بەحری «طویل»

لە کتێبی:
بەدیع و عەرووزی نامی
بەرهەمی:
مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس (1901-2005)
 6 خولەک  966 بینین
«طویل» بەحرێکە ماوەی درێژە
ئەجزای پڕ سەفای چاک دابڕێژە
بڵێ «فعولن» جا «مفاعیلن»
دیسان «فعولن» جا «مفاعیلن»
بەمانە نیوەی شیعرێ دێتەجێ
تەکرار بوونەوە شیعرێکە بەجێ
تاقە «عروض»ێ هەیە بۆ «طویل»
ئەویش «مقبوض»ە ئەی برای جەلیل
سێ «ضرب»ی هەیە «صحیح»ە یەکەم
دووهەم «مقبوض»ە ئەی برای ئەکرەم
«ضرب»ی سێهەمین وەسفی «محذوف»ە
ئەم سێ «ضرب»انە لامان مەعرووفە
با قەسیدەیێ لە بەحری «طویل»
ئینشا بکەم بۆت ئەی برای جەلیل
***
سەلات و سەلامی حەق لەسەر زاتی ئەنوەری
دڵ و ڕۆح و ڕوخساری سەراسەر مونەووەری
سەلاتێ کە لایەق بێ بە زاتی مونەووەری
سەلامێ کە لایەق بێ بە ڕەوزەی موعەتتەری
لەسەر ئەو ڕەسووڵەی وا نەسیب و حەبیبە خۆی
ڕەسووڵێ خودا دنیای دروست کردووە لەبۆی
بە سوورەت لە نەوعی ئادەمیدایە هەیئەتی
بە سیرەت فریشتەی فەرشە یا عەرشە تەلعەتی
سیفاتی وەکوو زاتی هەمووپاک و بێ عەیبە
وەکوو ڕۆحی قودسی وایە ماوای لەلای غەیبە
تەبیبی دڵی بیمارە دەرمانی دڵ ئەکا
حەبیبی دڵی دڵدارە سامانی دڵ ئەدا
شەریفە و لەتیفە و بێ میسالە لە عالەما
نەجیبە و ئەریبە و خۆش خیسالە لە ئادەما
ئەوە ڕەهبەری عاممە بەڵام فەرد و ئەقبەری
ئەوە سەروەری لایەق بە شاتاجی ئەفسەری
چ ڕەهبەر ئەوەی وا ڕەهبەرێ بوو بەری لە عەیب
لە عەیبێ مونافی بێ لەبۆ حاڵی ڕەهبەری
چ ڕەهبەر ئەوەی قورئانی بۆ هات لەلای خودا
بە حەق جوبرەئیل هێنای لەبۆ حوکمی ڕەهبەری
چ ڕەهبەر ئەوەی ئەحکامی ئیسلامی خستە دەر
لەبۆ عالەمی ئینسانی هوشیار و بۆ پەری
چ ڕەهبەر ئەوەی موژدە درابوو بە مەقدەمی
لە سیفری هەموودا هاتبوو ڕەسمی ڕەهبەری
چ ڕەهبەر ئەوەی ئینسافی دانا بە وەسفی مەرد
ئەوەی سیدق و سەبری کرد بە ڕێبازی سەروەری
چ ڕەهبەر ئەوەی نووری سەراسەر جیهانی گرت
شیمال و جەنووب و خۆرنشین تا بە باختەری
چ ڕەهبەر ئەوەی تەنویری فەرموو جیهان هەموو
هەتا نووری ئەو سەرکەوت لەبۆ عەرشی ئەکبەری
چ ڕەهبەر ئەوەی دنیای لەلادا نەما بە حەق
مەگەر بۆ ڕەواجی حەق لەسەر نەهجی ڕەهبەری
چ ڕەهبەر ئەوەی ئەخلاقی بەرزی نیشان ئەدا
لە ویجدان و عەدل و عەهد و یاسای وەفاگەری
ئەوەی مەخزەنی ئەسرارە سینەی موننەوەری
ئەوەی مەعدەنی ئەسرارە قەلبی موعەتتەری
ئەوەی کارەبای نووری هودا وا لە سینەیا
ئەگاتە هەموو فەردێ بەقەد حاڵی موشتەری
ئەوەی ڕەحمەتە بۆ حوب لە عالەم ڕیسالەتی
لە ئەرز و سەمادا تا لە عەرشا لە بەرتەری
بەقوربانی خاکی پاکی پێی تۆیە چاوەکەم
ئەگەر پێی لەسەر دانێی لە عیللەت ئەبی بەری
لە دنیا نەبینراوە لە وێنەی ئەتۆ کەسێ
بە عەدڵ و بە ئیحسان و بە ئیکرامی سەروەری
چ نوورێکی پڕتەو بەخشە بۆ سەدری موئمینان
لەبۆ ڕۆژ و بۆ مانگ و بۆ زوهرە و بۆ موشتەری
تەبیبێکە دەرمانی دەروونی دڵان ئەکا
حەکیمێکە پڕ حیکمەت لەبۆ عیلمی میهتەری
عەدووی جەهل و ئەهلی جەهل و عەدر و زەلالەتە
عەدووی خۆپەرەست و پەست و مەستانی سەرسەری
موجاهید بوو بۆ دەرچوونی ئینسان لەدوای جەهل
موهەددید بوو بۆ غەددار و ئەهلی ستەمگەری
بە حەق مونزیری موشریک بوو بێ خەوف و بێ قوسوور
وەکوو وا لە قورئانا چ ئەمسەر چ ئەوسەری
بەشی میهرەبانیی خستە سەرشانی ئوممەتی
لەبۆ خزم و بێگانە کەسی لێ نەکرد بەری
گەلێ ڕەحم و ئینسافی بە عالەم نیشان ئەدا
گەلێ دژ بوو بۆ ئەخلاقی خافان و قەیسەری
بەڕاسی سەماح و سوڵح و عەفوی ڕەواج ئەدا
وەکوو سائیری ئەوسافی لایق بە ڕەهبەری
گەلێ باسی مەرگ و حاڵەتی بەرزەخی ئەکرد
هەتا نەفسی ئەممارە نەمێنێ بە خودسەری
گەلێ شەو ئەچوو تەشریفی بۆ «جنة البقیع»
زیارەی قوبووری کردە سوننەت بە ئامیری
لە ڕۆژا بەڕۆژوو بوو، لە شەودا موقیمی شەو
موزەممیل لەسەر ئەم حاڵە بوو هاتە سەر سەری
بەشیر و نەزیری وا سیراجی مونیری وا
ئەمیر و فەقیری وا لە کوێ هات بە ڕەهبەری
ئەمە حاڵی دنیای بوو، وەرن بۆ قیامەتی
تەماشا بکەن جارێ لە ئەحواڵی مەحشەری
وەرن سەیری ئاڵای کەن لە مەیدانی مەحشەرا
وەرن سەیری سیمای کەن لەگەڵ وەجهی ئەنوەری
شەفیعی «رفیع القدر»ە، ئەووەڵ شەفیعە ئەو
لەپێش ئەنبیادا کاتی دەرد و جەفاگەری
لەکاتێکی وادا ئەنبیا مەعزەرەت ئەکەن
ئەچێ بۆ شەفاعەت زۆر بە عەزم و دلاوەری
بە تەعزیمەوە سوجدە ئەبا بۆ جەنابی حەق
بە تەکریمەوە بۆی دێ قوبووڵی تکاگەری
کە دەرگای شەفاعەت بۆی کراوە لەلای خودا
شەفاعەت ئەکەن بۆیان بەقەد حاڵی میهتەری
هەتا لەو عەزاب و مەوقیفی سەختە بێنە دەر
لەپاش ئەم دەمە نەوبەی تکایە بە ڕەهبەری
هەموو ڕەهبەرێ بۆ ئوممەتی پاکی دێتە کار
شەفاعەت ئەکا بۆ عامی عالەم بە سەروەری
شەهیدان و یاران و ئیمامان و ئەولیا
شەفاعەت ئەکەن هەرکەس بەقەد حاڵی سەروەری
بە حەق سابیتە بۆمان لە دنیا کە ئەهلی دین
لە عەرسەی تکاا دێنە جیلەو و جلەوگەری
لە پاشان حسێبە و کێشی دەرد و مەرارەتە
مروورە لەسەر پردی سیراتێکی بەشەری
ئەوەی عابیری پردی سیراتە بە ئیحترام
ئەرۆن بۆ قەراغی حەوزی مەوروودی ڕەهبەری
بە کاسی کەرامەت شەربەتی وا ئەخۆنەوە
لە سۆزی عیتاش و تینوێتی ئەبن بەری
فیدای سایەکەی ئاڵای ئەتۆ بم لە مەحشەرا
فیدای پایەکەی لابارەگات بم بە دڵبەری
دەمێکە بە باڵاتا ئەخوێنم بە سۆزی دڵ
دەمێکە بە ئاڵاتا ئەخوێنم بە دڵبەری
ئەوەندەم ئەوێ نامیناسناوی ئەدەبی نەسووتێ لە لە عەرسەدا
لەگەڵ یارەکانتا بێتە سایەت بە میهتەری
لەژێر سێبەری ئاڵای بوڵندی «محمد»ا
کە پێی وا لە ئەرز و سەر لە زوهرە و لە موشتەری
سەلات و سەلامی حەق لەسەر زاتی ئەنوەری
لەسەر ئال و یار و پەیڕەوانت جەماوەری