چەند زەمانە کورد دەناڵێ بەم شرینقەو بەنجەوە
لە کتێبی:
دیوانی عاسی
بەرهەمی:
مەلا مستەفای عاسی (1885-1975)
3 خولەک
1136 بینین
بە موناسەبەتی نەورۆز داوایان کرد شتێک بنووسم. منیش بەناوی بەخێرهاتنی قائیمقام و ئامیر فەوج و چەند شیعرێکم بە عەرەبی و کوردی نووسی لە ١٣٩٢ی هجری و لە ١٩٧٢ی م
چەند زەمانە کورد دەناڵێ بەم شرینقەو بەنجەوە
چوو لە دەستیان نیشتمانیان گشت بە غەزنە و گەنجەوە
کەوتنە بەردەستی ئەوانەی خوێنی جەرگیان فڕ دەکەن
ڕەنجەڕۆ بوون تاکوو دەمرن بەو نەخۆشی و ڕەنجەوە
شێری عیززەتمان ئەسیرە وا لە چنگ ڕێوی نیفاق
گورگی بێگانە دەمانخوا وا بە پیر و گەنجەوە
ئافەرین بۆ کوردی پێشوو بوونە یەک دڵ بۆ هوجووم
سەیری کاوە چۆن زوحاکی خستە گێژ و مەوجەوە
تەفرەقە بۆتە ڕەوشتمان فیکری سەرکەوتن بە چی
ببنە یەک سەف با نەفەوتێن بەو دەماغی گەوجەوە
هەروەکوو دیواری پۆڵا ببنە یەک پارچە هەموو
چیت لە ناکۆکی و مەراق و پرتە پرت و منجەوە
ڕۆژی نەورۆزە عەزیزان ئەووەلی فەسڵی بەهار
کاتی شایی و هەڵپەڕینە زۆر بە لار و لەنجەوە
فەرموو با هەستین بچین و سەیری ناوباغان بکەین
شۆڕەبی بسکی دەلەرزۆ ڕوو بە ڕووی ئەگریجەوە
غونچە دێتە پێکەنین و بولبولیش ئێشک چییە
بەڵکوو ئیمڕۆ خۆی ببینێ لێو بە لێوی غونچەوە
بۆنی بەیبوون و هەڵاڵە و سوورە گوڵ تێکەڵ ئەبێ
نیرگس و لالە و بنەوشە بەو گڵووکی قنجەوە
یەککەتی بوو کەولی کاوەی کردە بەیداغی نەجات
خوێنی ناپاکی زوحاکی کردە کۆنە کونجەوە
تۆش لەباتی بەزم و شایی چاکە عیبرەت وەرگری
داری فیتنە هەڵقەنێن زوو بە ڕیشە و پنجەوە
ساڵ بە ساڵ وا دێتتە بەرچاو هێرشی کاوەی دلێر
گۆشتی گورجیلەی زوحاکی وا بە نووکی پەنجەوە
پێم بڵێن کوردی عیراق کامەی لە کاوەی کەمترە
ئاخ خەریکی داش بە داشن وا بە فەرد و زەوجەوە
شێری مەستی ئێمە ئێمڕۆ کاکی کورد، بەرزانییە
خۆش تەبیعەت نەرم و ناسک بەو لەتیفی و لەهجەوە
وەک پڵنگی چنگ بە خوێنە شێری نەڕ دێنێتە داو
ئەو سەرۆک و پشتیوانە بەو قەڵات وبورجەوە
چپلە لێدەن هەر دوو لاتان دەنگی فلیحیا العربعەرەبی
با بچێتە مێشکی عالەم تا بە چین و زەنجەوە
ڕوو لە خوا کەن قەومی کوردی دینە ئێوەی بردە پێش
ڕوو کەنە ڕێگای هیدایەت زوو بە پیر و گەنجەوە
سەد ئەسەف مووخی دەماغمان بۆ گەنی کرد تەفرەقە
عاسیناسناوی ئەدەبی تا ماوە دەگریێ بەو شرینقە و بەنجەوە