خوێنەری کورد!

لە کتێبی:
چوار نامیلکەی عەلی شەریعەتی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 2 خولەک  715 بینین

نووسەری یادداشتەکانی ڕۆژ لە کەیهانی ٥٨/١٠/٢٤دا نووسیویە: مامۆستای هەرگیز نەمرمان (دوکتور عەلی شەریعەتیکەس) دەربارەی خۆیەوە دەیگوت: وتارێکم لە مەڕ پەیڕەوانی ئیمام عەلیەوە نووسیبوو؛ دامە دەزگای کۆڕی گشتی ڕاگەیاندنی ئیسلامی لە مەککە. زوو بە سەریاندا دامەوە و بە چەند جوێنی بێتامەوە گوتیان: کاورا شیعەیەکی زۆر غەلیزە! هەر لە سەر هەمان وتاریش چەند ڕیشدرێژی بە کاوێژ فەرمووبوویان: شەریعەتی بۆتە سوننی کلک درێژ!

جارێکیشان لە دانشگا قسەم دەکرد؛ ڕووناکبیرانی سمێڵ پان گوتیان: فڵان، لاگیری سەرمایەدارە! هەلێکی دی هەر لەو جێیە، هەر ئەو قسانەم کردەوە؛ چەند بیر کورتێکی ڕیشدرێژ گوتیان: سوورسوور کومۆنیستە! جا بەو پێیە دەبێ ئێستە شیعەی سیس و سوننی پیس و سەرمایەداری نەگریس و کومۆنیستی لامەزەب بم. داربەڕووی بنەتاڵوو بم! یەک تەنیشتی چوار پاڵوو بم!

منیش ئەگەر ڕاستت دەوێ، تا دەگەڵ بەرهەمەکانی ئاشنایەتیم پەیدا نەکرد، لام وابوو لە شیعەتیدا شەریعەتی خەستێکە ئەسکۆی تێ ناچێ؛ بەڵام لە لام ڕوون بۆتەوە کە ئەو پیاوە بە شوێن ڕاستیدا گەڕاوە و ئاوڕی وە چیتر نەداوە. بە پڕوپووچی سەد ڕیتاڵ و هەزار سووچی گزیکاران - کە بۆ بەرماوی زۆرداران - فش و فۆڵ و قاڵب بەتاڵ، بۆ ئیسلامەتی دووراوە و بە دەستی پیس و چڵکنی چەند کوڵکنێکی دوورەهەست تێهاڵاوە و داپۆشراوە، خەریک نەبووە. گەڕاتەوە سەرچاوە. ئاوی ڕوونی هەڵێنجاوە و لە چڵپاو وازی هێناوە. عیرفانە ڕاستەقینەکەی بەم نامیلکەیە لێی دواوە، لای ئەو بووە.

حەز دەکەم تەنبەڵی نەکەی و بیخوێنیەوە تا تۆش وەک منی بناسی و بە بستەڕیش بە فریو نەچی و لە ڕاستەڕێش شارەزا بی!