نامەکەی وەختی فیراقت ھات بە ئەشکی خوینەوە
لە کتێبی:
دیوانی عاسی
بەرهەمی:
مەلا مستەفای عاسی (1885-1975)
2 خولەک
1048 بینین
نامەکەی وەختی فیراقت ھات بە ئەشکی خوینەوە
ئاگری عیشقت لە دڵما وا بە تەک بنزینەوە
چاوەڕێی وەسڵی ئەتۆیە تەن بە جارێ دامرێ
کاتی وەسڵم من مەراقە چیم بە ماددەی ژینەوە
وا لەچینی زوڵفی تۆدا پێ لە کۆتی عیشقی تۆم
چینی ئەگریجەی ئەتۆم بێ چم بە سەر ماچینەوە
بەینی ئەبرۆت سەجدەگاھی عاشقی دڵ خەستەیە
غونچەیی لێوت دەمی دا وا بەسەر پەرژینەوە
من کە چاوم ھەر لە تۆیە تۆش بە عیشوە ڕوو کە من
تا نیساری مەقدەمت کەم ڕۆم بە قوستەنتینەوە
سوخمە ئاڵی قەد سنۆبەر لێم بپرسە دەفعەیێ
پێم بڵێ حاڵت چڵونە تۆ بەدەم ناڵینەوە
چاو ڕەشی ئەبرۆ کەمانی بۆ بە کوشتن حەز دەکەی
شاھیدم موژگانی خۆتن بەو برۆی قەوسینەوە
شاھیدێکە ڕۆژی مەحشەر بۆ شەھیدیم وەک بە چین
من بە ڕەنگی زەردی خۆم و تۆش بە پەنجەی خوێنەوە
عالەمت کردووە بە عبدولافی سالاریت ھەیە
بەو کڵاوەی لاری خۆت و چاوی خوممارینەوە
بۆ شەرارەی ناری عیشقت شاھیدت بۆ بێنمە ڕوو
وەک ھەناسەم گەییە زوڵفت پەرچەمەت لەرزینەوە
سەیری نەشئەی دڵبەرم کەن وا بە لەنجە کەوتە ڕێ
بەو کەوای گوڵداری زەرد و قۆندرەی لاپچینەوە
من بە دەستی عیشقی تۆوە ڕوو گوڵی گەردەن بلوور
بولبولێکم زۆر پەرێشان وام بە چەنگ شاھینەوە
بۆ تەوافی کەعبەیی ڕووت ھاتووم مەنعم مەکە
جێژنی قوربانە سبەینێ بمکوژە مەمژینەوە
تیری عیشقت دا لە جەرگم مەوجی خوێنم گەییە دڵ
خوێن لە ھەر دوو لا بە دائیم تک بە تک ئەتکێنەوە
کوشتەیی تیغی برۆتە بێ کفن بیشارنەوە
تا بڵێن عاسیناسناوی ئەدەبی شەھیدە خوێنی گەش بە برینەوە