ئەوڕەحماناغای ئەحمەد ئاغا لە سولەیمانی...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  378 بینین

ئەوڕەحماناغای ئەحمەد ئاغا لە سولەیمانی پیاوێکی خاوەن موڵک و دێهات بوو، لە زۆرتری گوندەکانیا لەبەر ئەوەی ئاو و بەراویان زۆر بوو، مەرەزە ئەکرا. ساڵێک برنجێکی زۆر زۆری بۆ هات، پێش ئەوە برنج بێتە بەرهەم هەمووی فرۆشت، فرۆشتنەکەش هەر ئەوەندە بوو بە قسە، قسەی داوە کە فرۆشتی ئەگینا پارەی وەرنەگرتبوو.

برنج لووتی بەرز کردەوە و سەرکەوت، ڕۆژ بە ڕۆژ هەر گرانتر ئەبوو، ئەو ساڵە جگە لە برنجەکەی ئەو، هەچ مەرەزە و برنجێک لە وڵاتی سولەیمانی هەبوو هەمووی نەهاتی ڕووی تێ کرد، عەلاف و برنجکڕ هەموو ڕوویان کردە ئەوڕەحما ناغا بۆ کڕین، ئەویش هەر ئەیوت برنجم فرۆشتووە، برنج سێ قات و چوار قات سەرکەوت، ئەمجا لە وڵاتی کەرکووک و موسڵەوە ئەهاتن بۆ لای، ئەویش هەر ئەیوت برنجم فرۆشتووە، توجارەکان لایان وابوو، کە ئەوڕەحمان ئاغا بۆیە برنجەکەیان ناداتێ بە تەمای زیاترە، ئەچوون تکاکاریان ئەهێنا کە برنجەکەیان پێ بفرۆشێ، ئەوانیش ئەیانوت بە کێت فروشتووە، تا بچین لەوی بکڕین، ئەویش نەیەوت، برنجیش ڕۆژبەڕۆژ لە سەرکەوتنە، ئەیانوت ئاغا فرۆشتوتە فرۆشتوتە، ئێستا برنج تا شەش قات سەرکەوتووە، هێشتا نەشتداوە بە کڕیارەکە، پارەشت هەر وەرنەگرتووە، ئەمە شەش قات پارەی برنج شتێک بدە بە کابرای کڕیار زۆر مەمنوونیشت ئەبێ، خۆ ئەو هێشتا پوڵێکی نەداوە بە تۆ، وە برنجیش هێشتا نەهاتۆتە بەرهەم، تا تۆ بڵێیت شتێکی تێدایە! برنجکڕی هەموو لایەک بەتەواوی ئەوڕەحمان ئاغایان وەڕەز کرد و حەیشیان پێ تاڵ کرد! لا ئاخرا وتی:

ئەوە ئێوە ئەڵێن چی، من برنجم فرۆشتووە، خۆ شەرەفم نەفرۆشتووە! هەمووم داوە بە مەلا حەسەنی عەلاف، بچن لەوی بکڕن.