نەسرەت خانمی سەقزی سەرەتا هاوسەری عبدووڵڵا...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 5 خولەک  420 بینین

نەسرەت خانمی سەقزی، سەرەتا هاوسەری عبدووڵڵا بەگی «مصباح» بوو، ئەو نەسرەت خانمە، کە لە هەموو ئەو وڵاتەدا بە یەکەم نازدار و کڵاولار ناوبانگی دەرکردبوو لەگەڵ «مصباح» دا ڕێ نەکەوتن، دوای ئەو مێردێک و دوو و... سەرە هاتە سەر «سەیفەددین خانی»ی سەقز، سەیفەددین خان کەوتە سەر ئەوە کە بیهێنێ، هەر لەو سەردەمانەدا برازایەکی عەلی ئاغای گەورەک - کە ئەم عەلی ئاغایەش کۆنە مێردی نەسرەت خانم بوو، ئەویش کەوتە سەر ئەوە کە نەسرەت خانم بهێنێت. ئەو کوڕە بە ڕاستی جوانچاک و شۆخوشەنگ بوو، تازە پێی نابووە بەهاری گەنجییەوە، هەڕەتی هەرزەکاریی بوو، وەکوو گوزارشتێکی کوردی هەیە ئەڵێ: خوشکی خۆی ئاشقی ئەبوو، سەیفەددین خان تۆزێ چووبووە ساڵەوە لە چاو ئەودا هیچ نەبوو.

ڕێ کەوت شتی سەیر دێنێتە پێشەوە! لەو وەختەدا کە سەیفەددین ئەچێ بۆ خوازبێنی نەسرەت خانم، کوڕەکەی برازای عەلی ئاغایش هەر ئەچێ بۆ ئەو نیازە!

ئەو بە جلوبەرگ و تەدارەکی سەقزی و ئەم بە شەرواڵ و ماراخانی و پشتێنی پەشمی دەستووری گەورەکیەوە لە ماڵی نەسرەت خانم کۆ ئەبنەوە. سەیفەددین خان هەست ئەکا کە ئەو کوڕە تەدارەکە بۆ چی هاتووە، وە ئەگەر بێتە سەر جوانی و تەمەنیش، ئەوە ئەو کوڕە لە جوانیشدا و لە تەمەنیشا لەمی ئەباتەوە! و ئەزانێ کە نەسرەت خانمیش ئەکەوێتە شوێن ئەو جۆرە شتانە. ئەڵێ ئەگەر نەکەومە خۆم ئیشم لەدەست چووە!

هەر دووکیان دووبەدوو لە ژوورەکەی ماڵی نەسرەت خانم دانیشتوون، ژوورێکی تریش بەتەنیشت ئەو ژوورەوە ئەبێ کە دەرگایان بەسەر یەکەوە ئەبێ، بە جۆرێکی وا ئەگەر لەم ژوورەوە قسە بکرێ لە ژوورەکەی تر گوێیان لی ئەبێ. نەسرەت خانمیش هەستی بەوە کردووە کە ئەم دوانە لە دڵا بە تەمای ئەون و گوایە بە جۆرێکی نادیار بۆ خوازبێنی ئەو هاتووە. سەیفەددین خان چاوەڕێی ئەوە ئەکا کە نەسرەت خانم ڕێی بکەوێتە ژوورەکەی تەنیشت ئەمانەوە بۆ ئەوەی سەری هەندێ قسە دابمەزرێنێ، نەسرەت خانم بە ئیش ڕێی ئەکەوێتە ئەو ژوورە، سەیفەددین خان چاوی لێیە ئیتر بە سەریا ناڕوا، خێرا ڕوو ئەکاتە کوڕەکە و ئەڵێ: بە ڕاستی ئەم شەرواڵ و مراخانی و شەدەیە شتێکی نایابە و مووبارەکت بێ، جوانێکی وەکوو تۆ هەر ئەبێ شتی وا لەبەر کا، ئەتوانم بڵێم جوانی و شەوکەتی تۆیە وا ئەم جلوبەرگەی جوان کردووە! نەسرەت خانم کە گوێی لەم قسەیە ئەبێ، هەرچەندە بە ئیش هاتبوو بۆ ئەو ژوورە، بەڵام ئیستێکی بۆ ئەکا و گوێ ڕائەگرێ بۆ قسەکە! سەیفەددین خانیش ئەزانێ وا ئەو لەوێ خۆی داگرتووە، لەسەر قسەی خۆی ئەڕوا و ئەڵێ:

شەوکەتی واو جلوبەرگی وا ئەبێ سەر و سواریەکی چاکیشی هەبێ. کوڕەش ئەڵێ: خان ئەوە تۆ لوتفت هەیە، هەرچەندە عەیبیشە خۆم بیڵێم، بەڵام لە سایەی سەری تۆوە ئەتوانم بڵێم لە هەموو گەورکدا ڕەنگ بێ سوارێکی تری وەکوو من نەبێ، لە نیشان شکاندیشا مەل بە هەواوە ئەخەمە خوارەوە. سەیفەددین خانیش ئەڵێ: «الحمد اللهعەرەبی» وەڵڵا زۆرم پێ خۆش بوو کە ناسراویم لەگەڵ جوانچاک و سوارچاکێکی وەکوو تۆدا پەیدا کرد. ئەوا نەسرەت خانمیش لەو دیوەوە هەروا گوێی لێیە. سەیفەددین تێ هەڵئەچێتەوە ئەڵێ:

ئاغاواتی گەورک دەوڵەمەندن و لە هیچ شتێکا ناتەواویان نییە، بەڵام ئاخ هەرچەندە خۆ ئەوەش پیاوەتییە لە ڕووی ماڵ و ماڵدارییەوە بەرەلێیەکیان هەیە و هیچ گوێ نادەنێ، خۆ منیش هەروامە، بەڵام دیسان هەر پێم ناخۆشە و نازانم تۆ لەو ڕووەوە چۆنیت؟ کوڕەش ئەڵێ: دەسا خان وەڵڵا من وانیم، پوڵ بە پوڵ و شایی بە شایی حساب ئەکەم و نایەڵم لەو ماڵەدا دەنکێ گەنم بەخۆڕایی بڕوا.

زەردەخەنەیەکی بۆ ئەکا و ئەڵێ: خان ئەی لەم ڕووەوە جەنابت چۆنیت؟ ئەویش ئەڵێ:

پێم وتی: منیش هەر وەکوو گەورک بەرەڵام، لەو ماڵەی خۆما بە بار قەند و چا و برنج و ڕۆن و کوتاڵ ئەخەمە بەر دەستیان، ئاگام لە هیچ نییە مەگەر ئەوەندە نەبێ پێم ئەڵێن زەخیرە نەماوە، ئەنێرم ئەوەندەی تر دێنن و ئەیخەنە بەر دەستیان، تەنانەت ئۆ ئیش و کاری موڵکداریش هەر هەمووی ئەدەمە دەست کابانی ماڵ و ئەو بەسەر ڕائەگات، من تاقەتی ئەو حساب و وردەکاریانەم نییە.

نەسرەت خانم گوێی لە هەموو ئەم قسانە بوو، وە نەشیزانی کە نیازی ئەم دووە هەر دووکیان بۆ خوازبێنی ئەوە. لە دڵا وتی: من مێرد بە یەکێک ئەکەم کە حسابم لەگەڵ نەکات، نەک یەکێک بێت کە لەسەر هەموو شتێکی ورد و درشت لەگەڵما بکۆڵێتەوە؟ بڕیاری خۆی لەسەر ئەوە دا کە مێرد بە سەیفەددین خان بکات نەک بە کوڕە.

قەدەر هێنای لە ئاخرا مێردی بە سەیفەددین خان کرد و کوڕیشی لێی بوو، سەیفەددین خانیش بەو تەونە کە نایەوە بۆ کوڕەکە بوو بە خاوەنی نەسرەت خانم.