حسابی بکە لە ١٩٤٠ ەوە تا ١٩٥٠ کە ساڵی کۆچی...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 4 خولەک  460 بینین

حسابی بکە لە ١٩٤٠ ەوە تا ١٩٥٠ کە ساڵی کۆچی حاجی تۆفیقی پیرەمێرد بوو. هەموو ساڵێ من لە ٢٢ی ئاغوستۆسەوە لە بەغدا دەرئەچووم ڕوە و کوردەواری بۆ ئاخری ئەیلول ئەگەڕامەوە. لەو گەشتەما شوێنی هەرە زۆرم سولەیمانی بوو، کە ئەچوومە سولەیمانیش ئەوە لەلای پیرەمێرد ئەبووم. قسە لێرەدا ئەوەیە کە ڕابواردنی ئەو وەختەی سلێمانی چۆن بوو! پیرەمێرد ماڵەکەی لەتەنیشت مەکینەی کارەبا کۆنەکەوە بوو، بە لای مزگەوتی هەمزە ئاغاوە، چاپخانەکەش هەر لەو ماڵەدا بوو، لای ژوورووی بەرهەیوان و کەلەگی بوو، لای خواروی موبەق و ژووری تر بوو، خەلیل قەبوڵی و بامیەکەی بۆ دروست ئەکردین، لای ڕاست ژووری چاپخانەکە بوو، عەلی و ئەحمەد خەریکی چاپخانەکە بوون، لای چەپ باخچە بوو، حەوزەکەش لە ناوەڕاستی حەوشەکەدا بوو.

بە شەوان ئەڕبابی زەوق و ئەدەب کۆ ئەبوونەوە، وا تێ ئەگەیشتم زیاتری لەبەر من بوو. پیرەمێرد شووتی ئەخستە ناو حەوزەکەوە و بە چواردەوری حەوزەکەدا میوە و ترێ و هەنجیر و هەڵووژەی دائەنا، گڵۆپی کارەباش بەسەریەوە دیمەنێکی تری هەبوو، دەنگی مەکینەی کارەباش لە دەنگی چەقەنەی ئاش ئەچوو! ئەرباب کۆ ئەبوونەوە، جەمیل ئەفەندی، جالال ئەفەندی، سەی فەتحوڵڵا، حاجی مستەفا، ڕەمزی ئەفەندی مەلا عارف، ئەمانە بێجگە لە جەلال ئەفەندی خەریکی یاری ئەبوون، ئەوپەڕی یارییەکەش تا دینار و نیوێک بوو، ئەوانە کۆڕێک بوون.

لەملاوە لەبەر بەرهەیوانەکە کۆڕی ئەدەب و شیعر بوو، جەلال ئەفەنی، زۆر جار مەلا مەحموودی بێخود، مەلا مستەفای سەفوەت، نەجمەدین مەلا، هەندێ جار شێخ محەمەدی خاڵ، بە خۆی و براکانی و دەستەی خۆیەوە ئەهاتن، فایەق هۆشیار کە ئەو سەردەمە لە حقوق بوو بە هاوینان ئەهاتەوە، منیش لەناو ئەم دەستەیەدا بووم، نووری عەلی ئەجزاچیش هەر ئەهات ئەو زیاتر لە قسەکانی ڕەزا بەگی بۆ ئەگێڕامەوە. کۆڕێکی تر لەولاوە لە مەلا ئەحمەد دیلان و حەمەی بەکر و هەندێ جاریش ڕەشۆڵ بە دەنگە مەلائیکەییەکەی و بە نەوای «ئای، ئای» نەوەک دانیشتووەکان بەڵکوو دار و گوڵەکانیشیان ئەخستە جوڵە! پیرەمێردیش خۆی بەسەر ئەم کۆڕانەدا ئەسووڕایەوە، لەگەڵ هەموویانا هاوبەشی ئەکرد. تەنیا لەگەڵ گویندەکانا نەبێ چونکە دەنگی خۆش نەبوو، ڕەمزیە فەندیش گەلێ جار یارییەکەی بەجێ ئەهێشت و لەگەڵ ئەربابەکانیا تێکەڵاوی کۆڕ ئەبوون و چەند بە دەمی خۆش بوو کە ئەیوت: «خاڵە، ناوی ناوم سلطان الشعراء» (مەبەستی لە خاڵە پیرەمێرد بوو.). خەلیلیش بەین بەین چای ئەهێنا و میوەی دائەنا.

وەختی وا ئەبوو خاڵە ئەیدۆڕاند (چونکە یاری نەئەزانی) دۆڕانەکەش وەکوو وتم ئەوپەڕی دینار و نیوێک بوو؟ هەڵئەستان بە گۆچانەکەی دەری ئەکردن. ئەیوت: تەماشاکە دێن شووتی و مێوەکەشم ئەخۆن و پارەکەشم لێ ئەبەنەوە! بۆ سبەی شەوێ ئەو دەستەیە نەئەهاتنەوە، نەهاتنەوەیان لەبەر خۆ عەزیزکردنیان بوو، نەوەک لەبەر دەرکردنەکە، چونکە ئەیانزانی دەرکردنەکە هیچ قیمەتی نییە. ئەمجا بۆ ڕۆژی دوایی تر خاڵە بە تەلەفۆن و بە خۆی ئاشتی ئەکردنەوە و ئەیهێنانەوە! منیش ئەموت خاڵە بۆچ بانگیان ئەکەیتەوە؟ ئەیوت: با جەمیل فێری ماڵان نەبێت!

بەم جۆرە و بەم کۆڕانە ڕایان ئەبووارد، تا شەو درەنگ ئەبوو، ئەمجا بڵاوەیان لێ ئەکرد، ئەماینەوە من و ئەو، دائەنیشت داستانی کۆن و قسەی ڕابردووی بۆ ئەگێڕامەوە تا من خەوم ئەهات، پاش ئەوە ئەچوو دەستنوێژێکی ئەشۆرد، هەندێ قورئانی ئەخوێند، دوو ڕکات نوێژی ئەکرد، دوای ئەوە خەریکی نووسینی سەرمەقالە و نووسینی پەندی پێشینان بە شیعر، بۆ ڕۆژنامەکەی ژین.

ئەمانە نموونەیەک بوو لە ڕابواردنی ئەوسای سولەیمانی.