ڕۆژی تێکۆشانە ئیمڕۆ ڕاپەڕن ئەی کوردەکان
لە کتێبی:
دیوانی عاسی
بەرهەمی:
مەلا مستەفای عاسی (1885-1975)
2 خولەک
900 بینین
ڕۆژی تێکۆشانە ئیمڕۆ ڕاپەڕن ئەی کوردەکان
با لەدەستتان دەرنەچێتن گەنج و خاکی نیشتمان
ببنە یەک پارچە بە مەردی ڕووحی کێشاون نیفاق
پشتی یەک بگرن لە مەیدان هەروەکوو شێری ژیان
چونکە یەک دڵ بوون لەگەڵ یەک پشتی یەکیان بەرنەدا
وا بە چاو دیتان نەتیجەی جوولە جوولی جوولەکەکان
لەم نەخۆشخانەی نیفاقا بەسیە نووستن وەرنەدەر
یەککەتی بێکەم پزیشکە بێ شرینقە و فەحس و ژان
ئالەت و دەرمانی ناوێ بێ عەمەلیات ناجیحن
شەربەتێکە یەک دڵیتان بۆ دەوای گشت دەردەکان
تەفرەقەش بۆ خۆت دەبینی چەند لەسیلیش پیسترە
جەرگ و گورجیلەت دەخواتن کاکی کوردی بێ گومان
چەند هەزار ساڵە خەریکی هەر نیفاق جەرگی بڕی
بوویە حیز و ژێر چەپۆکی بەدرەوشت وناکەسان
میللەتێکی وا نەفام بێ بۆ شیفاش دەرمان نەخوا
تا قیامەت حاڵی وایە بێ نەوا و هەم بێ نیشان
دوژمنی گەورەی هەمووتان هەر نیفاقە تێ بگەن
ئێوە جەرگی ئەو خراب کەن وەک پڵنگی چیایەکان
تۆزە ڕووحێکتان کە ماوە با ئەویش نەڕواتە دەر
فێری دەرسی یەککەتی بن تاج لەسەر نێن وەک کەیان
سەیری ناکەن چەندە ملوێن میللەت و قەومی عەرەب
ئایەتەلکورسی دەخوێنن شەو لە ترسی جوولەکان
کاکی خۆم عەیبە بە قورئان ئێوە جووشتان تێ نەبێ
نەبنە ساحیب ناو لە دنیا نەچنە ڕیزی حوکمەتان
هەرچی نامەردە دەری کەن نیشتمان با پیس نەکا
چونکە زوڕناچی بەلاشن بۆ هەموو بێگانەکان
دین هەوێنی ئیتتیفاقە ئەو قسەشتان پێ بڵێم
دینی ئیسلام بۆ سیلاحی پێش ڕەوی ئیسلامەکان
بەسییە عاسیناسناوی ئەدەبی واز بهێنە چیکە خۆت ماندوو مەکە
تەفرەقە وا گوێی بڕیون بوونە عەبدی عەبدەکان