شێخ حسێنی قەرەداغی هەبوو بۆی گێڕامەوە وتی...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  324 بینین

شێخ حسێنی قەرەداغی هەبوو بۆی گێڕامەوە وتی:

ئەوە ئەمەوێ بچمەوە بۆ ماڵەوە تووشی دروشکەیەک بووم بە دروشکەچییەکەم وت: بە چەند سوارم ئەکەی؟ وتی: بە دوو ڕوپیە. وتم پیاوی چاک بە زەلامێک بە ڕوپییەک سوار ئەکرێ، ئێستا چۆن ئەڵێی دوو ڕوپییە؟ وتی: ئاخر تۆ زۆر زلی لە دوو زەلامیش زلتری. وتم ئەمە قسە نییە تۆ ئەیکەی، هەر وەکوو خەڵکی تر دوو دەستم هەیە و دوو قاچم هەیە و دوو چاوم و دوو گوێ، ئیتر چیم زیاترە لەو خەڵکە؟ وتی: بە هەر جۆر بوو لەگەڵ ئەوەش کە خەڵکی تری بە ڕوپییەک سوار ئەکرد بە ڕوپییە و نیوێ ڕێ کەوتین هاتم سوار بم وتی: نەکەی، بچۆ لە پشتی عەرەبانەکەوە بسوڕێوە و وەرە بەدزی ئەسپەکانەوە خۆت بکوتەرە ناو دروشکەکەوە، ئەگینا ئەسپەکان چاویان پێت بکەوی بە دوو زەلامت تێ ئەگەن و نایەڵن.