بۆ حفلەی حاجی قادر

لە کتێبی:
دیوانی عاسی
بەرهەمی:
مەلا مستەفای عاسی (1885-1975)
 2 خولەک  922 بینین
شەوی حەفلەکە، لە پاش خوێندنەوەی وتار و هەڵبەستەکەم، کە چاوم بە ڕێک و پێکی حەفلەکە کەوت و زۆر بە تەرتیب ڕازایەوە و زیاد لە مەقسوود جوانتر هاتە بەرچاوم کەوتمە فیکری ئەوەی کە گفتوگۆیەکی تر لەگەڵ حاجی قادر بکەم و ئەوهەڵبەستە وەکوو نووسراوە بە دڵما هات و چۆی کرد هەتا سبەینێ نووسیمەوە
سەربڵند کە حاجی قادر سەیری جێی حفلەت بکە
بووە نموونەی باغی جەننەت فەرموو تۆش عوشرەت بکە
تۆ لە ئەستەنبول کە مردووی لێرە زیندوو بوویەوە
ئافەرینی ئەهلی کۆیەی باوەفا و مروەت بکە
وا لەپێناو شوهرەتی تۆ هاتنە مەیدای سەخا
ڕەسمی ئیخلاسی بە جێ هات شوکری چەند نیعمەت بکە
بۆ سروور و دڵنەوازی دەم بە خەندە ڕووکە گەل
مەرحەبای میوانەکان و هاوبەشی میهنەت بکە
سەیری ئەم گوڵزارە ناکەی بۆ ئەتۆ ڕازایەوە
لاوەکانمان بوونە غیلمان مەیلی یەک شەربەت بکە
بێرە ساحەی حەفلەکەی خۆت تا ببینی حورمەتت
سەیری شانۆ و مێز و کورسی و ڕەسمی پڕ هەیبەت بکە
پیر و جوانمان هاتە سەیری، مامە حاجی هەستە پێ
باش تەماشای تەخت و بەخت و زینەت و شەوکەت بکە
حوور و غیلمان و قوسوورە، چاو بڵند کە مامە گیان
بۆ شعووری قەومی کۆیە هەر دوعای عیززەت بکە
زۆر بە دیققەت بۆ تەماشا چاو بڵند کە چاوەکەم
دەم بە خەندە و پێکەنین بە ڕوو لە ڕووی جەننەت بکە
ساز و سەمتوور و موغەننی شیعری پڕ مەعنا و بەسۆز
فەرموو گوێ بگرە بە قوربان ڕوو لە ڕووی میللەت بکە
ناوی تۆیان کردە بەیداغ وا لە لوتکەی چیایەکان
بای مەحەببەت ڕایدەژێنێ تۆش دوعای نەسرەت بکە
ئەم مەکینە یادی تۆیە وا شەوی کردۆتە ڕۆژ
فەرموو ئەژمارەی گلۆپی کارەبای نەدوەت بکە
بۆ تەرەققی شاری کۆیە تا فەلەک دەورانەکا
ڕوو لە میحرابی دوعا و بارەگای وەحدەت بکە
زۆر ڕجایە کاکی کوردی ئەم ڕەوشتە تێک نەچێ
کورد بە تا دونیا دەمێنێ خاک و دین خزمەت بکە
من لە خوام داوایە حاجی لێت ببوورێ هەرچی بوو
ئیددیعای ڕوتبەی شەهادەت تۆش بە ڕێی غوربەت بکە
عاسیناسناوی ئەدەبی حەیرانە لە وەسفت چەندی بیڵێ زیاتری
سەد ئەسەف کەلکی نەگرتی چاوەڕێی ڕەحمەت بکە