خورشە تازەی مێردی کردبوو بە حەمە وەیس...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  468 بینین

خورشە تازەی مێردی کردبوو بە حەمە وەیس، یەکتریشیان زۆر خۆش ئەویست، خورشە هێشتا جلی بووکێنی لەبەر دانەکەندبوو و مردن لە ڕێگای هەموو کەسێکایە حەمە وەیس مرد! خورشە هەموو ئێوارەیەک ئەچووە سەر گۆڕەکەی و تێر و پڕ بۆی ئەگریا.

ئێوارەیەکیان چوو بۆ سەر زیارەتان، لە جۆشی گریانا بوو، کوڕێکی گەنجیش هات لەوبەری قەبرەکەوە دانیشت و لەو بە کۆڵتر دەستی کرد بە گریان، پاش لێبوونەوە خورشە بە کوڕەکەی وت: خوا سەواوت بنووسێ براکەم، کوڕەش چاوی سڕیەوە و وتی: توخوا خوشکم ئەوە چیت بوو؟ خورشە وتی: وەڵڵا براکەم مێردم بوو، وتی: زۆرت خۆش دەویست؟ وتی: بێ یەک نەمانەکرا، وا ئێستا خاک لێکی جیا کردینەوە. ئیتر خورشە نەیپرسی لەو کوڕە تۆ چی ئەم بوویت وا بەو جۆرە بە کوڵ بۆی ئەگریای؟ ئەمجا کوڕە وتی: دەسا خوشکم بیکە بە خاتری ئەو خۆشەویستە جوانەمەرگەت ئەگەر لەو شوێنەدا یەکێکم نەدەیتێ! خورشەم خورشە بوو، هەر گوێی لەمە بوو هەستا لوس و باریک بۆی پان بۆوە وتی: وا سوێندم ئەدەی بە گۆڕی حەمە وەیسی جوانەمەرگ ناتوانم دڵت بشکێنم وەرە پێشەوە! ئیتر کار لە کار ترازا!