ئارێ برا! وا ڕابرا

لە کتێبی:
چوار نامیلکەی عەلی شەریعەتی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 35 خولەک  2291 بینین

چەند بیرەوەرییەکم هەبوو ئەمشەو ویستم لە شوێنێک کۆیان کەمەوە، ئاڵقە و گەویان تێک خەمەوە و لەبەر خوێنەرانی ڕانێم. بەڵام کاک پەرویزی خورسەند -ئەگەر نەڵێم تەنیا کەسە، دەکرێ بڵێم بەهێزترین نووسەرێکە پەخشانی جوانی ئەمڕۆکەی بۆ خزمەتی بیر و بڕوای ڕابردوومان خستۆتە کار - خستمیە سەر ئەو باوەڕە کە واز لەم نیازەم بێنم. ئەم چەند پەڕە بە مەبەستێک - کە بەسەرهاتێکی خۆمە -بنەخشێنم و لەو بارەوە ئێوەی بەڕێزیش بدوێنم.

من کە دەربارەی خۆم دەدوێم وا بیر مەبەن کە خۆم زۆر بە زل دەزانم؛ زلی دە ئارادا نییە. هۆی ئەمەسە کە لەم دنیا بەرینەدا دەگەڵ زۆر چین و زۆر تیرە، هاودەرد و هاوبیر و بڕوام.

خوێندەوارم، خوێندەواری ئەم ڕۆژگارە، بۆخۆشتان زۆر باش دەزانن چینی خوێندەواری ئەمڕۆ دەربارەی ژین، دەربارەی دین بڕوای چۆنە؛ ڕادەی فەرهەنگ و زانستی بەرەو کام ئامانجی دەبا.

خەڵکی چۆڵگە و بێروونێکم؛ نە ئاوە، نە ئاوەدانی؛ نە گەشە، نە کامەرانی؛ نە وچان، نە حەسانەوە؛ هەر ڕەنجە، هەر چەوسانەوە و ئاوێ بێنە و دەستان بشۆ.

لە ناو خێزانێک گەورە بووم کە هیچ کەسیان لە سایەی زێڕ و زۆرەوە نەکراون بە نەجیمزادە. هیچ ڕەگێکی ئەندامی من خوێنی بەرەی خوێنخۆرانی تێنەتزاوە.

لەو ڕۆژەوە کە منداڵیم هەڵبواردووە و پێگەیشتووم، تێگەیشتووم کە باب و باپیرانی من تا - لە مێژوودا گوم دەبن - گشتیان هەژار و ناساز و دوورەچارە و بەلەنگاز بوون.

خوێندەواری و پسپۆڕییەکەم دەربارەی شارستانیەتی پێشینانە. بە شارانەوە گەڕاوم؛ بە بەندەنان هەڵگەڕاوم؛ جێگەی هەوارم زۆر دیون؛ شوێنەواری کەونارام زۆر پشکنیون. هەمیشە بڕوام وا بووە گەورەترین جێی شانازیی بەرەی مرۆ، ئەم شوێنەوارە کەونانەن. ئەم دیوارە ڕووخاوانە، ئەم گابەردە تاشراوانە، هونەرمەندی و دەستڕەنگینیی ئادەمیزادی پێشوومان پێشان دەدەن.

پەرسگای «دیلفی» لە یۆنان - بەو هەموو تەرزی و بەرزییەوە - تووشی سەرسووڕمانی کردم؛ واقم وڕما.

لە ئورووپا: ڕۆم و زۆر شوێنی تر گەڕام؛ عەنتیکەخانەی فرەم دین: کۆشک و تەلاری زۆر لەبار، کلیسای پڕ نەخش و نیگار، بەرهەمی پەیکەرەتاشی، کاشیکاری، عاجباتی ئەندازیاری، چی بە زۆری دڵ و دیدە بەرەو خۆیان ڕادەکێشن. لە ڕۆژهەڵاتی دوورەدەست: لە وێتنام، لە کامبووج، لە چین، زۆر شتی جوان و سەیرم دین. کەژ و چیای زل، زەردوماهـ، لە دەست مرۆڤ نەخەلساوە؛ بە چنگەکرکێ، بە تەشوێ، دایتاشیوە؛ پەرسگای بەرز و بەرین و نەخشێندراو و ڕەنگینی - لە تاشە مەڕمەڕی سەنگین - بۆ خوداکان، بۆ جێنشینی خوداکان لەسەر زەوی - واتا کاهین و مەلاکان - لێ سازداوە.

ئەو شوێنە کەونارایانە بەلامەوە هێژاترین کەلەپوور بوو، کە بۆ مرۆ بەجێ ماوە. ئەوی نەمدیبوو میسر بوو. تامەزرۆ و ئاواتەخواز بووم ئاسەواری فیرعەونەکانیش ببینم. ئەمساڵ هاوین لەو تاسەیەش ڕزگارم بوو. چوومە سەیری ئەهرامە بەناوبانگەکان. لەو دیدارە دەرسێک فێربووم کە هەرگیز لە بیرم نەچێ. لەو ڕۆژەوە تەمی خەیاڵاتی خاوم لەبەر ڕەوی. زۆر بەرزاییم لە بەرچاو نەوی بوونەوە!

شارەزایەکم دەگەڵ بوو تا سەرگوروشتە و چۆنیەتی ئەهرامانم بۆ وەگێڕێ.

بەڵێ، بە ئاغای خۆم بڵێم ئەم ئەهرامە زەلامانە - کە لامانە و حەوت یەکێک لە حەوتەوانە سەیرەکانی ئەم جیهانەن - گۆڕخانەی فیرعەونەکانن. ئەوسای ئەوان خونکار و دەسەڵاتدار بوون، ویستوویانە بە مردووییش جێیان خۆش بێت. گۆڕخانەی وا دامەزرێنن کە با و باران و بوولەرزە و شڵێوە و کڕێوە و تەرزە و گڕەی تاو و لەهی لافاو و بەڵای تری عاسمانی دەڕۆست نەیە بیانتەپێنێ؛ بیانڕمێنێ. ئەوسا مردووی ماڵە گەورە، شا و شاژن و گجوولە نەجیمزادەکان تیاندا بحەسێنەوە. لە مەڵبەندی ئەسوانەوە (ئەو شوێنە وا بەربەستە گەورەکەی لێیە) تا قاهیرە هەزار کیلۆمەتر بیست کەم مەودا، هەشسەد ملیۆن تاشە بەردی سەخت و تەخت و زۆر زەلام، بە شان و پیلی زەلامان ڕاگوێزراوە. ئەو بەردکێشانە کۆیلە بوون. بە زەبری قامچی و بە بێگار خراونە کار. نۆ ئەهرامیان پێ سەر گرتوون؛ شەشیان گچکەن؛ سێشیان ئەهرامی زەلامن؛ کە ناوبانگیان بە ناو دنیادا بڵاوە.

وەک پێم گوتی ئەو نۆیانە نۆ گۆڕخانەن بۆ کەلاکی بە داودەرمان هەنواوی مۆمیایی تێهەڵسواوی شا و شاژن و بەچکەکانیان. هەر دەخمەیەی - کە لە ناو دڵی هەرەمدا بۆتە گۆڕیچەی لاشەیەک - وەتاغێکە لە پێنج پارچە بەردی مەڕمەڕ لێکدراوە. چواریان یەکپارچە دیوارن، یەکی یەک پارچەش لە بانە و بۆتە سەریان.

بۆ ئەوەی باقڵ بزانی ئەم چوار دیوار و سەربانە دەبێ چەند ئەستوور و پان بن، وەرە خۆت بەراوردی کە! چەندین ملیۆن بەردی گەورە، تا دەگاتە سەر ترۆپکی ئەهرامەکە، هەموو قورسی و گرانایی کەوتۆتە سەر ئەم بانیژە و دیوارانە! ئەوا بۆتە پێنج هەزار ساڵ، بەرد لە بەردی نەبزووتووە و چرکە چییە، نەیکردووە.

شارەزا دەمی لێکدەدا وەک قەرسەقول داگیرسابوو! ئەوی دەیگوت نەیدەکوتەوە. منیش هەموو لەشم گوێ بوو.

لە پڕ و نەکاو چاوم کەوت بە چەند کۆما وردە بەردێک لەسەریەک کەڵەکە کراو.

پرسیم ئەو کەڵەکانە چین؟ گوتی: هیچ نین. چەند ڕەهۆڵێکی زۆر قووڵ و دوور و درێژ، بۆ کۆیلە تاشەکێشەکان کۆڵدراون. هەرچی لە بێگاردا مردوون، لەو ڕەهۆڵەدا نێژراون. ئەو کۆبەرد و کەڵەکانە، نیشانەی ئێسک و پروسکی ئەو کۆیلە نەگبەتیانەیە.

- تێت ناگەم بۆمی بڵێوە.

- ئاشکرایە. ماوەی سی ساڵ سی هەزار کۆیلە بە بێگار نیوە برسی، دژوێن، گەمار، ئەو هەموو بەردە گەورانە لە هەزار کیلۆمیترەوە بە شان و پیل بگوێزنەوە، چەندی دەژی؟ چەندی دەمرێ؟ ڕۆژ نەبووە دەیان و سەتان لەو کۆیلانە لە ژێر باری بەردی زل و قامچی و زللەی کاربەدەستانی گرژ و تیژ سەکەت نەبن. بە دەردی «شوارتز» گوتەنی: کۆیلەداری کارێکی کرد کە چەرخ و باری ساز نەبن؛ چونکە کۆیلەداری و بێگار، هیچ خەرجێکی بۆ گیرفانی کابرای زۆردار تێنەدەچوو. کۆیلە دەمرێ، بە توون بە قیر! پەلیان بگرن، ڕایانکێشن؛ فڕێیاندەنە قووڵکەوە! دایانپۆشن بۆگەن نەکەن. دەستەولەجێش، زیندووی زۆر لەوان بەکارتر بکێشنە بەر بێگارە.

- باشە؛ بەڵام سەبەب چییە ئەم قرخنە بێنرخانە لە پەنای شاهان نێژراون؟

- ئەمەش وەرامی هاسانە. ئەهرام گۆڕی فیرعەونانە. ئەو کۆیلانەش - هەر وەک لە ژیندا کۆیلە بوون - بە مردووییش کۆیلە دەبن. لە ڕۆژی زیندووبوونەوەش بە کۆیلەیی ڕاست دەبنەوە. لەو دنیاش گەرەک خزمەتی فیرعەون و خزمانی بکەن! تێگەیشتی؟

- تێگەیشتم؛ بەڵام ئیتر من تۆم ناوێ. خۆم بە تەنیا دەچمە دیاری کەندە گۆڕی ئەو کۆیلانەی کە پاش مەرگیش مافیان بۆ ڕەچاو نەکراوە و تا هەتا، دەبێ کۆیلە بن.

‌لە سەر کەڵەکێک دوژ دامام. بیر و پەژارە دەوری دام. هەیاران! ئەو هەژارانە خزمی خۆمن. دەگەڵ کەونە باپیرانم هاوهەژاری و هاوبێگارین. بەرد و کەڵەکی سەر گۆڕیان ئامۆژگاری و پەندن بۆ من.

کێ دەڵێ هاونەژادم نین؟ کێ دەڵێ هاووڵاتی نین؟ ڕەنگ و وڵات و نەژادیش چەند فێڵێکی دەسبڕانە. بۆ ئێمەیان داهێناوە تا پارچە - پارچەمان کەن و گوردی خۆیانمان لێ بگرن.

سەرلەنوێ ڕوانیمە ئەهرام؛ بەڵام ئەوجار ئەو شکۆ و جەلالەی نەما. ئەمجار ڕقم لێی هەستابوو. نەک لە ئەهرام لە گشت شوێنەواری ماوی شارستانییەتی کەونارا. دیواری چین، هەموو دام و دەزگای سەر ڕووی زەمین. بۆم دەرکەوتن کە هەزارانی لە گوێن خۆم سازیان داوە. هەرکەس لە ئەرکی بێگار و چەوسانەوە کۆڵی داوە گیانی داوە، ئەویش وەک قوڕ لە چینی دیوار خراوە، یان ئاوا ژێر چاڵ کراوە. شارستانی و ئاسەواری پێشینانم هاتە بەرچاو. گوڕە و نووزەی زۆردار و زۆرلێکراوانم هاتە بەر گوێ. هەر لێدان و جنێودان بوو؛ هەر پاڕانەوە و گریان بوو. لەگەڵ کاروانی کۆیلاندا - کە بۆ کار دەیانئاژۆتن - باب و باپیرانی خۆم دین، وێڕای هەموان لە ژێر بێگاردا دەمردن. لە کاتی ئاویلکەدانا - بە حاستەم نووزەیان دەهات - دەیانگوت: چینی زۆرلێکراو لێک جیا نین و هەموو بران.

گەڕامەوە خەمخانەکەم؛ کە ناوی میوانخانە بوو. بۆ کڵۆڵێک لەو هەزاران کڵۆڵانەی - کە نەمناسیون و برامن - نامەم نووسی. ئەمەش دەقی نامەکەیە:

برای بە ناهەق کوژراوم!

تۆ ڕۆیشتی، بەڵام دوای تۆش ئێمەی هەژار، بناغەی شارستانییەتی گەپ و قەبەمان دامەزراند. لە دوای تۆش قامچی بەدەستان لە پەستا ئاسۆگیان دەدا و دەهاتنە ویزەی بێ هێزان. لە دێ، لە شار، کۆ دەکراین؛ و ڕەپێچەک دەدراین؛ جەلە دەکراین؛ شەتەک دراو بۆ کار دەبراین؛ کاری بێگار. بەردی زلیان پێ دەکێشاین؛ وارشیان پێ ڕادەکێشاین. کۆشک و تەلار بۆ زیندووەکان، گۆڕی گوشاد بۆ مردووەکان، بە شان و پیل وەشاندنی ئێمەی گیرۆدەی چارەڕەش دروست کرا. بەڵام کۆشک و قەڵای بەرز و گۆڕخانە عاجباتییەکان - کە دەبوونە جێ حەسانەوەی زۆرداران - کەس ئێمەی وەبیر نەدەهات؛ هونەر، هونەری ئەوان بوو. ئێمەی ڕەنجدەر و خاکەسەر، ناومان لە ناو ناوان نەبوو؛ کارمان لە بەرچاوان نەبوو. کەس بە بیریدا نەدەهات کە ڕەنجی بێوەری ئێمە ئەو دەزگایانەی سازداوە و بەشمان وەژێر لیچ دراوە. بە دەردی کوردە گوتەنی: «کاڵە دڕاو چی پێ نەبڕاوە».

بەڵێ برا گیان! لە دوای تۆ - جگە لە کاری بێگاریش - قوڵەچۆماخی زۆرداران، ئێمەیان لە لادێ و شاران، کۆکردەوە؛ چەکیان پێداین؛ ناویان تێداین؛ بە شات و شوت و فریودان ناردیانینە شەڕی دوژمن.

‌- کام دوژمن؟

- دوژمنی خۆیان. ئێمە خۆ بە کوشت دەین بۆیان.

- کێ بکوژین؟

- ئەوانەی قەت نەماندیون.

- بە دەستی کێ بە کوشت بچین؟

- ئەوانەی نەیانناسیوین.

- کێ دەبوو یەکتر بکوژن؟

- ئەوانەی وەکوو خۆت و خۆم، بێ دەسەڵات و هەژارن.

- ئەم کوشت و کوشتارە بۆچی؟ ئەم هات و هاوارە بۆ کێ؟

- بۆ وانەی زل و زۆردارن؛ دانیشتووی کۆشک و تەلارن؛ لە سایەی ئێمە بێکارن!

- شەڕ لە سەر چی؟

- لە سەر ئەوە ئێمەی کۆیلە دەس بە دەس بین «شەڕ لەسەر لێفەی مەلایە!» زۆرداری کام لا سەرکەوت، تاڵانی ژێرکەوتوو بەرێ. ئێمەش ماڵی تاڵانی بین. خاوەن زۆرێک بێتە جێگای مفتەخۆرێک. بێگاری ئەو بۆ ئەم بکەین. بەرباری هەر بەرباری بێ؛ پاڵانەکەمان بگۆڕێ.

کاورایە زانا وتوویە: «ئەوانەی یەکتر دەناسن نایەن یەکتری بکوژن؛ ئەوانی یەکتر دەکوژن ئەوەن کە یەکتر ناناسن!».

دەچووینە شەڕ دەیانکوشتین؛ دەمانکوشتن. باوک و دایکی زەمینگیر و لەکارکەوتەی لە کۆختەدا بەجێ ماومان، چاوەچاو بوون بچینەوە؛ زەوی و زار داچێنینەوە؛ ئاوەدانی بێخودانی سووتێندراوی تێکدراویان سەرلەنوێ ئاوا کەینەوە. بەڵان هەیهات... لە سەد ئاوات یەکێکی نەدەهاتە دی.

- کێ دەکوژرا؟

- بێ کێل و ناو، لەو چۆڵ و هۆڵە دەنێژرا. یان لاشەکەی بۆگەن دەبوو؛ کەسیش نەبوو ڕەحمەتێکی بۆ بنێرێ. فرمێسک و ئاخ بەشی دایکی زگ سووتاو و خوشکی برا نەماومان بوو.

ئەگەر دەشکاین ئاوڕووچوو بووین؛ کوندەبوو بووین؛ بەر تف و نەعلەت دەکەوتین. خۆ ئەگەر سەریش دەکەوتین، شانازی بۆ سەرکردە بوو. نیشانی قارەمانەتی بۆ تیمسار بوو؛ بۆ سەردار بوو؛ بۆ کابرای خاوەن بێگار بوو. ئەوی لە کوولەکەی تەڕیش نەبا، ناوی هەژاری بەکار بوو.

برای فیرعەونان گازەکەم!

ئەو فیرعەونەی تۆ دەتناسین هیچیان نەمان. دنیا گۆڕا. بە گفتی وریا و پیتۆڵان عادەمیزاد پێشڕەفتی کرد. بەردکێشانی نێوان قاهیرە و ئەسوانیان بە هیچ دانا. گوتیان لەش هیچ کارە نییە. هەر گیان شەرتە. گیانت پاک بێ، کارت چاکە. ئەشێ گیانمان پەروەردە کەین. خوا بناسین؛ بیپەرستین. بۆ خواناسی و پەرستین دەبێ لەش فێرە کاران هەستن؛ هیچ نەوەستن. پەرستشگایان دروستکەن. شوێنی وا بن، شایانی شانی خودا بن.

ئەگەر جاران - ئێمە کۆمەڵی هەژاران - بە ناوی فیرعەونانەوە ئەرکی بێگارمان دەکێشا، بەرد و کەستەکمان دەکێشا، ئەمجارە بە ناوی خودا خراینە بەر بێگارەوە. دیسان بەزۆر ناچار کراین گابەردی زل بە شان و ملان ڕاگوێزین. ئەگەر تینووین، ئەگەر نێزین، ئەگەر وەستاو و بێ هێزین، گلە نەکەین؛ ورتەمان لە دەم دەرنەیە. گازندە لە کاری خودا ناڕەوایە و زیانی دین و دنیایە. کۆشک و سەرسەرای چەند نهۆم، بە ڕەنجی شانی خۆت و خۆم، سەریان گیرا. بەردی گەورەی سپی و کەوە و سوور و زەردی پەرسگایان لە هەشتسەد و مەشسەد ملیۆنی تێپەڕاند؛ کاری لە ژمارەدا نەما. هەزاران ئەهرام دامەزران؛ بەڵام ناویان ئەهرام نەبوو ناویان نرا مەعبەد، هەیکەل، پەرستشگا، گونبەز و قسنی تەرز و قۆز بۆ چاک و پیرانی پیرۆز.

مەسەل دەڵێ: «بە کەریان گوت: مژدەت لێ بێ کوڕت بووە! گوتی: بارەکەم هەر بارە». چەندین چەرخ لەو دەردەشدا تلاینەوە؛ بێوچان دەچەوساینەوە. بەڵام لە ناو بەردکێشانا، لە جەنگەی ناوشان ئێشانا، سەرکاران بۆ ناو تێدانمان وایان بە گوێماندا دادابوو: ئەو خودایەی کە ئێمە خانووی بۆ دەکەین و بۆخۆی لە ژووری عاسمانە، فریاڕەسی بێچارانە؛ دەرمانی دەردەدارانە و دە هانای زۆرلێکراوان دێت. لەباتی مزی ڕۆژانە، لە وچانی شەوانەدا و بەر لە کاری بەیانانمان، چاومان دەبڕییە عاسمان و لە بەر خوا دەپاڕاینەوە: خوایە! بارمان زۆر گرانە؛ هەڵینەگری. مناڵمان لە برسان دەگری. بەرچاومان تاریکستانە. ڕووناکییەکمان نیشان دە.

لە لای هەیکەل و مزگەوت دەنگ داکەوت: مزگێنی لە لانەوازان! خوا پیاوی دڵپاک و چازانی ڕاسپاردوون؛ پێی سپاردوون لاگیری لێ قەوماوان بن. خۆشی - خۆشیمان تێکەوت. بزەی کاڵی هومێدی تاڵ، قانەقدیلەی لێوی داین. چاوی پڕووش و بڕاومان بۆ ئاسۆی دووری دەڕوانی. زۆری نەبرد پێمان زانی کە پیاوانی عاسمانی لە سەر زەوی دەخولێنەوە. چونکە ڕاسپاردەی خواشن ناویان لێ ناون پێغەمبەر.

زەردەشت، مانی، بوودا، کونفشیووس، فڵان، فیستار، بە ڕواڵەتی بۆ چارەسەری ئێمەی چارەڕەش دەکۆشن. سەرچاوان هاتن بەخێربێن.

هاتن چییان کرد؟ سوێندەکە بە برایەتیمان هەر لووتیان پێدا نەهێناین. هەژار و لێ قەوماوی چی؟ «ڕبە و گەزی چی و جاوی چی؟» دوای دڵدانەوە و قسەی خۆش، گفت و بەڵێنی واڵا و بۆش، دەستووری بێگاریان ئەدا و ڕێگەی کۆشکی زۆردارانیان ئەگرتە بەر!

کۆنفشیووس ئەو پیاوی زانا، هەزار وتەی جوانی ڕانا. ئێمەی کردە هۆگری خۆی؛ کەچی بۆخۆی، خۆی کردە پیاوی دەربار و لە تەلار پاڵی دایەوە. دەگەڵ شا و شازادەکاندا دەچووە نێچیر. ئێمەی زویر و بێ پیری هەر لە بیر نەما!

بوودا نەجیمزادە و شازادە بوو؛ تەرکە دنیا و ئازادە بوو. دەستی لە ژیانی خۆش بەردا؛ خڵتەی زوڵمی لە سەر دەردا؛ پەند و ئامۆژگاری باشی کردین. پاشان چی کرد؟ بۆ نیروانا دۆزینەوە، بێ هەست خۆی لێ دزینەوە و بەجێی هێشتین. سەرئەنجامی هاتنەکەی چی؟ هەزاران خودابەردینە، هەزاران هەیکەل و مەعبەد، سەدهەزاران لاما و کاهین، بە ڕەنجی شان و پیلی مە ساز دراون؛ تێر کراون؛ هەرواش ماون و هیچ کاتیش دوابڕاو نابن!

زەردەشت لە ڕەخ گۆلی ورمێ هەستا؛ نامەی ئازادی لە دەستا. بەڵام هێندە ڕانەوەستا بە دەرد و مەرگمان ڕابگا. باری لارمان ڕاست کاتەوە؛ تۆزێک بە سەرمان کاتەوە. بە پەلەپەل شەقامی بەڵخی گرتەبەر. لە دەرباری گوشتاسبدا پاڵی داوە و ڕووی نەکردەوە ئەم ناوە. دەزانی چی بۆ جێهێشتین؟ بێگار، بێگار. ئاتەشکەدە درووست کردن؛ دار و ئاوردوو بۆ بردن، هەتا مردن. میزی گای زەرد و ئەسپەندەر، بێگاری لە ڕادەبەدەر. ئەمە بێجگە لە باج و خاوە ساندنیان. نان و بەرگی موغ و موبید و موغبەچە و هەزار جۆرە لق و وەچە، کەوتە سەرمان. زۆردار، گۆشتن و قەڵەو بوون نزار هەر کز و لەجەر مان.

مانی پەیدا بوو؛ هەتا بوو، باسی تاریکی و ڕوونی کرد. لە تاریکایی ترساندین. چۆڵەچرای بۆ داگیرساندین. گوتمان ئۆخەی بە خوا چا بوو تاری و خەممان لە بەر ڕەوی و زوڵم تارا لە سەر زەوی و ڕووناکییەکمان بۆ پەیدا بوو.

با بزانین مام ڕووناک چی کرد؟

باس و خواسی ڕووناکی بە ئەسپایی وەک تۆمارێ بە قاقەزێک پێچایەوە کردیە دیاری بۆ شاپوور شاکەی خونکاری. کرا بە ئامپیاڵەی زۆردار. لە کاتی گەمە و یاریدا، لە جێژنی تاجگوزاریدا، دیوان ڕازێنەوەی شا بوو. لە جەنگ، لە ڕاو، بۆ شەڕ و گەڕ لە تەکیا بوو. لە سەرەندیب و بەڵخ و هیند بەکوشتی داین هەتا شکاین. ئەوسا فەرمووی: هەرکێ لە شەڕ ژێر دەکەوێ و لە بەر دوژمنان دەڕەوێ، تۆرەمەی تاریکستانە. کێش زۆر پیاوکوژ و ئازایە و لە تێبەردان سەردەکەوێ، لە ڕووناکایی گووراوە و پاڵی داوە بە خوداوە.

ئەی هەناسەسارد هەر خۆمان! ئێمەی زەبوون و بارکەوتوو - کە هەمیشە تێشکاوین - ئەگەر لە کار خەلەساوین، لە شەڕە شادا کوژراوین. واتا لە ڕەشی خوڵقاوین و ناشێ هەر بیر لە ڕووناکی بکەینەوە.

برای لە بێگاردا مردووم!

ئەگەر تۆ لە ژێر بێگاری فیرعەونێک و دوواندا مردی، ئێمەی خزمت لە خزمەت هەزاران فیرعەونی تازەکڵدا چەوساینەوە؛ چەماینەوە؛ لە بەردکێشان پشت جدەو بووین؛ بێ برەو بووین. خونکاران، سەتان، هەژاران بە ناوی خوا، بە ناوی دین، لە فەلەستین، لە هیند، لە چین، چین - چین عارەقیان پێ ڕشتین؛ لە ژێر بێگاریاندا کوشتین. بەهرەی ڕەنجی ئێمەیان خوارد؛ خۆشیان ڕابوارد. خۆشیان تەواو لە ئێمە بوارد.

هەزاران ساڵ ئێمەی ڕۆڵەی تاریکایی لە باریکایی پساوین. هەرتاوە لەم لاو لەو لاوە، گزیکار سەریان هەڵداوە. بە وردی تێیان ڕوانیوین؛ بە بەستەزمانیان زانیوین، دیویانە کەوی کوڵیوین بۆ نەمانخۆن؟

هاتوون خۆیان لێ گۆڕیوین. بەرگی فشوفۆڵ و هەراو، کوڵکە و ڕیشی شانەکراو، بە زریزە و چەند لیزگە مووروو، لێمان پەڕیونە لای ژووروو. ورتە و سرتەی - کە ئێمەی سادە تێنەگەین - لەبەر خۆیان ورتاندووە. گێژ بووین، گێژتریشیان کردووین. پیکی زوڕنای پێشینەکانیان گۆڕیوە. بە نەزمی تازە داهاتگ، دە بلوێریان تووڕاندووە.

چۆنی خۆیان گەرەکیانە، ئێمەیان هەڵپەڕاندووە. هەتا بە خۆمان زانیوە، تۆڕێکیان بە سەردا داوین؛ ڕاو کراوین؛ زۆر بە هاسانی گیراوین. لە بەر دەستیان بێ چرپە و هەست تا مردووین و لە کار کەوتووین، هەر خوراوین و چەوساوین. جاروبارەش ئەو ڕاوکەرە فێڵبازانە بەنازانە، لە سەر خواردنی نێچیران تێک گیراون. لێبڕاون ڕاوکەر، ڕاوکەر ببڕێتەوە و لە هەژار کڕووسانەوە، بە تەنیا بمێنێتەوە. دەستیان لە کار پێ بەرداوین. دەنگ دراوین بچینە شەڕ. شەڕی من خۆر دەگەڵ من خۆر. شەڕیش بە ناوی خەزاوە. خەزا لە ڕای بت، لە ڕای دین؛ بۆ بڵێسە خۆش کردنی ئاتەشکەدە. ئێمەی کارگەر، ئێمەی وەرزێر، ئێمەی سەرچاوەی خێر و بێر - چاری ناچار - ئەبێ بە هەوای شەڕخوازان خوێنی یەکتری بڕێژین.

ئارێ برا! با بۆت بێژم چۆن ڕابرا.

پاش چوونی تۆش بە هەزاران دێر و مەعبەد وەک ئەهرامەکان و پتریش بە بێگاری ئێمەی هەژار سەری گیرا. نان و خوانی سەد هەزاران لە بێکارانی گزیکار، ئێمە دامان. سەرباری کار، خوێن و گۆشتی خۆشمانیان پێ ڕەوا نەدین. کوڕمان، کیژمان، دەکران بە قوربانی بتان. سەریان لە سەر سەکۆی مەعبەد و مەزبەح ژێ دەکرا؛ خوێنیان دەڕژا. دەیانگوت خوا تامەزرۆی خوێنی هەژارە!

برای لە خاکا ڕزاوم!

ئەگەر ئێستا بژیتەوە و لە بن بەردان وەدەرکەوی، کاروانی خوێناویی ئێمەی خزم و هاوکارانت بێتە بەرچاو، یان گوێ لە چیرۆکمان بگری، بۆمان دەگری؛ دادەمێنی؛ ڕادەمێنی. تێدەگەی کە ئێمەی پاش تۆ هەزار هێندەی کۆیلە و بەندەی فیرعەونەکان چەوسێنراوین؛ ڕەتێنراوین و بێ سووچ و تاوان کوژراوین. ئێمە سەرباری فیرعەون و قاڕوونانی زەمانەمان، قوڵە کوێخای خوداکانیش خواردوویانین. سێ بەش لە پێنج بەشی ئێران - ئاوی و بەژ و دەشت و کەژی - ببووە موڵکی موبید و موغ و ئاورگ و ئاورخۆشکەران. بە ناوی ئاهوورەموزدا، بە ناوی خوای تاریکی و ڕووناکایی، ئێمەی نەگبەت - خۆتاسایی - ڕووناکیمان بە چاو نەدیت. تا مردن بێگارمان دەکرد. کێشمان لە ژێر ئەرکا دەمرد، دەخرایە ناو بۆدڕێکەوە. بە یەکی زیندووی بەکارتر جێگەیان پڕ دەکردەوە.

چوار لە پێنج بەشی ئورووپا، پاپ و کەشە و کاردیناڵ و ئەسقەف و شەماس و فرێر بە ناوی یەسووع و ماری بڕیان دابوو؛ موڵکی خوا بوو. لە ناو خۆیان بەش کرابوو. بەشخوراو ئێمەی هەژار بووین. ئێمەی کرێکار و جووتیار، ڕووت و نەدار، ئەوە هیچ کە بەشمان نەبوو، زاتی ئەوەندەشمان نەبوو بەش داواکەین.

هەر لە بێشکەوە هەتا گۆڕ، گوێمان پڕ بوو لە باسی ژیلەمۆ و ئاگر، ئاگری دۆزەق؛ چزووی دووپشکی کلک پان و مار پێوەدان. دەگەڵ سەتان قسەی نەستەق و ڕەق و تەق، هەرچی دەکرێ کاری خوایە. خوا لای وایە بۆ بۆرەپیاگ وا خاسترە لە گەشە و خۆشی بێبەش بێ؛ چارەڕەش بێ. نان و ئاو و جلک و پێڵاو بۆ کوێخای خوا و نەجیمزادان بەرهەم بێنێ و بە بەشی بێبەشییەکەی خۆی قنیات بکا و بساچێنێ؛ نەبۆڵێنێ. پیاوانی هەڵبژاردەی خوا نەتۆرێنێ و دین و ئیمان نەدۆڕێنێ.

تەنانەت بۆ نەگبەتیمان ئەوەی وەچەی هەژاریش بوون، کاتێ دەبوونە خوێندەوار و زانا و بەکار، لە خۆمان دەتەکانەوە؛ تەکیان ئەدا بە تەکی زۆردارانەوە و هۆرە دەبوون لە قەڵشینمان.

زانا و دانای وەک ئەرەستوو، گەلێک زانای تریش وەک ئەو، بنیادەمیان بە چەندین چین دابەش دەکرد. گوایە خودا دەستەیەکی بۆ پاتشایی، کۆمەڵێکی بۆ زانایی، ڕەوەیەکی بۆ کوێخایی قوڕ شێلاوە و خڕی داوە. زۆربەی زۆریش - کە ڕەمەکی و حەشاماتن - بۆیەی کردوون، خزمەت بەو سێ جونە بکەن. ئەگەر ئەو زۆربە بەربارە نرکە بکا و لە ڕەنجدان خۆ بدزێتەوە، پیس و بێفەڕ و دزێوە و لە بەزەیی خودا بێ بەشە.

کارمان گەیشتە ڕادەیەک وا بیر بەرین خواش دژی هەژارانە و لاگیری خاوەن زۆرانە و دەستی دەگەڵ گەلخۆرانە.

لە ناو جەغزی ناهومێدی خولمان دەدا؛ تلمان دەدا. ئاواتەخوازی و هومێدی ڕزگاریمان، جار لە دووی جار، وەک بەفری پار دەتوایەوە. کەچی لە پڕ و نەکاوێک گوێچکەمان زرینگایەوە، قاو داکەوت: مژدە لە بێدەسەڵاتان! پێغەمبەرێک لە شارێکی پڕ لە بت و بتخانەوە پەیدا بووە؛ دەڵێ خوا منی ناردووە دە هانای لێقەوماوان بێم، با بچینە لای.

ئێمەی ژێردەست، ئێمەی بێدەست، سەری زمانی خۆمان گەست. هەیاران! ئەو پێغەمبەرەش - وەک ئەوانەی جاری جاران - نەکا فێڵباز و پیاوخۆر بێ. بە ناوی خوا ئێمە بخوا و لەباتی ڕزگار کردنمان، تۆق و زنجیرێکی تازە بخاتە مل و گەردنمان.

گوتمان: ئەم پیاگ خاسە نوێیە، خەڵکی کوێیە؟ شازادەیە؟ بەگزادەیە؟ چکارەیە؟ ئاخۆ بە کێمان دەفرۆشێ؟ کام بێگارمان لێ زیاد ئەکا؟ ئەمجارە کێ دەماندۆشێ؟

گوتیان: نەخێر! ئەم پیاوە پیاوێکی ترە. لە بنیچەی هەژارانە. بە سێویەتی هاتۆتە ئەم جیهانەوە. زۆربەی ژیانی - بە نۆجوانی - بە شوانی گوزەراندووە؛ ئاژەڵی لەوەڕاندووە. خۆی هەژارە، کرێکارە، لە دەردی مە ئاگادارە. خوا هەر بۆیەی ناردووە بە چارەڕەشان بچارێ!

- قسەی چییە؟

- قسەکەی قسەی خۆی نییە؛ قسەی خوایە. دەڵێ خوا ڕایسپاردووم پێتان بڵێم: باوی پیاوی زێڕدار و زۆردار بەسەرچوو. ڕۆژ، ڕۆژی چەوسێنراوانە. بێگار و کڕووسینەوەی بێ دەرەتانان تاوانە. زل و قرخن، خەپە و ورگن، ڕەش و سپی و بۆر و چڵکن، کەس لە کەس گەورەتر نییە. هەموو لە کن خوا وەک یەکن. سەرزەوینی پان و بەرین، بە کەلەپوور بۆ ئەوانە جێدەمێنێ کە پیاوچاکن و پێی دەچارێن. لە ڕۆژی زیندووبوونەوە بە کەس ناڵێن تۆ کوڕی کێی؟ لە کام تیرەی؟ نەجیمزادەی یان بۆرەپیاگ؟ هەر کردەوە دێتە حەساو. تۆڵەی کۆڵە لە شاخدار دەسێنرێتەوە؛ پۆڵای زۆرداری نالەبار بە هاڵاوی سزای خوا دەتوێنرێتەوە.

گوتمان: قسە چی تێ ناچێ؛ بیبینین و ئاکار و کردەوەکانی هەڵسەنگێنین. چووین و دیمان: بنیادەمە خۆمانەیەک، خانووەکەی کۆختەی قوڕینە، بە مۆرە و چینە و هەڵاشە، لە ماڵی کەس جوانتر و گرانتر نییە. بێ باوەشێن لەو گەرمایە، ڕایەخی گەڵای خورمایە. بێ تەنتەنە و بێ سەنسەنە و بێ خزمەتکار، بۆخۆی کاری خۆی پێک دێنێ.

دیمان وتار و کرداری بەرانبەرن. بیلال کۆیلەیەکی خەڵکی حەبەشە و برش و ڕەش، لە جەرگەی یارانی ئەودا پایەبەرز و خاوەن بەش بوو. سەلمان ناوێکی ئێرانی، کۆنە کۆیلێکی دەربەدەر، کرابووە خزمی پێغەمبەر و زۆر لەسەر بوو. ئەبوزەرێکی غیفاری پێخواس، بێکراس و کەس نەناس و چادرنشین، ببووە یاری خۆشەویستی. سەتان و هەزارانی وا (لە هەژاران و بێناوان) خرابوونە ڕیزی پیاوان و ببوونە نازداری باوان. باوەڕمان هات کە ئەو پیاوە لە لای خواوە بۆ چاری دەردی هەژاران ناردراوە و جگە لەو، کەس چارمان ناکا.

لە موبیدان، لە خونکارانی ساسانی تەکیمەوە. بە سینەی باز خۆم هاویشتە بەر داڵدەی ئەو دینە نوێیە. لەگەڵ ئاپۆرەی ڕەنجدەر و خاکەسەر و ڕەش و ڕووت و قول و کۆیلە و دەربەدەران - لە ژێر ئاڵای ئیسلامەتی - حەسامەوە. برایەتی و بەرانبەری بەرەی مرۆ - لە سایەی دینی تازەوە - تازە لای کرد بە لامەوە. گوتم ئۆخەی ئاواتی هەژاران پێکهات؛ کارمان ڕێک هات. بەڵام داخ و هەزاران ئاخ، هەر لە دوای وەی مانگی گەشی ڕۆژی ژینی ئەو هەژارپەروەرە گەورە سایەچەورە لەو دیو ئاسۆی کۆچی ڕواڵەتی پەنای گرت، وردە - وردە و بەرە - بەرە کەوتینەوە ناو تاریکی و لەجەری و ناوقەد باریکی و چووینەوە سەر دەقی پێشوو: ئەرک و بێگاریی بێتێشوو.

برای لە ناخی ئاخاش بە داخم!

ئەگەر بۆرەی دەورانی کەونارا چووبوون، بازەی تازە بە ناوی دین و دینداری، ڕێ و شوێنی کەونیان ڕەچاو کرد. تیر لە کەوان، شیر هەڵکشاو بە دەشت و دەرا بڵاو بوون. لە پاش کوشتاری خوێناوی، هەست و نست و پوخت و خاویان بە تاڵان برد. ژن و کیژ و پیاو و لاوی نەکوژراویان کردە یەخسیر. مل بە زنجیر، بە ڕاکێشان دایە پێش و لە باژێران بە غەریبی فرۆشتیانین. بووینە دیاری دەستی کوێخا بۆ سەرداران. بووینە ئاژەڵی ئاڵوگۆڕ بۆ فرۆشیار و کڕیاران.

مێ دەخرانە حەڕەمخانە و نێر دەکرانە زەحمەتکێشی بەخۆڕایی. ناویشیان لەو کارە نابوو، عەداڵەتخوایی خودایی.

کاکۆ! ئەگەر تۆ فیرعەونێکت دیت، بێگاری فیرعەونێکت کرد، ئێمە هەزاران فیرعەون بە ناوی خەلیفەی خودا، خەلیفەی پێغەمبەرەکەی، خەلیفەی خەلیفەکانی - ئاوی ئاوی کەروێشکەکە! - هاتنە سەرمان. بە زەبری شیر دیسان خراینەوە بەر نیر. ڕەنجی ساڵمان بە ناوی سەرانە و زەکات، بە ناوی خێر و حەسەنات کۆ کرایەوە. بۆخۆشمان لە گوند، لە مەزرا ئارەق ڕشتن؛ لە ژێر بێگاردا خۆکوشتنمان بۆ مایەوە.

چینی هەژار، چینی نزار دەم لە پووش و هەناسەسارد بە دەردەوە دەتلایەوە و کەس ئاوڕی لێ نەدایەوە.

برام! دڵت هەر بە خۆت نەسووتێ. ئێمە گەلێک لە تۆ پتر دەردمان کێشا؛ بەردمان کێشا. کۆشکی کەسک، مزگەوتی شین، بورجی سپی و سووری سەنگین و ڕەنگین و چەندین چین لە شام و بەغدا و قاهیرە و ئەندەلەس و مەڵبەندی زۆر و زەبەندەی سەد ئەوەندە بە شان و پیلی کڵۆڵان بە ناوی خواستی خوداوە هەڵچنان و سەریان گیرا.

دیسان - وەکوو مەڕی بێشوان - لە بیابانی سەرگەردانیدا مامەوە؛ خولامەوە؛ چەوسامەوە؛ دەرەتانم بەدی نەکرد.

بۆ کوێ بچم؟ ڕوو لە کوێ کەم؟ بچمەوە لای موغ و موبید؟ مار هەر مارە. ئەوانیش دەمڕووتێننەوە؛ ئەوانیش بە ناوی یەزدان دەمخۆن؛ دەمکڕووسێننەوە. بچمە بەر داڵدەی ئەوانەی دەڵێن ئێران لە داگیرکەر ڕزگار دەکەین؟ جا بە من چی؟ پێشینانمان گوتوویانە: «بۆ بێهێزی دەستەوستان گەرمێن و کوێستان هەر یەکە». ئەوانیش نەوە و نەتیجەی ئەو گورگانەن کە هەزار ساڵ ئێمەیان خوارد؛ لە مافی ئێمە خۆیان بوارد. گەرەکیانە چنگاڵی هەڵکڕووزاویان، پەڕوپۆی هەڵپڕووزاویان، بە شەڵتەی گۆشت و خوێنی مە، دووبارە ببووژێتەوە. چڕنووکیان درێژ بێتەوە؛ تووک هەڵەسوون بێنێتەوە. بشیشێنەوە جەستەی گەل! گەلی هەژار بچتەوە بەر بار و بێگار. بۆ من ئەگەر ڕەمەزانە و شەشەکانە، بەشم هەر ژەم و نیوانە. ئەگەر گورگە، ئەگەر سوارە، یەکە بۆ بەرخی بێچارە. ئەگەر من هەر بێگار بکەم، فەرقی چییە بۆ مزگەوت یان بۆ ئاورگە کار بکەم؟

زۆرکەس لە پاش پێغەمبەریش بە ناوی ئیسلامەتییەوە بە قسەی خۆیان بۆیە هاتوون ئەوی پێغەمبەر بە نیاز بوو بۆ داماوانی دەکار کا و دەردی دەردەداران چار کا، ئەمانە نەیپسێننەوە و هەتا سەر لە سەری بڕۆن و بە ناوی ئەو ئێمە نەخۆن. کەچی لە چارەڕەشیمان لە هەزار یەکیان ڕاست نەبوون و لەگەڵ هەژاران خاس نەبوون. تاکە - تاکەیەک هەڵکەوتوون کە بە گیان و دڵ لێ بڕاون لایەنگیری هەژار و لێقەوماوان و دژی زۆرداری و تاوان بن. بەڵام سەد حەیف و مخابن، ئەوانەی بۆ ئێمە چا بن لە بەرانبەر بەرەی گەلخۆر و زۆرداران - کە بەهێز و فێڵەزانن - بە هیچ ئاوایەک ناتوانن بە ئاواتی پیرۆز بگەن؛ هەژارخۆر لە ناویان دەبەن. بۆ نموونە یەک لەو پیاوە دڵپاکە هەرەچاکانەی بۆ تیرەی داماوان ژیاوە و لێ بڕاوە لە چنگ گورگانمان

خەلاس کا و سەر و ماڵی خۆی و مناڵی بۆ ڕەزای خوا و ڕزگاری ئێمە داناوە، عەلی بووە.

- عەلی کێ بوو؟

خزم و کەس و زاوا و یاری پێغەمبەر بوو، لە ئازایی و زاناییدا بلیمەت و بێوێنە بوو. بەو هونەر و جەوهەرەوە - وەک من، وەک تۆ - ئەرکدەر و کارگەر بوو. عەلی لە سوقڕات ژیرتر بوو؛ بەبیرتر بوو. بەڵام بەرهەمی بیرەکەی نە وەک سوقڕات بۆ چینی هەڵبژاردە بوو؛ بۆ ئازادی و ڕزگاری ئێمەی کزی بارکەوتە بوو. لە وتاردان «دیموستنس» تای نەدەکرد. بەڵام وەکوو دیموستنس من - من و خۆم - خۆمی نەبوو؛ خۆی هیچ کاتێک لەبیر نەبوو. هەرچی دەیگوت بۆ ئێمە بوو. لە «بوسوئە» دەمڕاست و دەمپاراوتر بوو؛ بەڵام وەک ئەو لە دەرباری «لوئی» خۆی نەکردبووە سەربار و بە خونکاری هەڵنەدەگوت. دەهاتە دەر؛ لە ناو چینی دەربەدەر و خاکەسەردا قسەی دەکرد؛ ئاوڕووی فێڵبازانی دەبرد.

مێژوو دەڵێ: «سپارتاکووس» بۆ ڕزگاری قولەڕەشەکان جەنگاوە. بەڵام عەلی بۆ هەموو بەشخوراوانی دنیای فراوان کۆشاوە. لە سەر مافی لە دەسچووی هی وەک من و تۆ، لە ڕووی زۆرداری داگیرکەر ڕاپەڕیوە؛ شیری لە کالان کێشاوە؛ دەگەڵ نەیاران جەنگاوە.

عەلی وێژەر و وێژەوانێکی سەرتۆپی دەورانی خۆی بوو. بەڵام نەک وەکوو فیردەوسی کە لە ناو شێست هەزار دێڕدا تاکە جارێک دەربارەی هەژارێک بدوێ: کوتک وەشێن شۆڕش بکا و سەری زۆرداری حەزیا و مار پان کاتەوە و لا لە هەژارانی خزمی بکاتەوە. بەڵام مامۆستای چڵکاوخۆر ئەو کارە پیاوانەی کاوەش بە نیوەچڵ بە جێ دێڵێ و مەگیرانی بە بەچکەزۆرداران دەکا. کاری کاوەی ڕند و پەسەن بە فەرەیدوونی ناڕەسەن - کە لە بنەماڵەی گورگانە - تەواو دەکا.

شێعری عەلی، وتاری جوان و ڕەنگینی، وەک لافاوێک پووش و ئاوماڵکی خەمگینی لە چەوساوە و لێقەوماوان ڕادەماڵێ؛ بەرگی دزی و گزیکاری لە بەر گورگانی خوری پۆش دادەماڵێ.

عەلی کە دەڵێم زانا بوو، وا تێنەگەی وەک کاهینانی دەورانی فیرعەونەکان یان وەک مەلا و شێخ و موجتەهیدانی ئێستا بوو: بە نازەوە، بە جلوبەرگی تازەوە، پتەو، قەڵەو، لە پاڵەوپشت پاڵ داتەوە، هەر بیر لە زێڕ و زێوی زۆر، لە چێشت و لە نان و پێخۆر بکاتەوە؛ جگە لە خۆی و لە کوڕ و خزمانی خۆی، بیر لە هیچ شت نەکاتەوە. ئێمەی باجدەر و ڕەنجبەریش لە بیرە خۆی بباتەوە. عەلی بە برینی شیرەوە خەڵتانی خوێن، نوێنی لە بۆریا، لە کوێن. کە دەبیستێ ژنە جوولەکێکی هەژار زوڵم و ناهەقی لێ کراوە، هاوار دەکا ئای لەم شەرمە ناڕەوایە! پیاو ئەگەر لە حەیفان بمرێ، کەس نابێ سەرکۆنەی بکا.

عەلی لە ناو چینی نەدار هەڵکەوتبوو؛ زانا، وشیار، ئازا، بەکار، دەست و دڵپاک و ئاکارچاک، لە ڕێی بژیودا خەباتکار.

بەڵێ زۆر زانا و دانا بوو؛ بەلام نەک وەک ئەو زانا ناسراوانەی کە من و تۆ ناسیومانن و دەیانناسین: زانان بەڵام هیچ کارێکیان لە دەس نایە؛ دەس بە کارن بەڵام لە باری نازانن. ئەگەر زانا و بەکاریش بن، پیاوی شمشێر وەشاندن نین. ئەگەر زانا و دەست بەکار و ئازای شەڕن، دەست و دڵ و داوێن پاک نین. ئەگەر دەڵێن خواپەرستین، خواشیان دەوێ خورماشیان دەوێ؛ ئەوەش هەرگیز ڕێک ناکەوێ. عەلی بەو هەموو جەوهەر و هونەرەوە - کە لە هەموو لایەکەوە خۆی تاکەسوارەی مەیدان بوو - خواپەرستی بەڕاستی بوو. جگە لە خوا و جگە لە هەژارانی لێقەوماو - کە خزمەتیان ڕەزای خوایە - بیری لە هیچ نەکردەوە. بەرگی جەنگی لە ڕێگەی خودا پۆشیوە و لە سەر هەقی ئێمەی هەژار شەربەتی مەرگی نۆشیوە.

عەلی خەباتکار و پاڵە، ڕەنجی ئەدا، بەهرەی ڕەنجی بۆ یارانی هەژاری بوو. کەرێزکەنە، پاچ و قوڵنگ دەوەشێنێ، ئاو دەردێنێ. خزم و کەس لە خۆشیان دەتریقێنەوە. بەڵام عەلی مەودا نادا ئەو دڵخۆشییە هەتا سەر بێت؛ دەڵێ مژدە بۆ خزم و کەس و کاری من کە لەم ئاوە تنۆکێکیان بەرناکەوێ. ئاوی ژێر زەوی مەدینە بۆ ئەو تینووە بێتینانەس کە دەستکورت و بەلەنگازن و ئاوخوازن و توانای ئاوکڕینیان نییە.

باخەوانە، لە کاتێکا کە خێزانە بەڕێزەکەی - کیژی ڕاسپاردەکەی خودا - لە ناو جێگەدا کەوتووە و خەریکی ئاویلکەدانە، عەلی لە ناو خورماجاڕی بەرەی نەججاڕ، چنگ خۆڵاوی، لەش تۆزاوی، بنکۆڵ دەکا، ئاو دەدێرێ؛ وشکەڵان هەڵدەپەرتێوێ؛ دڕک و داڵان بژار دەکا؛ بۆ بژیوی خۆی کار دەکا. بەڵام ناهێڵن کار بکا و خەم لە سەر هەژار تار بکا. بەرەی کۆشک و تەلارسازان، ڕەوەی دەسبڕ و فێڵبازان، دەیانزانی تا عەلی بێ، بۆیان نالوێ بە ڕاشکاوی ئەسپی چاوچنۆکی تاو دەن، هاتن چییان کرد؟

- بە ناوی قورعان و ئایین - بە فتوای خودافرۆشان - حەشاماتیان لێ خرۆشاند و بە گژیدا چوون. کاتێ دیتیان بەرەی هەژارانی عەلی زۆریان دەبا، کەوتنە باری گزیکاری. قوڕعان بە سەر ڕمبانەوە بۆ تکا هاتنە مەیدانەوە. موسوڵمانی ساویلکەی لاگیری عەلی فریویان خوارد و خۆیان بوارد. تەڵەی قوڕعان کاری خۆی کرد؛ ئەو لاگیرەی داماوانیان بە فەند و فێڵان لە ناو برد.

عەلی بە شمشێرێک کوژرا کە ئایەتی فەرمانی جیهاد بۆ خودای لە باڵچوغەی هەڵکەنرابوو.

مەیدان بۆ فێڵبازان چۆڵ بوو. هەژارخۆر باویان هاتەوە. سەرلەنوێ هاتنەوە سەرمان. بە ناوی خوا، بە ناوی خەلیفەی ئیسلام خواردنمان دەس پێ کرایەوە.

کوڕی عەلی بڕیاری دا لە سەر شوێنی باب و باپیری خۆی بڕوا. بڕوای وابوو دەبێ دەستی زۆردار لە سەر بێزۆران لابەرێ؛ لە بەرانبەر داگیرکەری دنیاپەرستا ڕاپەڕێ. بەڵام ئەویش بە فتوای مێزەربەسەر و ڕیش پانانی ئەو زەمانی -بە دنەدانی زۆرداری پیاوکوژ و زێڕدار- بەو بەهانە کە حوسێن و پەیڕەوانی لە بەرانبەر دوژمنانی بە ڕواڵەت موسوڵماندا کەمایەتین، بە پێی ئایەت کەمایەتی لە زۆربە یاغی، خوێن و ماڵیشی حەڵاڵە؛ ئەو دڵسۆزی هەژارانەش لە ناو برا. هەر لەوساوە ڕۆژی خۆشی بۆ چەوساوانی بێتاوان لە موسوڵمانان بە سەر چوو. دەستی زۆربەی ڕووت و بۆر و فریوخۆرمان لە پاش نەمانی ئەمانە لە بنی هەمانەوە دەرچوو. ئەو ئیسلامەی کە لە سایەی ناسینی یەک خوا، یەک ڕووگە و یەک قوڕعان ببوە هەوێنی برایی بێ مەرایی و بەرانبەریەتی و تەبایی هەموو چینێک، لە کۆمەڵدا، لێک هەڵوەشا؛ بەش - بەش کرا؛ ئۆباڵی باوکی یەکترکوژ، کەوتە ملی نەوە و نەتیجە و نەدیدەی ئاگا لە هیچ نای بێپەنا.

بە سەتان لە گزیکاران، لە هەموو دەر و ئاقاران بۆ بەرژەوەندی زۆرداران گفتی سفت و مفت و ڕاست و چەفتی دژی یەکیان لە زمان پێغەمبەرەوە هەڵبەست. هەزار مانای جۆراوجۆریان - بۆ ناتەبایی نانەوە - لە قوڕعانەوە هەڵکڕاند. بە هەزار ناو و ناتۆرە لە یەکترنان، پێک هەڵپڕژان. ئێمەی ژێردەستە و ساویلکە و دەستەوەستان و خاویلکەش هەر تاقمێکمان بە هەوای سازی فێڵبازێک کوڕڕەگوێ بووین و هەڵبەزین و بە گژ یەکتریاندا کردین.

بە ناوی سوننی و شیعەوە، بە ناوی تۆڵەی تاوانی باوانی هەزار ساڵ مردووی ڕابردوو، بە ناوی جەبر و ئیختیار، بە ناوی قادری و چەشتی، بە ناوی دوازدەیی و هەشتی و بە هەشتا هەزار ناوی تر، ئێمەی ڕەنجەڕۆ و کرێکار لە یەکتر هەڵاواردراین. سەرەڕای ئەوەی کە خوراین تێک بەردراین؛ تا سەرمان قاڵ کەن بە قوولە و نەکا هۆش بێتەوە بەرمان و لە دووی دەرمان هەڵوەدا بین.

لە جیات ئەمەی بەرانبەر بە یاسای قورعان یەک بگرین و وەک یەک بژین، بووینە دەسخەڕۆی خوێنمژان. وێڕای زبارەی ناڕەوای پێمان دەکەن، بە گژ یەکتریشماندا دەکەن. هەرکەس کوژرا بە قسەی فتوادەری نۆکەر، لە ڕاهی خودا کوژراوین و حەواڵەی بەهەشت کراوین. ئەگەر ماشین، بۆ خزمەتی ئەوان باشین. ئەشێ بەهرەی ڕەنجی ساڵمان، پێویستی ژن و مناڵمان، بکەینە دەست چەند قەڵەوێک تا لە قەڵەوی نەکەون. ئێمەش قانیع بین بە بەشی چارەڕەشی و متەقمان لە دەم دەرنەیە؛ حەقمان حەواڵەی قیامەت بێ.

برام! بەڵام وەک پێشینان گوتوویانە: «هەر زاڵمەی زەواڵێکی هەس.» ئەوانەی بە فێڵ و گزی بۆ هەژار خواردن و دزی یەکپارچەیی موسوڵمانانیان هەڵوەشاند، بە دابەش - دابەش کردنمان بێهێز و بێپێزیان کردین، خۆشیان تا سەر خۆشیان نەدیت.

زۆرداران و گەلخۆرانی بەری ئەوبەری دەریاکان - کە وەکوو داڵ لە شوێن کەلاکان دەگەڕێن - لە چەندبەرەکی و ناڕێکی و کەنەفتی و کاڵای بە قیمەت و نەفتی ئێمە وەخۆ کەوتن. بە ناوی شارستانیەتی سپیپێستان، بە ناوی ئاواکردنەوەی وێرانبووی وڵاتانی تر، هێرشیان هێنا و دەمیان تێناین. گەورە و گچکە و سپی و زەڕی و ڕەش و بۆریان کردە ئاژاڵی دۆشین و هەموو ڕەنج و تێکۆشینمان بە ڕێی ئاودا بەرەو ڕۆژاوا بار کرا. لە بەرانبەر ئەم کارەدا بە ناوی ئەو ئازادبوونەی کە خۆیان ناویان لێ ناوە و لە ڕاستیشدا بۆ هۆش کوشتنمان ژەهراوە، کردوویانینە کۆیلەی خۆ و تەگبیری سەربەخۆ بوونی خۆماڵیمان لە مێشک و دڵ، داتەکاوە.

گەلانی گەلخۆر و زۆردار -کە ناومان ناون ئیستعمار- فێریان کردووین خۆپەرست بین؛ پووڵپەرست بین. هەرچی ئەوان پێمان دەڵێن گوێ لە مست بین. ئێمە بووینە کووپەی هەڵپەساردەی ئەوان. هەرچی خشت وخاڵ و ئەیاغ و کار پێ نەماوی ئەوانە بە گەرووی ئێمەیدا دەکەن. هەمیشەش کاری وا دەکەن کە بە هیچ بار یەکتر نەگرین. لە جیاوازی و شەڕ و شوور و بەربەرەکایەتی ئێمە بەهرە بەرن.

کەچی لە سەر ئەو حاڵەشڕا پیاوە پیرۆز و مەزنەکان (مەلا، ئاخوند، شێخ، موجتەهید) - کە خۆشیان زەدەی بێگانە و دیلی ئەو ڕۆزیبەرانەن - هەر لە سەر بەزمی خۆیانن و ئاورەگرەی چەندبەرەکی و لێک جیاوازی خۆشتر دەکەن.

ئێستاش هەرکەس لە نوێژیدا دەستان بگرێ، هێندێک دەڵێن سزای وایە لە دار بدرێ. کێ سەر وە سەر بەردە مۆرێک بکا، لای دەستەیەک لە دین و ئایین لایداوە. پوختەی وتار تەفرەقە هەر وەک خۆی ماوە و لە سایەی ئەم تەفرەقەیەش تان و پۆی موسوڵمانەتی هەڵوەشاوە و ئاڵۆزاوە و کاری دین دوژمن لە باوە.

هەژارەکەی لە بێگاری فیرعەونا مردوو!

من کە هەژاری ئەم چەرخەی پەنجا چەرخ لە تۆ دوورم، پەنجا ئەوەندەی چینی تۆ دەچەوسێم و ڕەنج خەسار و بە ئازار و لە بێگارم. تەنیا چارم هەر ئەوەندە لە بەرچاوە خوا ئاوەز بدا بە گەورە و گچکەکانمان کە بچنەوە سەر ڕێ و شوێنی ڕاستەقانی خودا و دین و قوڕعانەکەی کە ڕێی ڕاستە و هەموو خواستی عەداڵەت و لەخۆبوردن و یەکیەتی گەلانی چەوسێنراوەیە.

بە ئاواتم ناوی «عەلی» کە سێ پیتە و هەر پیتەی ڕەمز و نیشانەی خۆشی و پیت و سەرکەوتنە، بکرێتە سەرمەشقی گشت و لێی لا نەدەین.

عەین (ع) واتا عەداڵەت و لام (ل) ڕەمزی لەخۆبوردن و یێ (ی) ڕاسپێری یەکیەتییە. یانی عەلی ویستوویەتی دەست لە سێ ڕەوشت بەرنەدەین:

عەداڵەت، لەخۆبوردن و یەکیەتی.