مەرسییە بۆ وەفاتی شێخ لەتیف شێخ مەحموود لە ساڵی 1392
لە کتێبی:
دیوانی عاسی
بەرهەمی:
مەلا مستەفای عاسی (1885-1975)
2 خولەک
930 بینین
لەناو زومرەی مەلەک ئیمڕۆ عەجەب گریان و غەوغا بوو
کە نووری دیدەیی زەهرا بە وێنەی زوهرە ئاوا بوو
دڵۆپەی چاوەیی ئاسمان هەناسەی ساردی غەمخواران
بەهاریان کردەوە زستان فەلەک میزانی گۆڕابوو
لەتیفی جەرگی شێخ مەحموود بە بەرگی مەرگەوە ڕۆیی
بە ئەشکی خوێنی دڵسۆزان زەمین شێوا و شەیدا بوو
زڕەی شیری ئەجەل هات و حەواڵەی دەستی قودرەت بوو
بلەوری گەردەنی لەت بوو کە موددەی ژیانی بەرپا بوو
تەماشای زاتی کاکەحمەد بیساتی تەعزیەی داخست
بەریدی مەعنەوی فەرمووی ئیشارەی شاهی لەولا بوو
ئەسەف بۆ ڕۆژی ڕوخساری کە پەردەی مەرگ دایپۆشی
سەفینەی بەژن و باڵاکەی کە تێک چوو غەرقی دەریا بوو
ئەمە چەند ڕۆژە میوانە لە خدمەت باوک و باپیری
کە ڕووحی شیرنی ڕۆیی بە گوڵزاری بەهەشت شابوو
لەبەر فرمێسکی پڕ حەسرەت نەما خاکێک بەسەردا کەین
بەسەر چوو گوڵشەنی حوسنی کەسەر لەوحەی تەماشابوو
شکا پشتی جەسارەتمان کە ئەڵبورزی بڵند ڕووخا
برووسکی مەرگی وا لێدا بە وێنەی تووری سینا بوو
غوباری ماتەم و حەسرەت سلێمانی وەها داگرت
ئەمە چەند وەختە بەو نەوعە کە ڕۆژهەڵات و ئاوا بوو
پەژارەی کۆچی ئەو زاتە لە ئاسمان ناگەڕێ ژیر بێ
خەفەتبارانە ئیستاکەش کە نرکەی ڕەعدی پەیدا بوو
قەڵاتی عیززەتی کورد بوو بناغەی میحوەری تێک چوو
جەلای خورشیدی غیرەت بوو لەسەر سەرمان کە ئاوا بوو
لە دیدەی نەسلی کاکەحمەد بەعام فرمێسکی خوێن دەتکێ
ئەسەف چاوی لەتیف ون بوو کە پەروین و سورەییا بوو
لەتیف و هەم ڕەئووف و تۆ خوداوەندا ببوورە لێی
لە دونیادا نەجاتت دا کە مەیلی داری عوقبا بوو
تەمەننایی لە قاپی حەق بە عەفو و حورمەتی بگری
لە نەسلی حەیدەر و زەهرا بە پاکی هات و پەیدا بوو
بیحەمدیللا کە تەئریخی لە ئەم چوار ناوی خوا دەرچوو
غفور و هادی و اللە ودود بۆ چوارەم ئەسما بوو
بە خوێنی دیدە دەینووسم لە لەوحی دڵ غەمی مەرگی
مەڵێن عاسیناسناوی ئەدەبی ڕیابازە لە دەرحەق باوکم هەر وابوو