غەفووری حاجی سەعی نانەوا لە سولەیمانی ناردی...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 3 خولەک  464 بینین

غەفووری حاجی سەعی نانەوا لە سولەیمانی ناردی بۆ ڕشتە، کە لەم وڵاتی کوردەواریە گەلێ پیاوی بە نان و خوان و بەخشندە هەبووە. وتی:

باوکم بۆی گێڕامەوە، ئەویش لە دەم باوکی خۆیەوە گێڕاویەتەوە، وتی: بەوپەڕی ماڵەکەی خۆمانەوە ئەو داڵانە ئەبینی، ئەوە ماڵی برایم پاشایە، کە بە «برایمی خویلە» بەناوبانگە. ئەم بریام پاشایە ناوی بەدڵنەرمی دەرکردبوو، زۆر ئاقڵ و لەسەرخۆ بوو، ئازاری بە کەس نەئەگەیاند، هەر هەژارە و لێقەوماوێک بچوایەتە ماڵەکەی دڵی نەئەشکاند و بە دڵی خۆی ڕازیی ئەکرد. ڕۆژێ برایم پاشا لە ماڵ هاتە دەرەوە بەرەوژووی بۆوە چەند خزمەتکار و دەستوپەیوەندێکی لەگەڵا بوو، تووشی دوو کوێر بوو، ئەوان چاویان نەبوو، لەبەر خۆیانەوە قسەیان ئەکرد. یەکێکیان وتی: ئەم کافرە کاکەیییە تۆ بڵێی شتێکمان بداتێ؟ ئەویترشیان وتی: مەلعونی کافرە، ئەڵێن دڵی باشە، باوەڕ ناکەم بە دەستی خاڵی بگەڕێنەوە!

برایم پاشا گوێی لەم قسانە بوو و تێ گەیشت کە بەو ئەڵێن، بێدەنگ بە دەستوپەیوەندەکانی وت بگەڕێنەوە. لەپێش کوێرەکانا گەیشتنەوە پێوە. بە خزمەتچییەکەی وت: لەبەر دەرگاکە ڕاوەستە کە کوێرەکان هاتن بیانهێنە ژوورەوە. کە کوێرەکان هاتن دەستی گرتن و بردنیە دیوەخان بۆ لای برایم پاشا، برایم پاشا بە خێرهاتنێکی گەرموگوڕی کردن و وتی: ئەمرێکتان هەیە؟

وتیان: پاشام! خوا ڕاوەستاوت کات، کوێرین هاتووین خەرجییەکمان بدەیتێ، دۆعای خێرت بۆ ئەکەین خوا مووەفەقت بکات. پاشا وتی: لە ڕێگادا چیتان ئەوت بۆم بگێڕنەوە بێبەشتان ناکەم، وتیان: پاشا چیمان ئەوت؟ هەر دۆعای خێرمان بۆ ئەکردی. پاشان وتی: من ئەمانە نازانم، قسەیەکتان کردووە ئەبێ بۆم بگێڕنەوە، بە ڕاستی بۆم بگێڕنەوە، هیچ درۆ و دەلەسەی تێدا مەکەن. ئەوانیش ناچار بوون وتیان: پاشا بۆت ئەگێڕینەوە، بەڵام با دیوەخانەکەت چۆڵ ببێ. وتی: من ئەمەوێ تا دیوەخان چۆڵ نەبووە بۆم بگێڕنەوە، با ئەم مەجلیسەش گوێیان لێ بێ. حافزەکان سەیریان کرد عیلاج نییە وتیان: یەکێکمان وتمان:

ئەم کافرە کاکەیییە تۆ بڵێی شتێکمان بداتێ؟ ئەویکەشمان وتی: مەلعونی کافرە ئەڵێن دڵی باشە، باوەڕ ناکەم بە دەستی خاڵی بگەڕێینەوە! پاشا وتی: من هەر ئەمەم ئەوێ، ئێستا ئێوە چیتان ئەوێ؟ وتیان پاشا کە ئێش وای لێ هات یەکێ بارێ چەڵتوکمان بدەرێ. پاشا بانگی کرد یەکی سێ بار چەڵتوک و سێ هۆقە ڕۆنیان دانێ و وتی: بۆشیان بەرنە ماڵەوە، هەر یەکە دە مەجیدیشی دانێ.