سێ جەردە لە شیوێکا تووشی پیاوێک بوون...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٣)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  455 بینین

سێ جەردە لە شیوێکا تووشی پیاوێک بوون، کەرێک و هەندێ شتومەکی پێبوو، گرتیان ڕووتیان کردەوە. هاتن بڕۆن تەماشایان کرد وا خێڵێکی جاف لەو نزیکانەوە دەواریان هەڵداوە. وتیان: ئەگەر کابرای ڕووت کراوە هاوار بکا، خۆ ئەم هۆبەیە ئەمانگرن. هاتن هەر دوو قۆڵی کابرایان بەست و سواری کەرەکەی خۆیان کرد و بە ناو ماڵەکانا بردیان. کابرا هاواری کرد: خەڵکینە بۆ خاتری خوا، ئەمانە جەردەن ڕووتیان کردوومەتەوە چارێکم بکەن. یەکێ لە جەردەکانیش ئەیوت: خوا بکا تۆ چاک ببیتەوە، قەیناکا با ئێمە جەردە بین!

خەڵکی ئاواییەکە پرسیان ئەمە چییە؟ جەردەکان ئەیانوت: «قوربان ئەمە برامانە. سێ چوار شەو لەمەو پێش چووبووە سەر کانی، دەستیان لێ وەشاندووە و شێت بووە، ئێمەش ئەیبەین بۆ سەر میری سوور». خەڵکەکەش وایانزانی کە ئەمانە ڕاست ئەکەن. هەرچەند کابرا هاواری ئەکرد و سوێندی ئەخوارد، کە ئەمانە ڕێگرن و ڕووتیان کردۆتەوە، ئەوان هەر ئەیانوت: «خوا و میری سوور شفات بدەن». بەم جۆرە تیپەڕین تا دوور کەوتنەوە، کابرایان بەرەڵا کرد و گوێدرێژ و شتومەکەکەیان برد و بە بێ ئارەق دەرچوون!