مەلا ئەمینی جەففار هەبوو لە سولەیمانی تا...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 3 خولەک  384 بینین

مەلا ئەمینی «جەففار» هەبوو لە سولەیمانی، تا شەڕی گەورەی یەکەمیش هەر مابوو، کەوا و سەڵتەی لەبەرا بوو، جامەدانەی ئەبەست بەسەرەوە، هەندێ جاریش مێزەرەی سپی، کتێبی جەفرەکەی لە باخەڵا بوو، دایئەنا بەناو شارا ئەگەڕا، زۆر خەڵک ئەچوون بۆ لای جەفریان پێ ئەگرتەوە.

جەفر، زانیارییەکە کە دەنگ و باسی لەمەوداو ئەدا بە دەستەوە، ئەم زانیارییە زانیاری ئەستێرەژمێری نییە، عیلمی «ڕەمڵ» یش نییە. ڕەمڵ ئەوەیە کە کابرای ڕەمماڵ هەندێ لم ئەکاتە ناو دەورییەکەوە، ئەو کەسەی کە ئەچێ ڕەمڵی بۆ بگرێتەوە، کابرا لمەکە لەناو دەورییەکەدا پان ئەکاتەوە سافی ئەکا، بە پەنجە چەند خەتێکی پیا دێنێ و پێچەڵێوچێکی تێدا ئەکا و پاشان بە کابرا ئەڵێ ئیشەکەی تۆ ئاوایە و ئاوایە، ئەم ڕەمڵگرتنەوەیە وەنەبێ شتێکی بە بناغە بێت، بەڵکوو کابرای ڕەماڵ بە ئارەزووی خۆی قسە ئەکا و بۆ خەڵک هەڵخەڵەتاندنە، بەم ناوەوە نانێکی پێوە ئەخوا.

بەڵام جەفر وانییە بناغەی هەیە بەڵکوو عیلمە، مەلا ئەمینی جەفار کە کتێبەکەی ئەگرتەوە بەردە مۆرەکەی ئەهێنا، ئەم بەردە مۆرەیەش شەش پاڵوی هەبوو لە وێنەی قاڵبە سابوونێکا، بەڵام بچووک بوو، تۆزێ لە نۆک گەورەتر، لە هەر لایەکەوە حەرفێکی لەسەر نووسرابوو، هەر جارە کە هەڵی ئەدا حەرفێکی ئەهێنا، قەڵەمێکی بە دەستەوە بوو، کاغەزی لەبەر دەما بوو حەرفەکەی ئەنووسی، ئەمجا هەڵی ئەدایەوە حەرفێکی تری ئەهێنا، وە یا هەر حەرفی پێشووی ئەهێناوە، ئەویشی لەپاڵ ئەوی تردا ئەنووسی، تا بیست جار ئەم ئیشەی ئەکرد، پاشان حەرفەکانی لێک ئەدا تا وشەی لێ دروست ئەبوو، ئەم وشانەی بە دێڕێکی تر ئەنووسی، دوای ئەمە ئەو کەلیماتانەی کە سێ حەرفی بوونایە و مەعنایەکی بدایە، ئەگەر لە کەلیمەکەی تەنیشی حەرفێکی بخرایەتە سەر، مەعناکە ئەبوو بە شتێکی تر، کەلیمەکەی تەنیشت ئەوا حەرفێکی لێ کەم بۆوە، لە کەلیمەی تەنیشتی ئەوە بەلای چەپەوە حەرفی بۆ ئەهێنا و ئەیخستە سەری تا ئەبوو بە کەلیمەیەکی مەعنادار، لەسەر ئەم جۆرەش دێڕێکی تری دروست ئەکرد. بەم تاو و تۆیە، کە ئەیکرد پێنج شەش دێڕ دروست ئەبوو. پاشان کتێبەکەی ئەکردەوە سەیری ئەو وشە و دێڕانەی ئەکرد و سەیری کتێبەکەی ئەکرد، کتێبەکە ئەیوت: ئەگەر فڵانە وشە لەگەڵ فڵانە وشەدا بوو، وەیا چەند وشەی ئاوا و ئاوا کەوتبوونە پاڵ یەک، مەعناکەی ئەوەیە ئەو ئیشە ئەوەیە و ئاوایە، لە ڕاستیدا ئەو ئیش و مەرامە نادیارە هەر شتێک ببووایە ڕوونی ئەکردەوە و وەکوو هێلکەی پاککراو ئەیدا بە دەستەوە. مەلا ئەمینیش ئیتر مەبەستەکەی بە کابرا ئەوت، لە ئەنجاما ئەو ئیشە وەکوو جەفرەکە وتبووی هەر وا ئەهاتە پێشەوە، بۆ ئەم جەفرە ئەتوانرێ بوترێ مەلا ئەمین یەکەمین کەس بوو لە سەردەمی خۆیا و لە چەرخی خۆیا.