بسم الله الرحمن الرحیم
الحمد لله رب العالمین، والصلاة والسلام علی حبیبه و رسوله الامین محمد سید الانبیاء والمرسلین، وعلی آله و صحبه اجمعین، و اتباعه باحسان الی یوم الدین.
و بعد، بزانن خودای تەعالا «جلت قدرته» وەکوو عالەمی دروست کردووە، بەعزێ لە درووستکراوەکانی خۆی بە بەش و بەهرەی بەقیمەت خەڵات کردووە. عەقڵ و هۆشی داوە بە ئادەمیزاد و لوغەتی ئیلهام کردووە بۆ دەربڕینی مەبەستی خۆی و وتاری پەخشان و هۆنراوەی پێدراوە. ئەو هۆنراوانە لەسەر چەند یاسا بەکارهێنراون کە خەلیلی کوڕی ئەحمەدی فەراهیدی لە «عروض» کە شوێنێکە لە حیجاز ئیلهام کراوە بەو یاسایانە و هەمووی زەبت کردوون و ڕێوشوێنی بۆ داناون، بۆیە عیلمەکەی مەشهوور بووە بە عیلمی عەرووز بە ناوی جێگەی ئیلهامەکەیەوە.
هەروا ئەدەب و شیعر لە زمانی عەرەبدا باوە، لە زمانەکانی تریشا هەروا باوە لەبەرئەوە کە پەخشان و هۆنراوە لە پێویستیی ژیانی ئینسانن. هەر قەومێ لەم مەیدانەدا لە قەومەکانی تر دوابکەوێ ئیتر هەر پاشەکەوتوو ئەبێ.
ئێمە ئەو پارچە عرەبییانەمان بەراورد کردوون و دیومانە لە وێنەمان لە زمانی خۆیشمانا هەن و زیاد لەوانەیش گەلێ پارچەمان هەیە لە عەرەبیدا وێنەیان نییە. ئێمە بە گوێرەی توانای خۆمان هەندێ لەو پارچە شیعرە کوردییانە ئەنووسینەوە کە وێنەیان لە عەرەبیدا نییە و چیی تریش هەبێ حەواڵەی بیر و هۆشی برایانی هاونیشتمانی ئەکەین. هۆنراوە هەرجۆر بێتە سەر زمان مادەم بەشەکان لە ناو خۆیانا ڕێک و جۆر بن باشە. بەڵام هەندێ یاسایش هەیە چاودێری کردنیان جوانترە. هۆنراوە ئەگەر تاقە بەیتێ بێ پێی ئەڵێن «فەرد» واتە تەنها و تاقانە. ئەگەر دوو شیعریش بن پێی ئەڵێن «ڕوباعی» چونکە چوار نیوە شیعرە. جا ئەگەر هۆنراوە بە یاسای غەزەڵ بێ هەر ئەوەندە پێویستە ئاخری نیو دێڕە شیعرەکان وەکو یەک بن.
شاعیر ئەڵێ:
خۆ ئەگەر هاتو لەسەر یاسای قەسیدە بوو، ئەوە تەنها ئەوەندە پێویستە ئاخری شیعرەکان لەسەر یەک حەرف بێ و ئاخری نیوەی یەکەمی یەکەم شیعریش لەگەڵ ئاخری نیوەی دووەمی هاوجووت بن. بەو جۆرە شیعرانە کە ئاخری هەردوو نیوەکەیان هاوجووتن ئەڵێن «مەسنەوی» واتە دوونیوەیی.
توانای شیعر دانان بۆ هەندێ کەس بەهرە و خوا پێدانە بە بی کەسب و فێربوون لە لایەن شاعیرەکەوە. بۆ هەندێ کەسیش بە ڕەنجدان و تێکۆشان و تەماشا کردنی ئەسباب پەیدا ئەبێ.
شیعری جوان وتن پێویستی بە زانینی سروشتی کان و شینایی و گیانداران و مێژووی جیهان و بیرەوەریی ڕووداوەکان زانینی «حەقیقەت» و «مەجاز» و «تەشبیه» و «کینایه» و «ضرب المثل» و پەندی پێشینیان هەیە. بەتایبەتی «تەشبیه» دەوری زۆری جوانیی هۆنراوەدا هەیە. جا ئەگەر ئینسان تەنها بتوانێ پەخشان بهۆنێتەوە ئەوە لە عەرەبی و کوردیدا پێی ئەڵێن «شاعیر». ئەگەر شیعرەکانیشی مەعنای موناسبیان تیابێ پێی ئەڵێن «حەکیم» وەک شیعرەکانی سەعدیی شیرازی و نیزامی و بێدل و ئەم جۆرە شاعیرانە.
شیعر دەوری لە گەیاندنی مەتڵەبدا زۆرە. وائەبێ دۆستی لە نێوان دوو تاقم دوژمنا دروست ئەکا و وایش ئەبێ بە پێچەوانەوە. خەڵک هان ئەدا بۆ ئاوەدانی و ئابووری و دادپەروەری و ڕاستی و وەفا و ڕاگرتنی عەهد و پەیمان. هەر شیعرێ وابێ پایەی لای ئادەمیزاد بزرە و لای خوایش پەسەندە. ئەم جۆرە شیعرانە زۆر مەرغووبن و پێغەمبەر دروودی خوای لێ بێ بە «حیکمەت» ناوی بردوون.
بەڵێ ئەگەر شیعرێ مەدحی فیسق و فوجوور و ستەمکاری و ناهەمواریی ئادەمیزاد بکا ئەوە بە قسەی هیچ و پووچ دائەنری و قیمەتی نە لای خوا و نە لای ئادەمیزادی ژیر نییە، بەڵکو پێویستە هەر شاعیرێ شیعری لەوجۆرە بڵێ لە کۆمەڵ دوور بخرێتەوە چونکە بوونەکەی زەرەرە بۆ کۆمەڵی ئادەمیزاد و ژیانی مایەی مردنی کۆمەڵی ئادەمیزادە.