مەلا حەسەنی شاتری بۆی گێڕامەوە وتی عێلی...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  378 بینین

مەلا حەسەنی شاتری بۆی گێڕامەوە وتی:

عێلی سەرەوژوور ئەچوو بۆ کوێستان، منیش ئەچووم بۆ «کفری.» پیاوێکی جاف هەبوو «ڕەوە»ی ناو بوو، لە ڕێگادا تووشم بوو و ئەویش هەر بۆ کفری ئەچوو، وتی: مەلا حەسەن تۆ خانەخوێت هەس؟ وتم ئا. وتی: سا بە خوا من نیمە، منیش هەر تێم بۆ ماڵی خانەخوێکەی تۆ. وتم: باشە.

گەیشتینە ناوشار، کابرایەک ترۆزی ئەفرۆشت، کۆمەڵ کۆمەڵی کردبۆوە بانگی ئەکرد کۆمەڵی بە پێنج قروش، «ڕەوە» لێم دوور کەوتبۆوە، کە گوێی لە کابرای ترۆزیفرۆش بوو، هەر لە دوورەوە لەناو بازاڕەدا بە دەنگێکی قایم بانگی کرد: هۆ مەلا حەسەن، مەلا حەسەن، ئا پێنج قرۆشێکم بۆ بسێنە! منیش ترۆزیەکم بۆ کڕی و شەوێ چووینە ماڵی خانەخوێکەی من.

شەو ئەوا دانیشتووین کتوپڕ کابرا لە ماڵەکەدا تێرگەلەیەکی بە مارپێچەکەیەوە بەرچاو کەوت، هەر ڕاست بۆوە و هاواری کرد کوڕگەل! ئای کەوە کیفن خواردمانی! نێرگەلە و مارپێچی دایە بەر گوڵ! لەمە بووینەوە و دانیشتبووین ئاوێنەیەک بە قەد دیوارەکەوە بوو، منداڵێکیشمان لا دانیشتبوو، منداڵەکە لەناو ئاوێنەکەدا لە «ڕەوە» وە دیاربوو، کە دیاریش بوو بە سەرەولێژی دیار بوو، ڕەوەهەر کە چاوی بەمە کەوت پەلاماری منداڵی ناو ئاوێنەکەی دا و وتی: یا غەوس نەتکردوێ، یا غەوس نەتکردوێ! لای وابوو ئەمە ئەکەوێتە خوارەوە!