حاجی مەلا ساڵحێکی هەولێری هەبوو پیاوێکی...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  340 بینین

حاجی مەلا ساڵحێکی هەولێری هەبوو پیاوێکی دەوڵەمەند و بەدەسەڵات بوو.

ڕۆژێک لە کۆڵانێکا ڕوپیەیەکی لێ ون ئەبێ، زۆر بۆی ئەگەڕێ نایدۆزێتەوە. حەوت هەشت منداڵ کۆ ئەکاتەوە، پێیان ئەڵێ بگەڕێن بۆ ئەو ڕوپییە، هەرکەس دیتێوە دوو ڕوپیەی ئەدەمێ! منداڵان ئەگەڕێن، یەکێکیان ئەیبینێتەوە ئەیداتەوە بە حاجی مەلا ساڵەح، ئەویش لێی وەر ئەگرێ و ئەیخاتەوە باخەڵی، دەست ئەبا دوو ڕوپیە ئەدا بە منداڵەکە و لێک جیا ئەبنەوە، لێیان پرسی حاجی مەلا تۆ ئەمە چی بوو کردت، دوو ڕوپیەت دا بە ڕوپیەیەک؟! وتی: من مەبەستم ڕوپیەیەک نەبوو، بەڵام تا من ماوم هەر جار بگەیشتمایە ئەو شوێنە بە دڵما ئەهات کە من ڕوپیەیەکم لەم شوێنەدا ون کردووە، چاوێکم بۆ ئەگێڕا! ئێستا خۆمم لەوە ڕزگار کرد.