بەحری «سریع»

لە کتێبی:
بەدیع و عەرووزی نامی
بەرهەمی:
مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس (1901-2005)
 2 خولەک  860 بینین
بەحری «سریع»ت ئەگەر هاتە پێش
بەیانی بکە بۆ بێگانە و خوێش
دوو «مستفعلن» جارێ «مفعولات»
دوو جار «سریع»ە مەعلووم بێ لە لات
«عروض»ی چوارن، «ضروب»یان شەشن
لەلای ئەدیبان بێ لەکە و غەشن
«عروض»ی یەکەم «مطوی»یە و «مکسوف»
سێ «ضرب»ی هەیە مەعلووم و مەعرووف
«ضرب»ی یەکەمیان «مطوی»یە و «موقوف»
«ضرب»ی دووهەمی «مطوی»یە و «مکسوف»
«ضرب»ی سێهەمی «صلم»ی تێدایە
پێی بڵێن «اصلم» ڕاستە و ڕەوایە
«عروض»ی دووهەم بە «کسف» و «خبل»ە
«ضرب»ی وەکوو خۆی ئاسان و سەهلە
«عروض»ی سێهەم «مشطور»ە و «مکسوف»
«ضرب»یشی وەها مەشهوورە و مەوسووف
بە یەکەم «عروض» بە «ضرب»ی دووهەم
غەزەڵ ئەڵێم بۆت ببە خاترجەم
***
ڕۆحم فیدای نووری زیا چاوەکەم
لە عەشقی تۆ چوومە چیا چاوەکەم
دڵبەندی تۆم بە دەردەوە چاوەکەم
گێسووی ئەتۆ بوو بە بەنی داوەکەم
دڵبەر و دڵداری ئەتۆ چاوەکەم
تەبیبی بیماری ئەتۆ چاوەکەم
هەتاوی پایەداری تۆ چاوەکەم
پڕتەوی ڕۆزگاری تۆ چاوەکەم
بەسە گوڵ و ڕوو قەمەری چاوەکەم
بەندی دڵ و هێزی سەری چاوەکەم
داری بەری پڕ سەمەری چاوەکەم
قامەتی خاوەن ئەسەری چاوەکەم
بەیداخی دینم دینی تۆ چاوەکەم
گوڵباخی ژینم ژینی تۆ چاوەکەم
بە هیجری تۆ فەوتا دڵم چاوەکەم
لە عەشقی تۆ سووتا دڵم چاوەکەم
گێسووت وەنەوشەی ملکەچە چاوەکەم
ملکەچی دو ئەبرۆی کەچە چاوەکەم
عەرعەری خۆش پەیکەری تۆ چاوەکەم
لەسەر سەران تۆ ئەفسەری چاوەکەم
بۆ تۆیە، لای تۆیە دڵ و گیانەکەم
بێ دینی تۆ بێڕەنگ و بۆیە چاوەکەم
نووری بەسیرە و بەسەری دڵبەرم
فانۆسی مایەی نەزەری دڵبەرم
سالمی «مازاغ البصر» چاوەکەم
عالمی لەوحی «مستطر» چاوەکەم
شافیعی ڕۆژی مونتەزەر چاوەکەم
ڕافیعی ئاڵای موعتەبەر چاوەکەم
نادیرە خوڵقی شەخسی تۆ دڵبەرم
نادیرە وێنەی نەفسی تۆ دڵبەرم
نادیرە دینی قودسی تۆ دڵبەرم
نادیرە جەمعی دەرسی تۆ دڵبەرم
شەمسی زوحا، بەدری دوجا نووری تۆ
نووری هودا بۆ ئیهتیدا نووری تۆ
نامیناسناوی ئەدەبی ئەژی لەسەر نمی لوتفی تۆ
نامییە ڕۆحی بە هەوای عەتفی تۆ