سلێمانی حەمە جانی ڕۆغزایی لە بنەماڵەی...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  427 بینین

سلێمانی حەمە جانی ڕۆغزایی لە بنەماڵەی بەگزادەی جاف نەبووە، بەڵکوو لە کوێخاکانی جاف بوو، بەڵام دەمار و پیاوەتییەکەی شانی دابوو لە شانی هەموو بەگزادەیەکی ئەو سەردەمە. ئەوەی من بینینم لە ١٩٢٨دا لە کوێستانی بناری بانە دەوارێکی دوانزە هەستوونی هەڵدابوو، ڕەوە ماین و ماڵاتی بە دەورەوە بوو، دوو کوڕی جوانکەلەی هەبوو تازە پێ ئەگەیشتن هێشتا خەتیان نەدابوو، یەکێکیان حەمە سدیقی ناو بوو، هەر یەکە سێ تیرێکی ئێرانییان بە دەستەوە بوو، هەر یەکە ماینێکی بە ڕەختیان هەبوو سواری ئەبوون، ئەو ڕۆژە خەبەریان هێنا کە «مەتحەت»ی برای خێزانەکەی لە گەرمیان کوژراوە، بوو بە قیامەت و شینوشەپۆڕ، هەرچی هۆبەی جاف هەبوو لەو وڵاتە کۆبوونەوە. سلێمان خان چەند گوندێکی وەکوو «قارەوا، دەرەشێخان و ماسێر»ی لەو وڵاتە کڕیبوو هاتوچۆی گەرمیانی کەمتر ئەکرد. بە زستانان ئچووە خانوی گوندی و بە هاوینان ئەچووە دەوارەوە، پیاوێکی هەتا بڵێیت تەڕپۆش و قسەی دانە دانەی ئەکرد، هیچ خوێندەواری نەبوو، قسە ڕەوا بوو لەو وڵاتەدا.