لە ساڵی ١٩٤٦ بە دواوە مەدرەسە شرافتی ئێرانی...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 3 خولەک  498 بینین

لە ساڵی ١٩٤٦ بە دواوە مەدرەسە شرافتی ئێرانی هەبوو لە بەغدا لەبەری کەرخ لە «بیت النواب» بەسەر ڕووباری دجلەدا ئەیڕوانی، پاشان ئەو مەدرەسەیە هاتە بەری ڕەسافە، شارع ڕەشید، حەیدەرخانە. کتێبخانەیەکی چاکیان هەبوو من ئەو سەردەمانە لەگەڵ گۆڤاری گەلاوێژ خەریک بووم، جگە لەمەش گەڵاڵەی «مێژووی ئەدەبی کوردی»م دانا بوو، لەو مێژووەی پێشوو بە دواوە هاتوچۆی کتێبخانەی ئەو مەدرەسەیەم ئەکرد بۆ سەیرکردنی سەرچاوە، هەم بۆ مێژووی ئەدەبی کوردی، هەم جار جاریش بۆ گەلاوێژ، بەو بۆنەوە ناسراویم لەگەڵ دەستە و دایەرەی مامۆستاکانا پەیدا کردبوو.

«ئاقا محەمەد عەلی خوانساری» موفەتیشی هەموو مەدرەسەکانی ئێران لە عێراق و گەلێ جار لە مەدرەسەی شەرافەت یەکمان ئەگرت و قسەمان ئەکرد. جارێک قسەکەمان سەری کێشا بە لای کورد و زمان و ئەدەبی کوردەوە، هەڵی دایە وتی: کورد و فارس یەک ڕەگەز و نەتەوەن. وتم: بەڵێ وایە و هەر دووکیان لە ڕیشە زمانەکانی ئارین. وتی: زیاد لەمە ئەمانە هەر دووکیان بران و لە ئێرانا هیچ جیایییەک لە بەینیانا نییە. وتم: ئەوە وەکوو جەنابت ئەڵێت لەوێ هیچ جیایییەک نییە، بەڵام ئێمەی کورد لە عێراقدا گۆڤار و ڕۆژنامەمان هەیە و بە زمانی خۆمان لە قوتابخانەکانا ئەخوێنین و بە زمانی خۆمان کتێب دائەنێنن! وتی: بەڵێ، بەڵام لە ئێرانا لەبەر ئەوەی کە بران ئەو جیاییە لە بەینیانا نییە هەموو بە زمانی فارسی ئەخوێنن. وتم:

باشە بران، بران، بەڵام ئەو برایەتییە هەر ئەبێ بەلای فارسیدا بڕوا؟ بۆچ ئەبێ تۆزێکیش بەلای برا بچووکەکەدا نەڕوا، خۆ بران با لە ناوچەکانی کورددا تۆزی بە کوردی بخوێنن و کەمێکیش لە ناوچەکانی ترا با تۆزێک لەم زمانی برایییە بزانن و بخوێنن. لە هەموو وڵاتی کوردەواری ئێراندا ئەگەر یەک تاقە قوتابخانە هەبوو کە بە زمانی کوردی بخوێنێ ئەو وەختە من هەموو حەقێکت ئەدەمێ، ئەگینا برای چی و کەی برایەتی وا ئەبێ؟ وا دیارە برایەتییەکەی کورد و فارس لە ئێرانا وەکوو ماڵ بەشکردنی دوو برایەکە. وتی: ئەوە چی بوو؟ وتم ئەگەر برا بووینایە تۆزێک لە زمانی ئەم برایەی خۆتان ئەزانی، بۆ ئەوە ئەو کارەساتە لە گۆڤاری گەلاوێژ بخوێننەوە. کە گەیشتە ئەم شوێنە، ئەو دوایی بە قسە هێنا و ئیتر منیش لەسەری نەڕۆیشتم.