فەلەک شینە لەبەر شیوەن مەلەک پڕ زارە لەم زارە

لە کتێبی:
دیوانی عاسی
بەرهەمی:
مەلا مستەفای عاسی (1885-1975)
 2 خولەک  993 بینین
لە وەختی شێخ مەحموود لە ئەشکەوتی جاسنەی دابوو، ئینگلیس بە تەیارە بوردومانی دەکرد، ئەمن لە دێی سارتکە بووم. هەموو ڕۆژ ئاگادار بووم تەیاردە دەهات. لە تاران ئەوەم نووسی
فەلەک شینە لەبەر شیوەن مەلەک پڕ زارە لەم زارە
زەمین سەوزە بە تۆوی غەم لەبەر ئەم هات و هاوارە
کەوا نەسلی ڕەسوولە للا غەریقی بەحری حەسرەت بوو
خودا، کەشتی نەجات با بێ لەبۆ ئەم شۆخە سەردارە
بنێرە نووحی لوتفی خۆت سەفینەی شادی هەڵبەستێ
لەسەر جوودی سلێمانی قرار گیر بێ کە ئەم جارە
کەر و سیک و سەگ و سۆچەر، تەیارە و قونبولە و شەست تیر
هەمووی خڕبوونەوە یەکسەر لەسەر ئەم شاهە نازدارە
دەخیل ئەی دەوڵەتی ئیسلام هەتاکەی مات و بێدەنگی
کە مەحموود چەندە مەغدوورە بنێرن تۆپ و تەیارە
مەلا و دەروێش و سۆفی و شێخ، غەزایە بۆچی وەستاون
مەزاتە جەننەتولئەعلا بە ڕووح هەرکەس خەریدارە
لەو لکەی میللەتی ئیسلام کەریم بەگ سادیقولوەعدە
دەتوانم شاهیدی بۆ بدەم لە ڕیزی ڵسمی ئەبرارە
عەلی شێری خودا کوانێ قەڵاکەی خەیبەری ڕووخاند
کە شێخ مەحموودی کاکە حمەد گرفتاری سەگی هارە
قوماندان عەسکەر و زابت، سەرم قوربانی سەرتان بێ
مەترسێن دوژمنی دینمان هەمووی مەیموون و سەگسارە
بە ڕوپیە و نۆت و ئانە و فێڵ کڕی غیرەت بە یەکجاری
سیلاحی دینی دەرهێنا لە دەست ئیسلامی بێچارە
دەخاڵەت ئەی عەشایرها بکێشن غیرەتێ ئێوەش
کە شایەد نوتفەیی ئەحمەد نەجاتی بێ لە ئەم غارە