ئەی مەلا تۆ قەت تۆ لە زەرفێندا وەها خێرا نەبووی
لە وەختی زەرفێندا
لە کتێبی:
دیوانی شێخ ڕەزای تاڵەبانی
بەرهەمی:
شێخ ڕەزای تاڵەبانی (1831-1910)
1 خولەک
2559 بینین
ئەی مەلا تۆ قەت تۆ لە زەرفێندا وەها خێرا نەبووی
یا لە حیزیی بەختی من یا مۆرەکەت مووی پێوە بوو
حاڵ لە سێ خاڵی نییە تو خودا بەڕاستی پێم بڵێ
مووی سمێڵت یا بەرت یا کلکی یابووی پێوە بوو
وا دەزانم مووی ڕزیوی پێستی دەبباغخانە بوو
چونکە ئاساری کەتیرە و جەوت و مازووی پێوە بوو
پەشمی پاشت بۆ مەزەندە چونکە وەختی ڕۆژهەڵات
دیققەتم کرد دەور و پشتی زەرفەکان گووی پێوە بوو
مووی سەگی گڕوێش وەها نابێ بەتەخمین سەد هەزار
ڕشک و ئەسپێ و کێچ و کەهلە، کرم و کڕنووی پێوە بوو
ئەلغەرەز دوو پشکی ڕۆحم چوو لە ترسان ئەو شەوە
هێندە دووپشک و هەزارپێ و مار و مێرووی پێوە بوو
قاوەچی ڕووی سینییەکەی هەرچەند بەنینۆک هەڵکڕاند
قەلعی ئاساری نەکرد هێشتا بەشی تۆی پێوە بوو
زۆر نەما بوو بۆنی سەرگین بمکوژێ، وا تێ دەگەم
تووکی بن کلکی کەر و بارگیری مردووی پێوە بوو
داوەکەی موویین و گڕوینت بەکاری هیچ نەهات
گەرچی هەرلایێ دووسەد ئەفسوون و جادووی پێوە بوو