ئەم کارەساتەی دواوە خۆم بیستبووم وە حەسەن...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  456 بینین

ئەم کارەساتەی دواوە خۆم بیستبووم، وە حەسەن بەگی جافیش بۆی گێڕامەوە، وتی:

ڕەزا شا تازە ببوو بە شای ئێران، هەچ بەگزادە و ئاغاواتی ئەو وڵاتی کوردەوارییە هەبوو کۆی کردبوونەوە بۆ ئەوە قسەیان لەگەڵ بکا و ڕووی دڵیان لەپاش ئەحمەد شا بکاتە خۆی. هەموو بەگزادە و ئاغاوات بەوپەڕی ڕێکوپێکییەوە خۆیان ڕێک خست و ئەو تەدارەک و جلوبەرگەی کە شایانی دیدەنی ڕەزا شا بێ لەبەریان کرد. سلێمان خانیش یەکێک بوو لەوانە. بەگزادە و پیاوی گەورەی ئەو وڵاتە لە دەشتێکی پاندا ڕیزیان بەستووە، ڕەزا شا بە بەردەمیانا ئەڕوا و چاک و چۆنیان لەگەڵا ئەکا. ڕەزا شا هەندێ ئەشرەفیی زێڕینی بە ناوی خۆیەوە داڕشتووە، ئەشرەفییەکان وان لەناو سینییەکی زیودا، یاوەرەکەی بەسەر دەستییەوە و بە شوێنیەوە، ڕەزا شا ئەگاتە بەردەمی هەر ئاغایەک دەست ئەبا یەکێ لەو ئەشرەفیانە هەڵئەگرێ و ئەیدا بە ئاغاکە، لێرەدا مەبەست ئەوەیە کە لوتفی شاهانەیە بەرانبەر بەو سەرۆکانە، نەوەک ئەشرەفییەکە.

ئەگاتە بەردەمی سلێمان خان (کە ئەویش لە سەرەکەدا ڕاوەستاو) ڕەزا شا دەست ئەبا ئەشرەفییەکە هەڵئەگرێ، سلێمان خانیش دەستی ڕاگرتووە، ئەیەوێ بیخاتە ناو دەستییەوە ئەشرەفی دائەکەوێتە سەر ئەرز و ناکەوێتە ناو دەستی سلێمان خانەوە. ڕەزا شا چاوەڕێی ئەوە ئەکا کە سلێمان خان دانەوێتەوە ئەشرەفییەکە هەڵگرێتەوە. سلێمان خان بێزی نایەنێ دانەوێتەوە، ئەوا نزیکەی دووسەد بەگزادەش لەو ناوەدا ڕیزیان بەستووە، ڕەزا شا تۆزێ ڕائەوەستێ سەیر ئەکا سلێمان خان ئەشرەفییەکە هەڵناگرێتەوە، ئەویش ئەکەوێتە تەقەوە، دەست ئەبا ئەشرەفییەکی تر هەڵئەگرێ و ئەیخاتە دەستی سلێمان خانەوە و لەسەر ئیشی خۆی ئەڕوا و دەست ئەکاتەوە بە گەڕان بە بەردەمی ڕیزەکەدا. عالەمەکەش هەموو چاویان لەمەیە.

لەپاشا لە سلێمان خانیان پرسی بۆچ دانەنەویتەوە مەرحەمەتی شاهانە هەڵبگریتەوە، کە ڕەزاشایش لەبەر دەمتا وەستا بوو؟ وتی: نەفسی خۆم فرە وە بەرزتر ئەزانم لەوەی کە دانەومەوە بۆ مەرحەمەتی شاهانە.