عیرفان

لە کتێبی:
چوار نامیلکەی عەلی شەریعەتی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 30 خولەک  1642 بینین

مانای عیرفان بە تێکڕایی کاری کەسێکە دەیەوێ خۆی بناسێ؛ چی هێناویە؟ بۆ هاتووە؟ بۆ کوێ دەچێ؟ دەبێ چی بکا؟ هەودا و مەودای ئاڵۆز و پڕ گرفچنکی دەوروبەری، لە بان سەری، لەم زەمینە پان و پۆڕ و بەرینەدا بپشکنێ؛ سەرەتای بدۆزێتەوە؛ یەک لای کا؛ گرێ کوێرەکانی ڕاکا؛ بە ماشەر هەڵیکاتەوە؛ بە عەقڵ لێکی داتەوە؛ مەودای ئەو هەودایە چەندە؟ لە کوێڕایە و هەتا کوێیە؟ کێ ڕستوویە؟ کێ خستوویەتە بەر دەستی پەلەوەر و جانەوەران بۆ چینە و لانە و لەوەڕان؟ بە کوردی و کورتی کەسێکی لە دووی ڕاستەقینە وێڵە و تا هەموو شت دەبنج و بناوان نەکا ئۆقرەی نایە، پێی دەڵێن؛ خاوەنی عیرفان و عارف.

ڕۆژاوایی نشینەکان دەڵێن: زێدی عیرفان ڕۆژهەڵاتە و ڕاستیش ناکەن؛ چونکە زانست بە دانستە سەر بە هیچ مەڵبەندێک نییە. بگرە هەموو سەر زەوین و ژێر زەمین و پەی دەریا و عاسمانی شین و بەرزیش بۆ ئەو گەلێک تەنگەبەرە و بەگێڕە تیا دەگونجێ. دەتوانم بڵێم ناشگونجێ. هۆی ئەو هەڵە زلەش ڕوونە: دەورانی کەونارای پێشوو (هەر زوو) ڕوژهەڵات لانکی زانیاری و ژیاری بوو. دانیشتووی نیوەتۆپەڵی خۆرنشینی ئەوسا - لە زانستا - کوێر و کوتر و کۆڵەوار بوون؛ لە ژیار و شارستانیەتی قوشقی و نەبان و بێزار بوون. ئەو دەمانەی ئەوان لە گوێی گادا خەوتوون، زانیاری بە عیرفانەوە لە مەیدانی خاوەر زەمین گاڵەی بوو؛ ڕمبازی دەکرد. هەر بۆیەش دەو قۆرتە کە کەوتوون کە عیرفانی ڕوو لە ڕۆژاوا نەناسراو - بە دای و باو - بە خۆرهەڵاتی بناسن؛ ئەگینا عیرفان وەک گوتمان پاژێ گرینگ لە سروشتە و دەپاڵ هەموو کەسدا هەیە.

بە بڕوای من داروینیش - کە لە سەر بیر و باوەڕی ماک پەرستی ئەو هەموو تەوسەی تێدەگرن - بە هێزترین بەڵگەی عیرفان دەگیرفانی عینسان دەخا. ئەو کابرایە بە زوانی زانیاری دەڵێ: ڕوەک و گیانلەبەرەکان، لە ڕێی ماک (مادە) و ئەرکی ئەندامانی لەشڕا (فیزیولوژیک) پێگەیشتوون. ڕوەک (نەبات) ڕووی کردۆتە زۆر بوون. پاشان ماکژی (ئامیب) و گیانداری تر هاتوونە دی. هەر تیرەیەک وردە - وردە بەرەو تەواوتر بوون چوون و ئەوسا مرۆی سەرەتایی - کە لە هەموان تەیارتر بوو، بەگزادەی ناو مەیموونان حەساو دەکرا - هەراشتر هاتە کایەوە. بەرە - بەرە مووی لەپی و دەستی هەڵوەری؛ توێڵی فرههـ بوو، هاتە پێش؛ چەنەی بەرەو دواوە خزی؛ کلکی پەڕی؛ لە سەر جووتە پێ ڕاوێستا؛ ئێستا ناو نراوە عینسان.

جا با ئەو جار سەرنج بدەین کە بە شوێن ئەو قۆناغەدا، چی مرۆی لە خزمەکەی خۆی - کە مەیموونە و تەرحیشی لە مەیموون ئەکا - هەڵداوێرێ و فەرمانڕەوایی ئاوایی پێ دەسپێرێ؟ بێگومان هەستی عیرفانە.

هەر ئەو مەیموونە کوڵکەوەریوە بێ کلکە، لە سەرەتا - لە خۆرهەڵات یان ڕۆژاوا یا هەر شوێنێکی تر ژیابێ - لە وچان و پشووداندا بە ‌لانی کەم بیرۆکێکی لە مەتەڵۆکەی ژین کردۆتەوە. بە پێی مژی باش نەمەیوی و هزر و فکری نەگەییوی خۆی، بەرەو کانگای بردۆتەوە و بە خەیاڵ هەڵیهێناوە. بەڵان چونکە زۆر ساویلکانەی بۆ چووە، نرخی نەبووە و بایەخێکی پێ نەدراوە کە لە دواڕۆژێک کۆم بکرێ و فێرگەیەکی بو دابنرێ و ئیزمێکی دە کلکی بخرێ؛ ئەگینا هەر ئەو مرۆیەی کڕنۆشی بۆ بەردێک، بتێک یان شتێکی تر بردووە، داوای کۆمەک و یارمەتی لێ کردووە، جۆرە عیرفانێکی هەبووە کە ئێستا لە سەری ناکەین.‌

گەشانەوەی هەر ئایینێک بە گەشەی پەیڕەوانیەوە بەستراوە. بۆ نمونە: ئایینی هێندۆک ڕادەنێم. هەتا سەد ساڵ لە مەوبەریش گاپەرستی لە بەرچاوی موسوڵمانان ئەوپەڕی پەستی و بێ هەستی و بەڵگەی گێلی و نەزانی بوو. کەچی ئێستا کتێبی وایان دەربارەی دینەکەی خۆیان داناوە کە بە خوێندنەوەی شاد ئەبین. کتێبی وان زۆر لە کتێبی موسوڵمانان - کە دەربارەی ئیسلامەتی دانراون - بەپێزترن. رادهاکریشنان دەربارەی پیرۆزی گا و پەرستنی، کتێبێکی وای نووسیوە کە ئێمەمانان تا ئێستاش لە مەڕ بێ شەریکی خوداش نووسراوێکی وامان نییە! جگە لەوەش زۆر لە زانایانی هیندی سەبارەت بە خوداکانیان - کە هاوبەشن و هێندەش زۆرن دەژمار نایەن - شتی ئەمەندە بە نرخ و پیاو ڕازیکەریان نووسیوە کە لەوپەڕی بەرزیدایە و سەرنجی خەڵکی دنیایە بەرەو خۆیان ڕادەکێشن. لەو بارەوە وەباڵ بەستۆم لەملدا ئەوان لە پێشن؛ کە دەبوا بەراوەژوو با؛ چونکە هەستی تاک پەرستی لانی کەمی دووهەزار ساڵ لە دینی هیندوو کۆنترە. بەو پێیە با دەبوو ئێستا - هەر هیچ نەبا - دووهەزار پا لە پێشتر باین. بەڵام چونکین کەوتۆتە بەردەستی ئێمە، ئێمەش لە پەستا بەرەو پاش دەکشێینەوە، دینەکەمان بۆتە گەپجاڕی هەندەران. وەختە بڵێم ڕۆشنبیرانی خۆماڵیش لێی بێزارن.

دەبا با دەینەوە سەر خەت:

هەستی عیرفان وێڕای سرشت - وەکوو جمک - دەگەڵ مرۆ هاتۆتە سەر ئەم زەمینە.

- عیرفان چییە؟

- دڵخورتیە، بزوێنی بەرەو زانینە؛ کە تووش مرۆی ژیر و خاوەن بیر هاتووە. عیرفان دڵداری و ئەوینە؛ خولیای پشتی پەردە دینە. تا پیاو ئەوینێ نەچێژێ نەبۆتە پیاو. وەک مەولەوی ڕۆمی دەڵێ: مەلایەک ئەویندارە نەبێ، گایە و مێزەری لە سەرە! ئەو شێخە سەر تاپا شینەی بو بیر لەو عاسمانە پانە و ئەم زەمینە پڕ لەو هەموو تەرزەژینە، سەبرە خورپە دڵی نەبزوێنێ، لە حاندی دیمەن چاو داخا و لە دەنگ و ئاواز و سازی هەزار تەرزی نزم و بەرزی ئەم خۆکردە خوشیک و جوان و ڕەنگینە گەشە نەکا و لە لای با بێ و هەر گوێچکەی بۆ بتەپێنێ و لە کرگاری شیرینکاری - کە چییە و کێیە - دانەمێنێ و بۆ ناسین و بۆ زانینی ڕانەمێنێ، هەتا ئێستاش هەر لە جوونە مەیموونەکەی پێشینەیە؛ کوڵکەی توڵەکی کردووە و هەڵوەریوە؛ کلکی کرووزی پەڕیوە و ناوی خۆی لێ ناوین عینسان.

ڕاستت دەوێ؟ کەسێ تامی ئەو دلخورتیە پاک و چاکەی بەلادا تێنەپەڕیوە و نەیدیوە، گوێرەکەیەکە لەو دەشتە بەرەڵا؛ لۆژ - لۆژ دەگەڕێ و دەلەوەڕێ. لەوە پێوە هیچی لە هیچ نەزانیوە. ئەگەر سەد ساڵ تەمەنی بێ، نابێ بڵێن خۆی ناسیوە.

سەرچاوەی دڵخورتی چییە؟

ئەو مرۆیەی لە مەیموونی ترازاوە و ناوی پیاوی لە خۆ ناوە، نیاز و ئاواتی لە ژیندا هێندە زۆرن کە نەک پێکهێنانی هەموان، بگرە نیویشی بە خۆکرد دابین ناکرێ. ژیرکردنەوەی ئەم جانەوەرە دوو پایەی گڕوگرە لە وزەی خۆکرد بەدەرە.

- بۆچی؟

- چونکە خۆکردەکە وەک هۆڵێک یان وەک دۆڵێکە کە پیاو و گا و جانەوەر و پەلەوەر و گەڕۆک و خزۆک و ڕوەک، تێکڕا لەو ڕەهۆڵە دەژین، یان لەو دۆڵە دەلەوەڕێن.

بەڵێ خۆکرد بۆ پێکهێنانی ئاتاجی گیانلەبەران هاتۆتە دی و پڕ بژیوە؛ بەڵام مرۆ، مرۆی بزۆز، خوا دەفەرمووی: «مرۆ بزۆز دروست کرا». مرۆی چنۆک و خاپینۆک، بە ژیانی جانەوەرانەی دوور لە گۆڕان قنیات ناکا. ئەو کۆنە مەیموونە ڕووتەی کە هەستاوە و لە سەر دوو پێ ڕاوەستاوە، لە جانەوەری ڕەمەکی خۆی زۆر بە زلتر دەزانێ؛ بە فیزەوە بەرەو بەرزیەتی دەڕوانێ. لە هاوئاخوڕی و ئاوماڵی دڕندە و چەرندەی ماڵی - کە ئیشێکە هەمیشە پێ و تۆقێکە لە ملی هاڵاوە - زۆر جارزە؛ لەوەڕی لێ بۆژۆ بووە؛ شتی تازە و زۆری دەوێ و کەمتری وە دەست دەکەوێ. لە وەڕەزیان کەم - کەم دەگاتە ڕادەیەک بە تەواوی ئەم ژینەی لەبەر دەبێزێ. بە قێزەوە لە خۆی و لە ژیان دەڕوانێ. خۆی لەو ناوە وەکوو نامۆ و غەوارەیەک دێتە بەرچاو. بۆ دەرەتانێک دەگەڕێ کە بێتە ڕێ. بەشکەم بەوێدا بگاتە جێ ژیانی لەم ژینە هەموانییە خۆشتر؛ خۆشی بۆشتر. بە چاو، بە دڵ، بە چاوی دڵ بۆ سەر چاوەیەک دەنۆڕێ کە تینوایەتی دەروونی پێ بشکێنێ. ڕادەمێنێ تا هیچ گومانی نامێنێ کە ئەوەی ئەو گەرەکیەتی لەم ماڵە دەستی ناکەوێ؛ دەبێ هەر چۆنێ بۆی بلوێ لەم کۆنەچاڵە دەرکەوێ و بەرەو هەوارێ سەر کەوێ هەواکەی سازگارتر بێ. ئەو هەوارەش نادیارە؛ بەرپیوارە؛ عارەبان پێی دەڵێن (غەیب).

ئەو نادیارە لە کوێیە؟ نییە؟ هەیە؟ ئەگەر هەیە چۆنی بۆ بچێ؟ چۆنی دەقەمچی دەکەوێ؟

من نامەوێ بکەومە پەرسڤ دانەوەی ئەم لە کوێ و چییە و چۆنانە؛ چونکە دەکەومە ناو شیوی سۆفیانەیەکی تایبەتی و تیێدا سەرم لێ دەشێوێ.

با لێی گەڕێین. ئەگەر ماک پەرستان دەڵێن لە دووی نەدیاران ماندوو بوون پیاو بەرەو پاش دەباتەوە و لە بارستی گەشەداری نزمتری دەکاتەوە، باوەڕ ناکەم. من لام وایە دوای ئەم نهێنی کەوتنە خۆی هەوێنی سەرکەوتنە. چونکە ئەگەر هەر بەوەندەی لە بەر چاوە قنیات بکەین، هەر کاتێ وە دەستی بخەین ڕادەوەستین. بەڵام وەختێ بەو نەختە چاومان پڕ نابێ، بۆ پڕ بوونی دەبزوینەوە، ئەم بزۆزی و بزووتنە، هاندەری تێگەیشتنە و پێ پیلکەی پێگەیشتنە. هەڵوەدا بوون بۆ ئەو شتەی کە لە ناو خۆکردا نییە، پیاو لە کەوشەن و سنووری دیاری کراوی لە بەرچاو لە خۆکردا، بەرەو بەرزتر ڕادەدا. لەو هاندەر و تەکاندەرەش مەبەستم هەستی عیرفانە.

عیرفان چرایەکی ڕوونە لە دەروونی خاوەن بیردا هەڵکراوە؛ خشت و خاڵی لێی تێپەڕیوە و بەرەو بەرزتر فڕیوە تا ڕەسیوە بە پایەیەک پەریش دەخەوی نەدیوە. بە فەرمایشتەکەی سەعدی:

ئەم سندمە گڵینە بشکێنە تا بزانی
ڕەمکێشی گش مەلانی و لە تەشقی عاسمانی
مرۆ دەگاتە شوێنێک مەگین خودا لەوێ بێ
بنۆڕ چ پایە بەرزیت؟ هەر هیندەیە خودا نی

هەموو دینێک، هەموو ئایین و مەزهەبێک ڕۆژەڵاتی، ڕۆژاوایی، ئەفریقایی، ئاسیایی، بەرد و دار و بت و گا و شەیتان پەرستی، چەند خودایی یان یەکتایی، بن تایەکەی بە عیرفانەوە بەسراوە. هەر بیر و بڕوا و یاسایەک کە کۆمەڵ بەڕێوە دەبا - با سەر بە عیرفانیش نەبێ - پەرە و پتەوی و بڕەوی بە زانست و زیتی و ژیری و ئاکارچاکی و دەست و دڵ و داوێن پاکی و هێز و بەکاری چالاکی هۆگر و پەیڕەوانیەتی. ئەوان بەکار بن، لە کارە و گەشەدارە. پەیڕەو خوێڕی و بێکارە بن، ئەویش قرخن و پووچ دەبێ و لە سووچێک دەپوچێتەوە!

شاڕێ لەبەر مرۆ دووانە: یان عیرفانە، یان گیرفانە.

ئەوی لە عیرفان بە بێزە و لە ڕامان و بیرەوەری بۆ خۆناسین ڕەوەک و دوورەپەرێزە، لەوانەیە جانەوەرێکی لێ دەربێ زۆر وریا و زیت؛ خاوەن بزاو بۆ دراو پەیدا کردن و ڕابواردن و زاڵ بوون بە سەر ئەو خۆکردەی تیا ئەژیت. لە کردەی خۆشی ڕازییە. دەکرێ بەو کابرایە بێژن: زیرەک لە جانەوریدا؛ نەک وریا لە مرۆڤایەتی. مرۆی بە ڕاست - نەک بە درۆ - گەرەک پایەی لەو جانەوەرە دوو پایە باڵاتر بێ. هۆی باڵاچوونیش عیرفانە.

عیرفان گیرفان ئاخنین نییە؛ لە زگ زل کردن تەریکە؛ لەبەریکی دڵ خەریکە: لە خۆڵ خوازی واڵا دەکا. ڕادەی بارستایی هەستی بۆ ڕاستینە دۆزینەوە باڵا دەکا. جا ئەو هەستە هەر چەندی بە پێزتر دەبێ، ئاواتی نەدیاری دینی لە دڵدا بەهێزتر دەبێ و بەرەو بە پیاوبوونی دەبا؛ تا دەیکا بە پیاوی تەواو. تا پیاوەتیش تەواوتر بێ، بۆڵە و پرتەی لە ژیانی جانەوەرانەی خەڵکی ڕەمەکی زۆرترە.

کەوابوو، عیرفان و گیرفان وەکوو دووتای تەرازوو وان. کێ دەروونی ڕووناکترە، تای پارە و پول پەرستنی سووکتر و دوور لە خاکترە. کێش هەر بە مەیموونی ماوە و هەر لەوەڕی لە بەرچاوە و هیچی تر نا، لای ئاوەزی ڕای ڕاستینە دۆزینەوەی، پارسەنگی سەنگینی دەوێ.

با ئەوەشمان لەبیر نەچێ: عیرفان بەو مانایەی گوتمان، هەستی ڕاستی دینەوەیە؛ تا دینی تێ نەچێنراوە، کاری بە خواناسین نییە. زۆر پیاوی وا هەبوون، هەشن، بڵێمەت و تێگەیشتوو، پێگەیشتوو، بە بێ وچان لە شوێن ڕاستی دۆزینەوە هەڵوەدا بوون؛ وەکی دیش دژی خودا بوون. داستایوسکی، سارتر و ئالبیر کامۆ بۆ نموونە دەهێنمەوە. یەکەم نیوە دوژمنێکی دینە. دووهەم خودا و هێزەکانی نەدیاری هەر پێ چ نینە! سێهەمینیان ماک پەرستە (ماتریالیستە). دەڵێ ئەو خوایەی کە دەڵێن هەیە، زای ماددەیە. نەدیاری دەئارادا نین. هەر یەکەش بۆ سەپاندنی بیر و بڕوای زۆر دواوە. کە چی ئەگەر بە وردی سەرنجیان بدەین، زوو تێدەگەین ڕەگی دڵیان بۆ جۆرێ عیرفان لێی داوە. بەڵام دەگەڵ عیرفانەکەی ئێمە - کە خواناسی لێ دراوە - یەکتر ناگرن. بە بڕوای من هەرتک تیریان بەرەو ئامانجێک هەڵداوە. یەکیان سەر و بەری کروە و یەکیان نیشانەی پێکاوە.

سارتر و هاوبیرەکانی بەڵێ دەڵێن: خودا نییە، بەڵام دەشڵێن ئەم وێڵی و بێ خودایییە بوون و ژینی بنیادەمی یەکجارەکی بێتام و ناکام کردووە. بەڵام چ بکەین؟ چارمان چییە؟ خودا نییە و ئەگەر نەشبوو لە کوێی بێنین؟

تۆ بڕوانە! کاتێ ئەم جۆرە کەسانە خوا لە خۆکرد هەڵداوێرن، لە نەدیاران خۆ دەبوێرن، ئەم ڕاستیانەش ئەدرکێنن کە لە سۆنگەی بێ خودایی، مان و ژین لەم خۆکردەدا بۆتە مۆتە و خواخواتە لێخەت بێتەوە. بێ کوێخایی لە ئاوایی، ژیان لە پیاو دەکا بە سندان.

گەرەک بە خوت و خۆڕایی و بەرهەڵدایی ژین ڕابوێرن. ئەویش چ ژین؟ بێتام و خوێ؛ بێناو و توێ؛ تا سەرلەنوێ بەرەو خاک دەگەڕێینەوە! واتا ئەوانیش هەست دەکەن بە نامۆیی لە ژیانی جانەوەرانە - کە پنج و ڕیشەی عیرفانە - بەڵان دەرتان شک نابەن. ئەوسا پوخت و پاراوەکەی، دەراوی دەمیان وای لێ دێ؛ چونکە دنیا بێ خودایە؛ لێ پرسینەوەیەک نییە و لە چاوەدێری ئەو هێزە نادیاریانە بە دووری. دەتوانی هەر کارێک بکەی؛ هەڕە! وەرە! لە سەچۆک دانیشە! ڕابە! چۆنی خۆت پێت خۆشە وابە! چاک دەبی یان خەراپ دەبی؟ خڕکە دەبی یان سواپ دەبی؟ بە دیمەن جوانی؟ دزێوی؟ زمان پیسی؟ باش داخێوی؟ گوێ مەدەرێ! ئەو خۆکردەی گەرای مرۆی وەک من و تۆی هەڵێناوە، بێ سەر و زمان و چاوە؛ نەحەساوە؛ نەکیتاوە؛ نە تەرازوو داندراوە؛ نە دۆژەهە نە بەهەشتە لەو بترسی و بە هیوای خۆشی ئەمە بی. هەتا دەژی هەتا لە سەر ئاو و بەژی، بە کەیفی خۆت جووتی خۆتی لێ دابەستە و لێخوڕە دەشتە!

جا بەو پێیە ئەگەر وردتری کەینەوە، سەیر و سەمەرە دەبینین. پیاوی زانا بۆ لە دەستچوونی پیاوەتی ئەشێ بکەونە گەرمەشین! جا چۆن ئەوی یاری هەژار و داماوان دەکا و لە ڕای ڕزگاری گەلانی بەخت کەوتووی ژێر چەپۆکەی چاوچنۆکان گیانی خۆی بە قوربان دەکا، دەگەڵ نامەرد و ملهوڕی ستەمکار و ڕژد و قرپۆک - کە بۆ سوودێکی بێهوودە هەزاران ماڵ وێران دەکا - پاک لە پاک بن؟!

لەم باسە بۆمان دەرکەوت کە ڕۆشنبیرانی زۆرزانی خوانەناسیش ئاتاجیان بە خوایەک هەیە؛ بەڵام دەڵێن بە داخەوە نییە! لایان وایە ئەگەر بوایە کار لە جێیەکی تر دەبوو. ترس لە خودا و هۆمید بە خوای دژی پەستی و ڕاستی پەسند، دەبوو پێودانێکی زۆر جوان بۆ عادەمی و تەمی خەمی بێ شوانی لە سەر دەڕەوی.

سەرنج بدە! ئەمان دەڵێن: ئەگەر خودا هەبا، باش بوو. عیرفانەکەی خۆمان دەڵێ: ئەگەر هەبوایەی پێ ناوێ؛ هەیە و باشە.

ئاوات خوازی بۆ بوونی خوا دەگەڵ دان بە بوونی خوادانان، هەر دووک بەرهەمی عیرفانن؛ هەر دووکیان مرۆ لە جیهان غەوارە و نامۆ دەزانن؛ کەچی بە بارێکی دیکە وەک زانیمان لێک نەبانن.

ئەم دوو عیرفانە لەلای من وەک دوو پیاون، لە چۆڵێک ڕێ لێ شێواون؛ لە توونیان ئارام لێ بڕاون؛ تەنگەتاون.

لە پڕ و نەکاو کێوێکی ڕژد و کراڵیان دێتە بەرچاو. لێ بڕاون وە سەری کەون بەشکوو لەو دیو کانییەک، چێنکەیەک، زنەیەک وەگیر کەوێ، کوڵی دڵی تینگیانی پێوەنیشێ.

یەکیان - کە قۆچاختر بووە - سەرکەوتووە و دەست لە بەرچاو دیارە بۆ شتێک دەڕوانێ و شوێنێکی بەدی کردووە. یەک ملی لە هەوراز ناوە؛ لە نیوەی ڕێدا وەستاوە؛ لەو بڕوارە قەتیس ماوە؛ وزەی سەرکەوتنی نییە. داگەڕانیش زۆر گرانە. پێشوو پێدەشتی ناسیوە، وشکارۆیە. ناشزانێ دیوی نەدیوی ئەم کەژە سەرکەشە چۆنە. ئاوایی و ئاوی لێ هەیە؟ یان ئەویش هەر وەک ئێرەیە؟ دوودڵە و کاری موشکوڵە؛ ورەی بزاوی بەرداوە.

جا ئەم دوانە هەر چەند بە یەکتر نەگەیون، بەڵام هەردووک لا تێکڕایی لە نزمانی نشینەکان بەرزترن.

بە بڕوای من لەم ناوەدا عیرفانە کەونەکەی خۆمان لەم تەرزە عیرفانە تازە لە پێش تر و بەکێشترە. لە بیری ئاوێتەی ئایین، هەویرێکی زۆر بە پێزی ڕەنێو هێنا، تەکیدا بەلای خوداوە. پێودانی بۆ ئاکار دانا؛ چاک و خراپ و پاک و پیس هاوێر دەکا؛ گراری خۆی پێش لێنان دانبژێر دەکا. بۆ کار چاکان پاداشی باش ڕەچاو دەکا. پیاوخراپان بە هەروگیف خوێڕیلە و بێ زراو دەکا. دژی مرۆی پەت پسیاگ و بەرهەڵدایە.

خۆ ئەگەر دڵخورتی عیرفان لە دەروونی پیاودا نەبێ، مرۆ وەک بەرد و سواڵەتی بێ هەست و خوست و نزم و پەست، دەژێ و دەمرێ. وا دەبینین شارستانیەتی ئەمڕۆمان - کە بێ خودا هات و هەراش بوو - بۆتە کومەڵگای زۆر تەیار؛ بەڵام پڕ لە چەند دڕندەی مرۆخۆر و بێ بەزەیی!

پیشە و هونەر هەتا بێژی لە برەوایە و بە ڕاستی دەوری باڵایە؛ بەڵان چونکە خودای تێدا لە بیر چووە، دەکرێ بێژین ژیار و شارستانی هەیە؛ پیاوی شیاوی تەمەددونی تێدا نییە. کەچی ئێمە لە پێشوودا زۆر پیاوی زۆر شیاومان هەبوون. داخەکەم کۆمەڵگای ئەودەم پاشکەوتە و سەرەونخون بوو!

گوتمان عیرفان (بیر کردن لە بوون و نەمان و لە شوێن ڕاستەقینە گەڕان) مرۆی لە جانەوەری تر جیا کردەوە؛ بەڵام هەرگیز خۆی لێ جیا نەکردەوە.

لە ڕۆژهەڵات، کە دین داهات عیرفانیشی تێکەڵاو بوو. دین لە چاخی ساوایەتی و لە تافی خورتایەتیدا ئاوێنە بوو بۆ خۆناسینی بنیادەم؛ بۆ شاندانی ڕای هاوبەشی و ژینی بێ خەم؛ دژی یاسای چینایەتی، دژی داگیرکەری و ستەم؛ بەڵام وەختێ بەساڵدا چوو، بوو بە داردەستەی زۆرداران و تەوەزەلان و بێکاران، لە دژی کز و نزاران.

مێزەر بە سەری خاپێنەر - بە ناوی چینی ڕۆحانی - خۆیان لە ‌گەل هەڵاوارد و بوونە چینی باڵاتر و بە ژیانی تەنبەڵی دەژیان. بۆ پارێزگاری لەو ژینە تەوەزەلیەش نیازیان بە پارێزگاران بوو بیانپارێزێ. پارێزگار لە چینی هەژار، دەبێ ملهوڕ و زۆردار و نالەبار بێ. ناچار دەبوو وەک بۆخۆیان لە سەر ئارەقی ناوچاوی بێ زۆر و داماوان دەژیان، ئۆباڵکێش بن بۆ زۆردار پارێزگاریان کە دەتوانێ بخوا و بکوژێ و نەترسێ. کاکڵەخۆشەی دینەکەیان لە ناو برد و پڕیان کرد لە پڕ و پوچ و خەرافات و مێشکی بێچارانیان تەزاند و دنیایان کردە هی خۆیان و بە دەم بەهەشتیان دەبەخشی. هەر کەسیش بیگوتایە لەل، بە فەرمانی مام ڕۆحانی کافر بوو؛ دەچووە جەهەندەم.

چینی چەوساوە و بەربێگار، چاری ناچار بۆ ساندنەوەی مافی لێ داگیرکراوی - کە گەوهەری ئازادییە و خوا و سروشت پێیان بەخشیوە - ڕاپەڕیوە. ئەو چینە چەوسێنەرەوەی لە ژێر ناوی گزیرایەتی خودادا هەموو مافی لێ دزیوە، لە بەرانبەر خۆیا دیوە و پێی زانیوە ئەو تۆق و کۆت و زنجیرەی بە ناوی خوا و عیرفان و دین لە پەل و ملی هاڵاوە، لە کێوەیە. ئیتر بێزی لە دین و عیرفان و خوداش هەستاوە و تووڕی داون. ماڵم هەقە هەقیان بووە.

- بۆچی؟

- تۆ خۆت بیری لێ بکەرەوە:

کابرایەکی ئازادیخوای ئورووپایی تێگەیشتوو یان ڕەشایی کە دەبینێ کەشیشە کوێخادینەکەی هەر بە دەم - بە ناوی مەسیح و مریەم - خوێنی دەمژێ، ئێسکی دەکرووسێنێتەوە! یان ئەو ئیسلامە ڕەمەکیەی کە هەر چەند دەکا و دەکرێنێ لە بێگاری مەلا و مفتی و ئاخوند و ئایەتوڵڵایان هیچ سات و دەم پشوو نادا، هەر تۆزێکیش لیچی لێ بکا بە لادا و ورتەی لە دەم بێتە دەرێ و بڵێ بۆچی؟

باسی سەریە و مێزەر بەسەر دەیکەنە دوژمنی خودا و بە ناوی دین فتوای کوشتنی دەر دەکەن و چەرمی لە دار دەهاڵێنن. بەستەزمانە لە سەر ئەو چەرمەسەرشڕا چۆن دەتوانێ لە ئینجیل مینجیل بڕوانێ یان بچێتە سەر قورعانێ و ماناکەشی باش بزانێ، داخۆ خوا دەربارەی مرۆ، دەربارەی مافی ئازادی چی فەرمووە؟ ئەوسا ئەگەر ڕوانیشی چی؟ یا خۆ ئەگەر زانیشی چی؟ چۆن دەوێرێ کوێخاگیان وەدرۆ خاتەوە و درۆی بەسەردا داتەوە؟ ئەوا گریمان وێراشی دەمی ببزوێ و باخێوێ، کام خاوەن دەستەڵات هەیە هیچی بە کڵاوی بپێوێ؟ زۆردار و دەسەڵاتداریش هەر خۆیانن؛ یان دەست و پێ و سەربەوانن. عاسمان دوور و زەوی سەخت و ئەو بەدبەختەی بێ بەش لە ژیان و گیان سەختە چۆن شانی هەڵنەتەکێنێ و لە هەر هەلێکا هەڵکەوێ، واز لەو زاڵمانە نەهێنێ؟

با جارێ لە چڵکاو گەڕێین کە فێڵباز دەڵێن ڕووناوە. پێ هەڵگەڕێین تا دەچینەوە سەرچاوە. با بزانین ئاخۆ ڕاست دەکەن؟ هەموو دینێکی عاسمانی لە سەرەتای پەیدا بوونیدا، چین و مینی تێ نەخراوە. لەو ناوەشدا دینی ئیسلام (ئیسلامی ڕاست) لە ڕاست دینەکانی دیکە لەبار و بێ بژارترە؟

دەڵێن قسە قسە دێنێ. نامیلکەیەکم خوێندەوە نووسەرەکەی خەڵکی ئەمریکای لاتینە. دەتگوت چاردە چەرخ زووتر ئیسلامێک ئەمەی نووسیوە. کابرا دەڵێ: بەختی خۆمان کە ئێمەی شۆڕشگێری ڕاست لە حاست یەکتر کەس خۆی بە زلتر نازانێ. ئێمە وا نین کە هێندێک پیلان ڕێک خەن و هیچ کار نەکەن. بڕێکمان هەر داهێنەربن؛ فەرمان بدەن. زۆریشمان شەکەتی کار بن و هەست ڕاگرن هەرچی ئامۆژگاریکەران پێی دەڵێن هەر ئەوە بکا. هەر یەک لە ئێمەی شۆڕشگێڕ هەر سێکیانین. کارکەری خاوەن بیر و ڕاین؛ بیرەوەری لە کار ئازاین؛ هەم شاگردین و هەم وەستاین.

با بزانین ئیسلام چۆن بووە و ئێستا چی بە بە سەر هاتووە؟

هەموو یارانی پێغەمبەر، پێغەمبەری خوداش پێڕا، هەر کەسەی هەمەکارە بوو. هەم بیرەوەر، هەم پێشمەرگە، هەم مەلا بوو. لە مزگەوت ئامۆژگار بوو. جەنگ با، پێشمەرگەی بەکار بوو. کاتی هێمنایی و تەبایی دەچووە مەزاریە وەرزێر بوو؛ لە باغی خورما ئاودێر بوو؛ سارەوان بوو؛ زۆر لە تەنبەڵی نەبان بوو.

ئەم چین چینی و هەڵاوێریە، ئەم بەزمی چاوساغی و کوێریە، مەلا و ڕۆحانی لە باڵا بە بێکاری، چینی بۆرە پیاگ لە چاڵا بە هەژاری، ئەو دەم - نە زۆر نە کەم - لە ناو موسوڵماندا نەبوو. گزیکارانی پاسەوان، لێی بوونە ورچی ئاشەوان! لەبری مێش لێ دەرکردنی، سەریان بە گاشە هەنجنی و مۆخەی ئیسلامەتیان چنی. وەک تۆوی گاڵ و هەرزنی بڵاویان کرد و قاویان کرد: هەر کەس بڵێ چینایەتی لە ئیسلامەتیدا نییە، مەلا و ئاغا لە بۆرەپیاو جودا نییە، وەک ئەو بێ ئیمانە وایە کە دەبێژێ خودا نییە! جا ئەو چینە سەرشینەی باڵانشینەی خۆی داوەتە پاڵ دەسدار و بۆتە گۆپاڵی زۆرداران لە دژی نێز و هەژاران، بوونە تاشەری نەیاران و بە داخەوە خەڵکیان لە دینەکە تاراند.

بیری لە خوا تەکینەوە لە ئەورووپا سەری هەڵدا. ڕووت و ڕەجاڵی چەوساوە هەر لەوساوە ئازادی لێ سێندراوە، لە هەلێکی وا خەفتاوە بە گژ هۆی بەدبەختی خۆیدا بچێ؛ کە ڕەوەی کەشە و مەشەشی دەگرتەوە. تا بەر لە چەرخی هەژدەوە جار و بارە ڕادەپەڕی؛ بەڵام نە زۆر بە تەوژم. لە چەرخی هەژدە و نۆزدەوە چەرخی ماشێن کارێکی کرد کە نێوانی چینەکانی دەوڵەمەند و دڵمەندان و هەژار و دراودارانی زۆرتر لەبەر یەک کێشاوە و بوو بە هۆی هەرا و ئاژاوە و ئەو لێشاوە دەگەڵ ڕادانی هەژاران، خوا و عیرفانی تازە کورەی کەشیشانیشی ڕاماڵی.

بۆ وەی باشتر ئەم باسەمان ڕوون کەینەوە گەرەک ئاوڕێک بۆ پێش و پاش چەرخی ماشێن بدەینەوە. بەر لە ماشێن وەرزێر زۆر، کرێکار کەم بوو. وەرزێری ڕووت بە سەپانی لە زەمینی زەمینداردا کاری دەکرد. زەمیندارێک بیست تا سی وەرزێری هەبوو. سەپان پێنج یەکی بەرهەمی مز دەبرد. دووکوتیش لە پێنج کوتەکە لە بنەتۆکە و ئامێر و دەمەنیای گاسن و نان و چێشتی زبارە و گا لەوەڕێن و پەرژین و بەند و جۆماڵ و بژار و سوورانەی خەرمان و هی تر دەچوو. ئەو پەڕەکەی بۆ زەمیندار لە دەیان چوار دەمایەوە. با وای دانێین کە تێکڕایی هەر سەپانەی پێنج خەڵواری ڕەنێو دێنا. سی پێنج ناکا سەت و پەنجا؟ لە دەیان چواری دەکا چەند؟ خۆت بڵێ شێست! بێژین ساڵی تەڕەساڵ با پتر دەبوو؛ بۆ هەشتا و نەوەد هەڵدەچوو.

کە وەرزیش ڕژد و کراڵ و شکەساڵ با، خەڵوار دەبوونە تەخار و ڕادەی بەرهەم دەهاتە خوار. ئەوسا کە فیئوداڵ (خان و ئاغا و بەگی قەبە) نەبوو، بەشی زەمیندار ئەمە بوو؛ دەبوو قنیاتی پێ بکات. نەیشی دەکرا دوو هەزار سەپان دەکار کا و خۆی بە یەکجاری تەیار کا. چونکە زۆر زەمینداری دیش لە پەنای ئەو لاسای ئەویان دەکردەوە و لە کردەوە هاوبەش زۆر بوون.

جیا لەمانەش بڕێ وەرزێری واش هەبوو خوردەپا بوو. پارچە زەوی و جووت و نیر و هەوجار و مەساسە و گاسن و خشێک و پاچ و پێمەڕە و شەن و بێڵ، واتا ئامرازی زەوی کێڵ، هەرچی هەبوو سەربەخۆی بوو. هێندێکیش پاتاڵی دۆی بوو؛ هەنگ و مامری بەخێو دەکرد. بە هێلکە و ڕۆن و ڕیچاڵ و دانەوێڵە و تەرەکاڵ و گەنم و جۆ و زوڕات و گاڵ و چەوری و سپیایی و شیرنایی و تەڕەماش و تەڕەسازی، خۆی دەسازا و کەیف ساز و بێ نیاز بوو. ئیتر وەرزێر سەپان با یان خوردەپا با، ئەو پەڕەکەی هەشت مانگی ساڵ ماندوو دەبوو؛ باقی بێکار لە ماڵ پاڵی لێ دەداوە، دەحەساوە. مەودا و ماوەی بو دەڕەخسا ئاوڕێک وەخۆی بداتەوە؛ خۆی لە ناو ئەم خۆکردەدا تۆزێک بەسەر بکاتەوە. بەڵام لە چەرخی هەژدەوە کە پیشەسازی پەرەی گرت و ماشێن داهات، کارەسات لە شوێن کارەسات بە سەر چینی چەوساوە هات. بەرهەم یەک و سەد زیادی کرد. کابرا سەپانەکەی دوێنێ کە دەخرا تەنشت ماشێنێ، بەشی خاوەن ماشێنەکەی لە دوو کردە پەنجا و سەت و دووسەت و بگرە زۆرتریش. لە پێشوودا پێنج کرێکار لە کارگەی پێڵاو درووندا ئەگەر خۆشیان بکوشتایە تا ئێوارێ دوو جووت کەوشیان تەواو دەکرد. بەڵام بە یارمەتی ماشێن دەیانتوانی ڕۆژێ هەزار تاکیش بدروون. بەرهەم سەرجەم یەک و سەت و ئەولاتریش باڵا برا. مزی کرێکار کە جاران لە دە دوو بوو، بە هەزاران ناری عەلی، بە نیخەنیخ گەیشتە سەدیەک هەتا دوو لە بەروبوو؛ ئەوی تر خاوەن کار دەیبرد. زۆری نەبرد تای تەرازووی بەهرەبەران چەقیە زەوی و ڕادەی بژیوی ڕەنجدەران هێند نەوی بوو لە تام دەرچوو؛ دنیا بوو بە دوو بەشەوە: سەرمایەدار و کرێکار.

سەرمایەدار ببوو بە مار. کرێکاری وەک بۆق و مۆق و چوێلەکە ڕاو دەکرد و قوتی دەدان. ئەمجار وەک دەڵێن: ئەگەر مار مار بخوا دەبێتە هەژدیها، سەرمایەدار - کە دە پێشدا سەرلەنگۆڕی هەزاران بوون - بە خواردنی چێشکە و پێشکە دانەسەکنان؛ دەستیان کرد بە یەکتر خواردن. کێ زۆر و زێڕی زۆرتر بوو، کەمزۆر خۆر و زۆرخۆرتر بوو. سەرمایەی سەرمایەداری دراوسێی پار و پێراری، دەکردە پاروەخۆشەی خۆ و خۆیشی بە ڕووتی و نەداری بە کۆمەڵی کرێکاری هەژاری دەم لە پووش دەسپارد. هەتا دەهات بەرەی نەدار دەپەنەما و سەرمایەدار هەڵدەقرچا و دەهاتە یەک. تا کار گەییشتە ڕادەیەک شارێک، مەڵبەندێک، وڵاتێک - خڕ و پڕی - دەبوو بە کۆیلەی زێڕکڕی چەند کەسێک یان چەند ناکەسێک کە بە پەنجەی دەست دەژمێران. ئەو دەستە چەتە بێ پەتەش بە کۆمپانی و شیرکەت و میرکەت ناو دەبران. ئیتر زەوی چی و ئاوی چی؟ ڕبە و گەزی چی و جاوی چی؟ وردەپای خاوەن زەمین و کرێکاری لە مێژینە و کۆنەداراکەی ڕووت کراو سەر لەبەر تێک هەڵشێلدار و بەرگی کاری دەبەر کرا و بە نانەزگ وە کار خران. پخۆ و بڕۆ! هێز فرۆشی بێ سەرمایە، هەر کون دەبەیان نەدەبوو دەبوو بچێتە سەر کاری. گوێ لە مستی ماشێنەشین تا ئێوارێ بێ پشوودان، بی سەر خوراندن ماندوو بێ. درەنگانێک دەس هەڵگرێ. شل و شەکەت بە لارەلار، دڵ پڕ جغار، گیرفان بەتاڵ، بێتەوە ماڵ. ماڵی چی؟ هێلانە پەپوو! لێ وەرکەوێ و سەکەت ببێ. ئیتر ئەو هەلەی لە دەس چوو کە بتوانێ لە عەرز و عاسمان بڕوانێ و بیر لە ڕوەشتی سوروشت و نەدیاری و عیرفان کاتەوە. سەرمایەدارە مارەکەش لە خوای دەوێ چینی چەوساو خوا و خۆیان لە بیر بەرنەوە و خۆی بتێک بێ، بیپەرستن؛ خۆشی دراو بپەرستێ و دەربەستی هیچی تر نەیە.

بێ مایە و بێ پایەکانی دەسخەڕۆ و خاپێندراوی گزی و درۆ، دەڕۆن و دێن. گیانلەبەرن بەڵام نازانن چۆناوچۆن. کراونە بورغی و بزمار و پێچ و مۆرەی خاوەنکار و کەری بەربار. کەر و بزماریش ناتوانێ خۆی بێتە بیر. چ جای خەیاڵ لە عیرفان و دەرد و سندان بکاتەوە؟!

زوڵم و زۆری خاوەنکاری سەرمایەداری بێ ئاکار - کە وەک هەودای دورەمەودا هەر بیکێشە و بنەی نایە و تا دێ هەر زۆرتری ماوە و لە پێشوو پتر بەکێشە - کردیە کارێ چەقۆ گەیشتە سەر پێشە و پێوانە پڕ بوو؛ لێی ڕژا. بزمار بەو باردا وەرگەڕا؛ کەر باری گرانی لار کرد؛ بوو بە هەرا.

پیاوانی ژیر و خاوەن بیر - کە لەو بارە نالەبارە بە کینە و دڵگیر و زویر بوون - لەولاو لاوە کەوتنە تەگبیر. کارێک بکەن کە حەشاماتی چەوساوە بە بەرنامە خەبات بکا و چیتر نچیری ڕاو نەبێ. مرۆی هەژار هیچ نەبێ نیواونیو پیاو بێ. چەند بەرنامەیەک ڕێکخرا. گەوگەلی پس - پس تێکخرا. هەروا بەرەو دوا چەند فێرگە و کۆمەڵە و یەکیەتی و جفات دامەزران؛ دنەی چینی هەژاریاندا بەگژ ماف خۆراندا بچن. ڕاپەڕین لە دووی ڕاپەڕین خۆی دەنواند و لەجەر لەمپەری دەپەڕاند و لە ڕووی زۆرداردا دەیگۆراند و وەک شێری شەڕانی لێ هات و دەستی کرد بە هێرش بردن.

لەم ناوە لە سای مەلاوە دینیش وەبەر هەڵمەت کەوت.

- بڵێ بۆ چی؟

- چونکە وەک گوتمان مەلا و کاڵ، کەشیش و حاخامی دەسبڕ، ناو بەتاڵی بە دیمەن پڕ، وەک دەڵێن: سەرسووری بن شڕ، لە درێژایی مێژووی دەوری هەژار کرۆشتن و خوێنی لاواز فرۆشتندا دەستیان هەبووە. بەرەی مەلا بۆ خۆی ببووە چینێک لە ڕەشایی ئاپۆرە جودا و دەستی دەگەڵ زۆرداران دژی هەژاران تێکەڵ کرد و بیلاتەژبی ببوونە تاژی ڕاوکەران، کەروێشکیان بۆ ئاغا دەگرت و هێلکە و ڕۆنی خۆیان دەخوارد.

ئیتر هەر کەس هەر کۆمەڵێک لە هەر جێیەک دژی زۆردار ڕاپەڕیوە و بۆ ئازادی خەبتیوە. کاهین، موبید، کەشە، مەلا، حاخام، مالم، شێخ، موشتەهید، کۆچەک، پیر، خواجە، مەولانا و لەم بابەتەی بە ناو دیندار و عالم و لە ناوەوە بێ بار و بەرباد و وێران، وەکوو کوێران شوێن چاوساغی زاڵم کەوتوون، دەسکێشەکە بەرەو کوێی بردوون لە دووی چوون. بە درۆ و بوختان و عەداڵەت خوا، چاویان لە زوڵم و زەڵاڵەت نوقاندووە. بە ناوی سەبر و قەناعەت، قەزا و قەدەر و چارەنووس، بە زمانی لووس، مێشک و بیریان تەزاندوون و بە مار و دووپشکی سەرپان، بە ئاگری بێ ئامانی جەحەندەمیان تۆقاندوون و باسکی بزاویان سڕ کردوون.

ئەگەر بەو گفتە شیرین و نەرم و ڕەقانەش ساز نەبوون و هەرا و جیق و فیق هەر ماوە، مۆری کافر و زەندیقیان بە ناو چاوانەوە ناون و بە ناوی خوا و ڕاسپاردەکەی قڕیان کردوون. بەڵێ چینی کەشە و مەشە و مەلا، بۆ چەور و شیرینی خۆیان - کە بە مانی زۆردارانەوە بەسراوە - لە زۆر لێکراو و بێچاران بوونە بەڵا. لە ئەورووپا ئەو چینەی هەر بە دەمی خۆی کوێخادینە، تا دوانەفەس و دوامین کەس یاریدەی زۆر کارانیان دا؛ تا بە یەکجاری لە ناو چوون و توون بە توون بوون.

پاش ئورووپاش نۆرەی ئەمریکای لاتین هات. سەرلەنوێ عەینی کارەسات بەربینگی ئازادیخوای گرت. لە هەر کوێ شۆڕشێک دژی دژ بە گەلان و پیاوگوژانی لاسار و سالار هەڵگیرسا، کەشە بە ناوی بەرگری لە مەزەبی ڕەسمی دەوڵەت، ڕوو بە ئازادیخوا وێستان بوونە سەرەکەری بێستان!

هەر ئەم جۆرە هەڵوێستانەی کەواشۆڕان، بوو بە هۆی دین داچۆڕانی زۆربەی ڕۆشنبیرانی سەرزەوی و گوتیان: وشەی دین و عیرفان لە گیرفانی چینی بە ناو پیاوی دینی هاتۆتە دەر، تا بنیادەمی پێ کەر کەن؛ تۆڕی خۆیانی وەسەر کەن؛ بیری ژیری و ئازادژینی لە سەر دەرکەن. کەوابوو کێ گەرەکیەتی ئازاد بژی و بژیوی بە فێڕۆ نەڕوا، ئەَشێ سەری سەرمایەدار و زۆرداران - کە سەر بە مێزەرەکانن - پان کاتەوە و تریاکی گەلان - کە دینە - هەر بە سەر خۆیان داتەوە. مێشک وشک و سەربەتاڵن؛ خوێن تاڵن؛ ئێسکیان خواتەوە. دین وا بە چرووکی دەرکەوت.

عیرفانیش کە دەستەملانی بوو لە ناسازی خرپ خەوت. وا ئێستا وەکوو دەبینین عیرفان و دین زۆر لە کزین. لە سەر زەمین - مەگین لە هێندێ جێی چەپەک - دەرکراون. تەنیا لە لای هێندێکی کەم، بە دەم کوێخا دینی سەروپۆر، چەرم و گوشینی ڕوو هەڵماڵاو، بە ساویلکان دەورەدراو ماوە و ئەویش هەر بینا دیت تواوە و بە مەرەدی بەفری پارچوو.