لە سەردەمی خۆیا ڕابواردنی مانگی ڕەمەزان لە...
لە سەردەمی خۆیا ڕابواردنی مانگی ڕەمەزان لە سولەیمانی جۆرە ڕابواردنێک بوو، ڕادیۆ و ئەملا و ئەولا هیچ نەبوو. یەکێک لەو ڕابواردنانە ئەوە بوو لە ساڵانی ١٩٣٠ بە دواوە تا ڕادیۆ داهات.
مەلا مستەفای حاجی مەلا ڕەسووڵ لە مزگەوتەکەی خۆیا «مزگەوتی باشچاوەش» لەپاش ئەوە کە هەر کەسە لە ماڵی خۆیا بەربانگی ئەکردەوە ئەهات بۆ مزگەوت، نوێژی تەراویح بەجەماعەت ئەکرا. لە حوجرەکەدا سەماوەر تێ ئەخرا و خەڵک ئەچوونە ئەوێ دائەنیشتن، لە دەرەوەی گەڕەکیش هەر ئەهاتن، مەلا مستەفا دەستی ئەکرد بە خوێندنەوەی «فتوحاتی شام» ڕستە ڕستە عەرەبییەکەی ئەخوێندەوە هەر خێرا ئەیکردەوە بە کوردی تام و لەزەتێکی تری ئەدایە، هەر کەسێک شەوێک بهاتایە ئیتر دڵی نەئەهات بەجێی بێڵێ کە ئەگەیشتە شوێنی شەڕ و سەرکەوتنی ئەسحابەیەک دەنگی «هەی باوکەکەم هەم ماڵەکەم» لە خەڵکەوە بەرز ئەبۆوە، هەر لە بەینی ماوەیەکدا ئەوەستا پشوویەکی ئەدا و ئەیوت عەولخالق چا تێ کە، شەکر و چاش خەڵکەکە ئەیانهێنا، ئەگەر هەر شەوێ نەبووایە مەلا مستەفا خۆی ئەینارد ئەیانهێنا، برایم خان ئەو سەردەمە هەڕەتی بوو، کە ئەهات دائەنیشت ئەیوت: ئا بچن دە کەڵڵا شەکر و هۆقەیەک چا بێنن، بەم جۆرە ڕایانئەبوارد هەتا پارشێو، کە سەڵای پارشێو، ئەکرا هەر کەسە ئەچۆوە بۆ ماڵی خۆی.
مەلا تۆفیقی عەتار ماڵەکەیان لەتەنیشتی مزگەوتەکەوە بوو، ئەویش لە ماڵەکەی خۆیا ئەم کۆڕەی پێکەوە ئەنا، ژوورەکان هەموو پڕ ئەبوون، چایەکی بۆ دائەنان، بەین بەینیش چا ئەگێڕا بە عالەمەکەدا مەسرەفی شەکر و چا و جگەرە هەمووی لەسەر خۆی بوو، ئەویش هەر فتوحاتی واقدی ئەخوێندەوە، جار جاریش غەزای بەدر و حوتەینی ئەخوێندەوە. ئەو تا پارشێو دائەنیشت، بە حسابی ئیمڕۆ ئەبوو بە سەعات دە و یانزە دوایی پێ ئەهێنا و خەڵکەکە هەڵەستان، ئەوی هەوەسی بووایە و خەوی نەهاتایە لەوێوە ئەچووە کۆڕەکەی مەلا مستەفاوە، چونکە ئەو گەرم بوو تا پارشێو.