شێخ محەمەد ئەمینی میرانی بۆی گێڕامەوە وتی...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  333 بینین

شێخ محەمەد ئەمینی میرانی بۆی گێڕامەوە وتی:

«ناوەکار» ێک لە سنە بووە حەمالیی ناو بووە، ئەم حەمالییە هەموو جار گایەکی خستۆتە ناو ناوەکە و بە پەیژەی سی چل پلیکانەدا سەری خستووە بۆ نهۆمی دووهەم و سەربان! ئەم ئیشەی کە ئەکرد لە دوای تەواوبوون و لێبوونەوە بوو لە سواغی سەربانەکە. ئەو جۆرە خانووانە هی ئەعیان و پیاوە گەورەکانی سنە بوو، کە لێ ئەبوونەوە گای ئەبردە سەربان ئەوانیش خەڵاتیان ئەکرد. ئەمجا هەر بە شوێنەکەی خۆیا گایەکەی ئەخستە ناو ناوەکە و ئەیهێنایەوە خوارەوە، ئەو ئاخر ڕۆژەی کە ئەم ئیشە ئەبوو، هەموو عالەمی سنە ئەچوون بۆ سەیری ئەو دیمەنە.

جارێک یەکێ لە شازادەکانی ئێران ئەچێتە سنە: دوور نییە فەرامیرزا نەبووبێت ئەو باسەی بۆ ئەگێڕنەوە کە پیاوێک لێرەدا هەیە گا ئەباتە سەربان. ئەنێرێ بە شوێنیا و ئەیهێنن، پێی ئەڵێ تۆ شتی وا ئەکەی؟ ئەڵێ: بەڵێ. ئەڵێ بیبینم؟ ئەویش ناوەکە دێنێ لەگەڵ گاکەیا ئەیخاتە ناویەوە و سەری ئەخا بۆ سەربانی «دەرماڵ.» شازادە، ئەمەی بە لاوە زۆر سەیر ئەبێ، خەڵاتێکی باشی ئەکا و پێی ئەڵێ پێم بڵێ تۆ چۆن ئەمە ئەکەی؟ ئەڵێ: شاهم! ئەم گایە کە تۆ بەم گەورەییە ئەیبینی گوێرەکەیەکی بچووک بوو، ئەو ڕۆژە کە لەدایک بوو خستمە ناو ئەم ناوەیە و بردمە سەربان و هێنامەوە خوارەوە، لەو ڕۆژەوە هەتا ئێستا بووە بەم گایە هەموو ڕۆژێک ڕۆژبوارم نەکردووە بردوومەتە سەربان و هێناومەتە خوارەوە، یەکەم ڕۆژ کە ئەمە گوێرەکە بوو چۆن بووە هەستم بە قورسایی نەکردووە ئێستاش هەر وامە! شازادە ئافەرینێکی تەواوی ئەکا و ئەڵێ: چاککردن لە زۆرکردنە!