ناونامە

لە کتێبی:
چوار نامیلکەی عەلی شەریعەتی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 6 خولەک  1872 بینین

خوێنەری بەڕێز! ئەو ناوانەی لەم نووسراوە تووشیان دێی و نایانناسی، لێرەدا بۆیان بڕوانە. ئەوەندەش بزانە ئەو ناونامەیە هی منە و وەرگێڕاوی نووسراوی شەریعەتی نییە. هه‌ژار

ئەبووزەڕ: ناوی جوندوب کوڕی جونادە، لە هۆزی چۆڵپەرستی «غیفاری» بووە. ساڵی ٣٢ ی کۆچی مردووە. چوارەمین یا پێنجەمین کەسێک بووە کە هاتۆتە سەر ئایینی ئیسلامەتی.

لە شاری شام دژی مەعاویە دواوە؛ کە کۆشکی کەسکی بە هەژدە بار زێڕی دارایی ڕەش و ڕووتی موسڵمانان بنیات ناوە. مەعاویە شکایەتی لە لای عوسمان کوڕی عەففان ـ کە ئەوساکە خەلیفە بووە ـ لێ کردووە. بردوویانەتە مەدینە. لە مەدینەش لە سەر تەخشان و پەخشان و بەفیڕۆدانی دارایی موسوڵمانان بە گژ عوسماندا هاتووە. لە مەدینەش دەرکراوە و بۆ شوێنێک بە ناو «رەبەزە» ناردراوە کە تا ژیاوە لەوێ بووە. کە مردووە ئەوەندەی نەبووە بەشی دوو گەزە جاوی کفنەکەی بکا.

ئەندەلەس: لە ناو مێژووی پێشووی عەڕەباندا سەرانسەری ئیسپانیا و پورتەغاڵی ئێستەکانە دەگرێتەوە. ساڵی ٩٢ی کۆچی خەزاکەرانی موسوڵمان بە سەرکردایەتی تارق بەنی زیاد ناوێک ـ کە عەرەب نەبوو، بەڕبەڕ بوو ـ دەستیان بە داگیر کردنی کرد. بەرە بەرە تا سەر چۆمی «لوار»ی فەڕەنسەشیان ئاژۆت. حوکمی عەرەبی و ئیسلامی بۆ ماوەی ٨٠٥ ساڵ لە ئه‌ورووپا بەردەوام بوو. ساڵی ٨٩٧ ی کۆچی، سێهەمین ڕۆژی سەرساڵی ١٤٩٢ ی زایینی، خاجپەرستان دوامین حاکمی عەرەبیان لە ئورووپا وەدەرناوە و ئیتر حوکمی ئیسلامەتی لەو وڵاتە دوابڕاو بوو.

بوودا: کوڕی فەرمانڕەوایەکی گەورەی وڵاتێک لە لای نیپاڵ لە باکووری بنارس بوو. لە تەمەنی بیست و نۆ ساڵدا وازی لە ژن و ماڵ و کوڕ و خۆشگوزەرانی خۆی هێنا؛ بوو بە عەبداڵ بە شوێن خوا بەدی کردن. لە ئەنجاما لە بن داره‌ هەنجیرێکدا تیشکی خودا خۆی نیشان دا و نهێنی بۆ ڕوون بوونەوە و کەوتە بیر ڕووناک کردنەوە.

بوودا دەڵێ: ژین زنجیرە ئازارێکە؛ خواستی نەوسی بنیادەمیش سەرچاوەی ئەو ئازارەیە تا پیاو هەیە و لە سەر دنیا دەژی، هەوای نەوس ـ چه‌ل و مل ـ ملی گرتووە و گەوی ئازار ناترازێن. کەوابوو هەتا هەین پەستین. گەرەکە لە چاکی و پاکی و بێ-ئازاری جانەوەران باری ئەولامان هەڵبەستین. هەستی و خۆشی بۆ پیاوی خاس لە پاش مەرگ دەست پێ دەکا.

زۆر لە سۆفیەکانی ئێمەش لە سەر ئەم بارە ڕۆیشتوون. وەک شاعیری هەرەبەرزی کوردەواری (مەولەوی) تاوەگۆزی دەفەرموێ:

باڵا که‌ردەوە مەیل ئه‌و لای پەستی
وردیکڵانەن دەروازەی هەستی

بوسوئە: ژاک بنینی بوسوئە گەورەترین وتاربێژی دەورانی خۆی لە فەڕەنسە ساڵی ١٦٢٧ ی ز. هاتۆتە دنیا. لەلەی کوڕی «لوئی چاردەهەم» بووە. پێهەڵگوتن و شیوەننامەکانی بەناوبانگن. ساڵی ١٧٠٤ ی ز. مردووە.

دیلفی: پەرسگای زۆر بەناوبانگی یۆنانی لەمێژینەیە کە ئێستاش لە بناری چیای «پارناسۆس»دا شوێنەوارەکەی هەر ماوە.

دیموستنس: یان دیموستن، لە ٣٨٤ تا ٣٢٢ بەر لە زایین ژیاوە. وتاربێژ و دەمپاراوی خاوەنناوی هەرەگەورەی یۆنانی زەمانی خۆی بووە.

زەردەشت: لە زمانی ئاوێستاییدا زەرەتوشترە؛ واتا خێوی وشترە زەردە. خەڵکی لای گۆلی ورمێیە. بە واتەی پەیڕەوەکانی لە نێوان چەرخی حەوت و شەشی پێش زاییندا ژیاوە. لە دەست نەیاران ڕای کردووە و چۆتە سەر چۆمی «تائیتی» کە ئەو چۆمە لە گورگانەوە دێتە خوار. فریشتە هاتۆتە لای و دڵی لە پیسی و گەماری ئەم جیهانە شتۆتەوە و بردوویەتە عاسمان و کردوویەتە میوانی خوا. بە دڵخۆشی هاتۆتەوە سەر زەمین و خوا هێز و قەوەتی داوە بە سەر دین و دوژمنانیدا ـ کە لە ڕەخ گۆلی وان ژیاون و ناوی دێوانیان لێ ناون ـ زاڵ کراوە. گوشتاسب شا، باوکی ئەسفەندیارەکەی ڕۆستەم کوشتی، زەردەشتی پەسند کردووە و دینەکەی وەبڕەو خستووە.

وێدەچێ بە هەڵەش چووبم بەڵام بە بیری کورتی خۆم چەمی «تائیتی» هەر هەمان چەمە کە پردی «تیەتی» لێیە و نزیک سەردەشت هەڵکەوتووە. گورگانیش بە لای منەوە «گەورکان»ە کە مەڵبەندی گەورکایەتی ئەو دیوە. سەردەشت بە ناو زەردەشتەوە ناو براوە و پیتی «زێ» بە «سین» گۆڕاوە. سەیری خۆشیش لەوەدایە کە گوندێک لەو ناوە هەیە ناویان ناوە «هورمزاوێ» واتا ئاوەدانی ئاهورەموزدا. گوندێکی دیش لە شارباژێری کوردستانی داگیرکراوی عێراقە بە ناوی «هەرمن» کە تەواو ئەهریمەنەکەی بەناوبانگە.

سپارتاکووس: ساڵی ٧٣ ی پ.ز سەرکردەیی کۆیلەی ڕۆمی گرتە دەست و شۆڕشی دژی زۆرداران و کۆیلەداران هەڵایساند. بەشی زۆری لە باشووری ئیتالیا کەوتە دەست و ڕزگاری کرد. ساڵی ٧١ ی پ.ز دوژمنان بە سەرکردەیی «کراسووس» و «یومیسیوس» سپارتاکووسیان شکاند و لە تۆڵەی ئەو شۆڕشە دا شەش هەزار کۆیلەیان خنکاند.

سەلمان: کابرایەکی ئیسفەهانی یان خەڵکی ڕامهورموز بووە. لە ڕێگادا چەتەی عەره‌ب گرتوویانە و بە جووێکی بەنی-قورەیزەیان فرۆشتووە. کاتێ ئیمانی هێناوە لە ئاغاکەی کڕدراوە و بۆتە یەکێک لە یارانی هەرەبەڕێزی پێغەمبەر.

ساڵی ٣٥ یان ٣٦ ی کۆچی لە شاری مەداین ـ کە پاتەختی پێشووی ئێران بووە ـ مردووە. ئێستاش گۆڕەکەی پیرۆزە و ئەو شارەش کە ئەوی لێ نێژراوە ها بە لای تاقی کیسراوە و بە «سلمان پاک» ناو براوە.

شوارتز: برتولد شوارتز، کەشە و شیمیزانی بەناوبانگی ئاڵمانی لە نیوەی یەکەمی چەرخی چاردەهەمی زایینیدا ژیاوە. زۆر ساڵان وایان دەزانی باڕووت هەر ئەو دایهێناوە.

کۆنفشیووس: یان کۆنفسیووس، ساڵی ٥٥١ ی پ.ز هاتۆتە دنیاوە. لە تەمەنی بیست ساڵیدا کراوەتە وەزیری کشتوکاڵی فەرمانڕەوای مەڵبەندی «لوو» کە ئێستا ناوی شانتۆنگە. لە ئاکامدا دەستی لە کاری دەوڵەت بەرداوە و ژیانی خۆی تەرخانی هەژاران کردووە. لە چین و ژاپۆن و ڕۆژهەڵاتی دوور ئێستاش پەیڕەوی زۆر زۆرن.

مانی: وێنەکێشی بەناوبانگ کە بە پێغەمبەریش ناسراوە. لە دەورانی شاپووری کوڕی ئەردەشێری بابەکاندا ژیاوە و ئەردەشێر دینی مانی بڕەو داوە. ئەردەشێریش لە ساڵی ٢٤١ ی ز. یان ٢٤٠ ز بۆتە شا و لە ٢٧٢ زایینیدا مردووە.