بەری دوو ڕەنگی غەمە
مەکە تەقلیدی خەتیبی بە دوو لایەعقەلی ما
زاهیدا چوونە بەهەشتی توو موحەققەت کە نەبێ
بکە سەیرێکی لە باغی سەمەن و سونبولی ما
هەر لە ئەوقافە قسەی کۆمەڵی جوببە لەبەران
هەر لەمەستی و لە مەحەببەت ئەدوێن کۆمەڵی ما
هەرچی دێ دەیوێ لە ڕەندان بە هەوا پێش بکەوی
نابێ کەس پێش بکەوی تا هەبی تا هەبی کوێر و شەلی ما
غەزەلی موخلیسیناسناوی ئەدەبی توو وەک غەزەلی خەلقی نییە
چ قوماشێکی هەیە سەیری بکە مەعمەلی «ما»