سرقات شعریه

لە کتێبی:
بەدیع و عەرووزی نامی
بەرهەمی:
مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس (1901-2005)
 3 خولەک  707 بینین

دوا بابەت لەم کتێبەدا دەربارەی «سرقات شعریه» یه واته دزینی لەفز یا مەعنای شیعر.

مەبەست لەم بابەته ئەوەیه شاعیرێک عیبارەتێکی لە شێعری خۆیا بەکارهێناوە یا مەعنایەکی بەیان کردووه، پاش ئەو شاعیرێکی تر بێ ئەو عیبارەته یا ئەو مەعنایه وەربگرێ و بیکا به هیی خۆی و له شیعری خۆیا بەکاری بهێنێ.

دوو شاعیر وەک یەک له بابەتێ بدوێن که لەو بابەتانەی له ناو خەڵکا باون وەک مەدح و زەم و دڵداری و ستایشی خواو پێغەمبەرو بابەتی لەم چەشنه، یا دوو شاعیر لە «وجهە الدلالە»دا وەک یەک و هاوشێوە بن واتە ئەو ڕێگایانەی بەکاریان ئەهێنن بۆ گەیاندنی مەبەست وەک بەکارهێنانی حەقیقەت و مەجاز و تەشبیه و تەعریز و شتی وا، ئەمە پەسەند و بەجێیە چونکە لەکۆنەوە لەناو شاعیر و ئەدیبانا باو بووە و بەکارهێنراوە.

بەڵێ ئەگەر لەم بابەتی «وجهە الدلالە»دا یەکێ لەو دوو شاعیرە زۆر لەوی تریان وردتر و داڕشتنەکەی ناسکتر بوو، ئەوە ئەکرێ ئەوەیان بە لەپێش «مقدم» بناسرێ و ئەگەر ئەوی تر ئەو شێوە داڕشتنەی لێ دزیبوو، ئەکرێ ئەمەی دووەمیان بە دز بناسرێ. بەڵام دزینی ڕاستی بەوە دێتە ڕوو کابرای دووەم عەینی مەعنای شاعیری پێشووی لە شێعرەکەی خۆیا بەیان کردبێ لەگەڵ هەموو لەفزەکانیا، ئەوە بێ گومان بە دز ئەناسرێ. هەروا ئەگەر کەمێ لە لەفزەکانی ئەوی پێشوویشی گۆڕی، یا تەنانەت هەموو لەفزەکانیشی گۆڕی بە لەفزی مورادیف، ئەوەیش هەر بە دزی حسێب ئەکرێ.

خۆ ئەگەر مەعنای شیعری شاعیری پێشووی وەرگرتبوو لەگەڵ هەندێ مەعنای ورد بە مەعنای ترۆ، هەموو لەفزەکان یا هەندێکیان بگۆڕێ، ئەوە ئەم ڕەفتارەی ناوئەبرێ بە «اغارە و مسخ» واتە بەسەردادان و بە شتێکی تر کردن. لەم سوورەتەدا ئەگەر شاعیری دووهەم بەبەلاغەتتر بوو لە شاعیری یەکەم، ئەوە باش و قەبووڵە و ئەگەر وەکوو یەکیش دەرچوون ئەوە شیعری شاعیری دووەمیش باشە و وەرئەگیرێ، بەڵام هونەر هەر هی شاعیری یەکەمە. خۆ ئەگەر شاعیری دووەم لە شاعیری یەکەم کەمتر بوو ئەوە ناپەسەندە و وەرناگیرێ. ئەم تەفسیلاتەیش بۆ شوێنێکە بزانرێ شاعیری دووەم لە شاعیری یەکەمی وەرگرتووە، ئەگینا ئەگەر ئەو تەعبیر و تەسویرە لەسەر «تەوافوقی ئەفکار» بێ، ئەوە بێ سێ و دوو پەسەندە. ئەگەر شاعیری دووەمیش هەر مەعنای شیعری شاعیری پێشووی وەرگرتبوو، نەک لەفزەکانی، ئەوە ئەو کارە ناو ئەبرێ بە «المام و سلخ» واتە دەستتێوەردان و لێدامالین. ئەم جۆرەیش ئەبێتەوە بە سێ جۆر. یەکەم ئەوەیە شاعیری دووهەم بەلاغەتدارتر بێ لەوی پێشوو، کە ئەمە پەسەندە و باشە. دووهەم ئەوەیە هەر وەک ئەو وابێ، ئەمەش هەر وەرئەگیرێ. خۆ ئەگەر لەو ئایەختر و کەمتر بێ، کە ئەمە جۆری سێهەمە، ئەوە ناپەسەندە و وەرناگیرێ.

ئەمانەی باسمان کردن هەموو بەش بەحاڵی دزیی ئاشکرا و پێزانراوە. هەرچی دزیی پێنەزانراو و نائاشکرایە، ئەوەیە شیعرەکە جۆرە پێوەندێکیان بەیەکەوە ببێ، وەک شاعیر لەم بەیتەدا ئەڵێ:

فلا یمنعک عن أرب لحاهم
سواء ذو العمامة و الخمار

بە بەراورد لەگەڵ ئەم بەیتەی «ئەبوو ئەلتەییب ئەلمەتەنبی» کە ئەڵێ:

ومن فی کفه منهم قناة
کمن فی کفه منهم خضاب