خەلیفەیەکی گژن ئەچێتە گوندێک پیریژنێکی...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٣)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  469 بینین

خەلیفەیەکی گژن ئەچێتە گوندێک، پیرەژنێکی هەژاری لێ ئەبێ، دەورێشی خەلیفە ئەبێ، ئەچێتە پێشوازی و ئەیهێنێتەوە بۆ ماڵەوە، خەلیفە لە پاش تۆزێ حەسانەوە ئەڵێ: ئەچم بۆ مزگەوت، نوێژەکەی نیوەڕۆم ئەکەم و ئەگەڕێمەوە. ئەویش ئەڵێ، باشە بە قوربانت بم، منیش تەنها دوو هێلکە شک ئەبەم، بۆت ئەکەمە ناو ڕۆنەوە کە هاتیەوە بێقڕە بیخۆ. خەلیفە ئەچێ و نوێژ ئەکا و ئەگەڕێتەوە، لەو لاوە دەروێش شوێنی ئەکەون، ئەویش تووشی هەر کەس ئەبێ، ئەڵێ، با بچینەوە بۆ ماڵەوە! بە دە پانزە کەسێکەوە ئەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە، کە پیرەژن چاوی پێئەکەوێ وا خەلیفە ئەم لەشکرەی لەگەڵ خۆی هێناوە، هەردوو چاوی ئەپەڕێتە تەوقە سەری و لە داخا هیچی پێنامێنی. وا ڕێکەوتبوو شوێنەکەش ڕوە و ڕۆژ بوو، دەستێک ئەخاتە سەرچاوی بۆ ئەوە باش بۆی دەرکەوێ کە ئایا ئەم لەشکرە خەلیفەیە یان نە. بۆی ساغ ئەبێتەوە کە خەلیفەیە. لەم قسەیە زیاتر هیچی بۆ نایە کە ئەڵێ: «گژگژ، خەلیفە بە کەڵە، گژگژ، خەلیفە بە کەڵە!»