کە من خێرم نەبوو قوربان لە ئاموشۆیی دیوانت
لە کتێبی:
دیوانی عاسی
بەرهەمی:
مەلا مستەفای عاسی (1885-1975)
1 خولەک
1059 بینین
کە من خێرم نەبوو قوربان لە ئاموشۆیی دیوانت
خوداحافیز ئەوا ڕۆیم لەبۆ زیندانی هیجرانت
ئەگەر چە من لە لام خۆش بوو بە دڵ ئەمما ئەتۆ قوربان
لەلات عار بوو منی بێکەس کە جارجار ببمە میوانت
ئەگەر یادی منت کرد تۆ مەڵێ زۆر بێوەفا دەرچوو
وەفادارم وەفادارم قەسەم بەو ماهی تابانت
خەتای تۆ قەت نەبوو جانا ڕەقیبی سەگ سیفەت وای کرد
وەکوو بولبول کە مەحرووم بم لە غونچەی لێوی خەندانت
نەخۆشێکم گەلێ بێهۆش خەریکی فیکری دەرمانم
کە مەئیوس بووم لە غەم خواری وتەداوی لوتفی لوقمانت
لە دەستی بەختی سەرگەشتە ئەوا وێڵ بووم بە دونیادا
بە دڵ توخودا دوعا فەرموو لەبۆ بەندەی پەرێشانت
نەتیجەی قەت نەبوو بۆ من ئەوەندەی داری سەبرم چاند
مەئالی بوومە مەنفووری هەموو ئەتباع و خوێشانت
غەریب و بێکەس و عاجز و بریندار و دڵ ئاوارە
گەلێ شوکرم ئەمن جانا موهاجیر بووم لە دەربانت
بەتەن هەرچەندە لێت دوورە بە دڵ هەر حازرە عاسیناسناوی ئەدەبی
لە هەر جێ دابنیشم من منم مەدح و سەنا خوانت