پێشەکی

لە کتێبی:
چوار نامیلکەی عەلی شەریعەتی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 2 خولەک  605 بینین

وام بە دڵدا دەهات بڵێم: وەرن با بۆ تاوێکیش بێ، خۆمان لە ناو چواردیواری دین و کۆمەڵاتی جوێ - جوێ ڕزگار کەین و بێینە دەرێ. سەرێک لەم دنیایە دەین و بێ هیچ سندم و پێوەندێک ئەم خۆکردە (تەبیعەت) بە دانستە شی کەینەوە و دەربارەی ژینی ئەوانەی ئەمڕۆ دەژین، بە وردی بتۆژینەوە.

گومان نییە مرۆ و خۆکرد هەرتک هەن و لە بەر چاون. جا بۆ چۆنیەتی پەیوەندی ئەو دوانە بە یەکترەوە و باری ژینی ئەم عیسانەی لە ناو ئەم خۆکردە دەژی، پێویستمانە هەموو جۆرە بیر و بڕوا و ڕێبازی لێکتر جیاوازی کۆمەڵانی بنیادەمی کۆن و تازە - کە ناوی دین یان فەلسەفەیان لێ نراوە و ئەزموونیان لە سەر گراوە - بە گشتی بە سەر کەینەوە. ئەوسا ئەگەر تۆزێک زیت و وشیارانە بدرێنە بە مەحەکی بیر، بۆ پیاوی ژیر دەردەکەوێ کە سەرچاوەی هەموانیان هەر سێ کانییە و ئەوانی تر هەموو جۆگە و شێلەگەی ئەم سێ سەرچاوەن؛ دەنا چەند لاپرەسەنێکن بایەخی لێدوانیان نییە. سێ سەرچاوەکە «عیرفان» و «بەرامبەری» و «ئازادی»یە. یەکەمینیان - کە عیرفانە - ئەگەر ڕاست بێ و عیرفانی هەر بە ناو نەبێ، بێ گرێ و گۆڵ ئەو دووی دیکەش دەگرێتەوە.