ئەوا ئینگلیز ئیحتیلالی عێراقی کردووە مێجەر

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 6 خولەک  515 بینین

ئەوا ئینگلیز ئیحتیلالی عێراقی کردووە، مێجەر «سۆن» لە سولەیمانی تۆز ئەکا - زەبر و زەنگێکی وا ئەنوێنی هەر نەبێتەوە! فەرمانی دەرکردووە، کە بە هەر شوێنێکا ئەو بڕوا ئەبێ خەڵکەکە هەموو ڕاوەستن و نەڕۆن تا ئەو ئەڕوا، ئەگەر بەناو بازاڕا تێپەڕ ببێ دوکاندارەکان بەرزە پێ هەموو ڕاوەستن! مەلا عەلی مەڵکەندی هەموو ڕۆژێ لە ماڵەوە ئەهات، دوکانەکەی لە خوار مزگەوتەکەی ناو بازاڕەوە بوو، ئەچوو لەوێ دائەنیشت مۆری هەڵئەکەند.

ڕۆژی مێجەر «سۆن» ئەیەوێ بچێ بۆ ناو بازاڕ، لە سەرا دەرئەچێت و ڕاست سەرەوخوار ئەبێتەوە بۆ ناو ڕاستە بازاڕەکە، بەبەر هەر دوکانێکا ئەڕوا خاوەن دوکان بەرزەپێ ڕاست ئەبێتەوە و بەو جۆرە ئەڕوا تا ئەگاتە بەر دوکانەکەی مەلا عەلی، سەیر ئەکا مەلا عەلی قورئانێک لەو لاوەیە و مۆرێکیش بە دەستیەوەیە هەڵی ئەکەنێ، نە هەستا و وە نە سەریشی لەسەر مۆرەکە بەرز ئەکاتەوە! مێجەر سۆن لەمە زۆر توڕە ئەبێ، گوێ ناداتێ ئەڕوا، سەرەوخوار لەو لاوە ئەگەڕێتەوە، تەماشا ئەکا مەلا عەلی هەر لەبەری هەڵناستێ، ئەچێ لەبەر دوکانەکەیا ڕائەوەستێ (ئەویش سەر هەر بەرز ناکاتەوە) بە توڕەییەکەوە ئەڵێ:

مەلا عەلی ئەوە بۆچ هەڵناستی؟ مەلا عەلی سەر لەسەر مۆرەکە بەرز ئەکاتەوە تەماشا ئەکا ئەمە مێجەر سۆنە، ئەڵێ: بۆچ هەستم؟! ئەڵێ: نامناسی؟ ئەڵێ: بۆچ ناتناسم مێجەر سۆنیت! ئەڵێ: فەرمانەکەی منت نەبیستووە؟ ئەڵێ: بەڵێ بیستوومە!

ئەڵێ: کە واتە بۆچ هەڵناستی؟ و. ئەڵێ: ئەم قورئانەی ئێمە ئەفەرموێ:

«لا یتخذ المؤمنون الکافرین اولیا و من دون المؤمنین»

مێجەر سۆن زۆڵ و شەیتان ئەبێ. ئەڵێ: مەلا عەلی تۆ ئەو ئایەتە بۆ من ئەخوێنیتەوە ئەی سەیری ئەو ئایەتە بۆ ناکەی کە ئەڵێ:

﴿قُلِ اللَّهُمَّ مَالِکَ الْمُلْکِ تُؤْتِی الْمُلْکَ مَن تَشَاءُ وَتَنزِعُ الْمُلْکَ مِمَّن تَشَاءُ وَتُعِزُّ مَن تَشَاءُ وَتُذِلُّ مَن تَشَاءُعەرەبی

مەلا عەلی وا هەر دانیشتووە و هەڵناستێ، ئەڵێ بەڵێ ئاگام لەوەش هەیە، بەڵام تۆ و غەیری تۆیش ئەبێ ئاگاتان لەو ئایەتەش هەبێ کە ئەفەرموێ:

﴿وَابْتَغِ فِیمَا آتَاکَ اللَّهُ الدَّارَ الْآخِرَةَ وَلَا تَنسَ نَصِیبَکَ مِنَ الدُّنْیَا وَأَحْسِن کَمَا أَحْسَنَ اللَّهُ إِلَیْکَ وَلَا تَبْغِ الْفَسَادَ فِی الْأَرْضِ إِنَّ اللَّهَ لَا یُحِبُّ الْمُفْسِدِینَ﴾عەرەبی

مێجەر سۆن هەر چاوەڕێی ئەوەیە کە مەلا عەلی لەبەری هەستێ! حاجی ئاغا ئەو سەردەمە مودیری پۆلیس ئەبێ لە سولەیمانی، کە ئەچێتەوە ئەنێرێ بە شوێن حاجی ئاغادا ئەڵێ: بچۆ مەلا عەلیم بۆ بێنە. مودیری پۆلیس دێ و مەلا عەلی هەڵئەگرێ. لە ڕێگادا پێی ئەڵێ:

من کاربەدەستێکم لەبەر دەست ئەم حاکمەدا، ئەبێ بێم و فەرمانەکەی جێبەجێ بکەم، تۆیش خەڵکی وڵاتەکەمی و پیاوێکی پیر و مووحتەرەمی، تکات لێ ئەکەم نەختێ بەنەرمونیانی لەگەڵیا بجووڵێوە و ئێستا حاکمی ئەم وڵاتەیە، بێئیحترامییەکت لەگەڵ بکا ئێمە هەموو بەمە دڵبریندار ئەبین و هیچیشمان لەدەست نایە.

مەلا عەلی ئەبا و لەلای مستەفا بەهجەت دایئەنێ، کە ئەو سەردەمە ئەو سکرتێری نووسینی مێجەر سۆن بوو، خۆی ئەچێتە ژوورەوە ئەڵێ: جەنابی مێجەر مەلا عەلی حازرە، ئەڵێ: با بێتە ژوورەوە، ئەو دەرئەچێ و مەلا عەلی ئەچێتە ژوورەوە، مودیری پۆلیس و سکرتێر و کاربەدەستانی تر لە پەنجەرەوە بێ یا لە هەر کوێکەوە بێ، سەیر ئەکەن بزانن چی ڕوو ئەدا! کە مەلا عەلی ئەچێتە ژوورەوە مێجەر سۆن لە شوێنەکەی خۆی هەڵئەستێ و دێ بە پیریەوە دایئەنێ و خۆی ل لای خواریەوە دائەنیشێ و ئەنێرێ چا و قاوە و شت دێنن و ئەکوێتە قسەکردن لەگەڵیا وەکوو ئەوەی کارەساتەی بازاڕ هەر ڕووی نەدابێ. لەپاش قسە و ماریفەتێکی زۆر ئەڵێ:

مەلا عەلی تۆ پیاوێکت لە باری گوزەرانەوە زۆر تەواو نیت، ئێمەش ئەمانەوێ پیاوێکی زانای وەکوو تۆ ئەم وڵاتە کەڵکی لێ وەربگرێ و ئێستا ئەوا من داتئەنێم بە مامۆستای مەکتەب مانگی ٢٥٠ ڕوپیە، تۆیش بۆ خۆت نەختێ ئەبووژێیتەوە و باری ژیان و گوزەرانت چاک ئەبێ.

مەلا عەلی ئەڵێ: جەنابی مێجەر سوپاستان ئەکەم، من گوزەرانم هەیە. مێجەرسۆن ئەڵێ: ڕەنگ بێ بە کەمی بزانی، با سێسەد ڕوپیە بێ. مەلا عەلی ئەڵێ: جەنابی مێجەر سۆن، خوا ئەفەرموێ: «فَابْتَغُوا عِندَ اللَّهِ الرِّزْقَ وَاعْبُدُوهُ وَاشْکُرُوا لَهعەرەبی» دیسان ئەفەرموێ: «إِنَّ اللَّهَ هُوَ الرَّزَّاقُ ذُو الْقُوَّةِ الْمَتِينُ.عەرەبی». جەنابی مێجەر سۆن، من لە مزگەوتەکەی مەڵکەندی نوێژ ئەکەم، هەموو ڕۆژێ دێمە دوکانەکەم مۆر هەڵئەکەنم، ئەوا خوا بەوە ڕزقی داوم و پێوە بەڕێوە ئەچم، لەوە زیاترم ناوێ. و «وَمَن يَتَوَكَّلْ عَلَى اللَّهِ فَهُوَ حَسْبُهُعەرەبی».

مێجەرسۆن گەلێکی لەگەڵا خەریک ئەبێ بێکەڵک ئەبێ. لەپاشا پێی ئەڵێ: مەلا عەلی! ئەوە من تاقیم کردیتەوە، بەو دینەی کە من هەمە و تۆ هەتە، قبووڵت بکردایە، ئەموت ئەوی خراپ و ناشایستەیە لەگەڵیان بکردیتایە تا ئەیانبردیەوە دوکانەکەی خۆت! بۆم دەرکەوت لەم وڵاتەدا هەر مەلا عەلی مەڵکەندی هەیە. وە لە ئێستاوە بە دواوە تۆ هەر ئیش و کارێکت هەبێ بە هەر دائیرەیەک، ئەبێ بە بێ گیروگرفت هەموو ئیشێکت بۆ جێبەجێ بکەن.

ئەڵێ: جەنابی مێجەر سۆن هیچ ئیشێکم بە هیچ دائیرەیەک نییە، ئیشم تەنیا بە دوکانەکەی خۆم هەیە و مزگەوتەکەی مەڵکەندی. پاش ئەم قسانە هەڵئەستێت و مێجەر سۆن بە ڕێی ئەکا تا لە ژوورەکەی دەرئەچێ و زۆر نەوازشیشی لەگەڵ ئەکا. لە ڕاستیدا مەلا عەلی لەو سەردەمەدا لە باری گوزەرانەوە زۆر پەرێشان بوو، بەڵام ئەو «توکل» و بڕوایە وای لێ کرد کە لەپاشا بوو بە دەوڵەمەندێکی باش و چەند حەجی کرد و لەو پەڕی خۆشگوزەرانی ئەو سەردەمەدا ڕایئەبوارد.

هەندێک لەم بەسەرهاتی مەلا عەلییە خەسرەوئاغای حاجی ئاغا بۆی گێڕامەوە.