گەلێ ناوداران و شاسواران و خاوەنی دیوەخان...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 4 خولەک  525 بینین

گەلێ ناوداران و شاسواران و خاوەنی دیوەخان لەو وڵاتی کوردەوارییە هەڵکەوتوون، بەڵام ناویان لەگەڵ لەشیانا چووەتە گۆڕەوە! «معن ابن زائد» لە نەتەوەیەکی ترەوە گەلێ قەڵەمی بۆ نانبدەیی کەوتۆتە کار، بەڵام لە کورددا کەسێک نەبووە کە کەسێک زیندوو بکاتەوە!

حەمەی حاجی هامینە هەبوو، ئەم حەمەیە لە سەردەمی تورکەکانا زەفتیە، پاشان دەرچووبوو پیاوی ماڵی خۆی بوو. تەمەنێکی باشی ڕابواردبوو تا ئەم دەورە دواییەش هەر مابوو. وتی:

گەلێ پێش گرانیی گەورە، ڕێم کەوتە «کۆیە» حەمەئاغای کۆیە ببوو پیاو. وردە وردە ناوی دەرئەکرد. دیوەخانی ڕاکێشا بوو هەموو ڕۆژێ نیوەڕۆ و ئێوارە چەند سینی ئەهاتە دیوەخان. هەر بە دوو زەلام لەسەر سینییەک دائەنیشتن، پڵاو و چێشتی شلە لەسەر سینییەکان بوو. ئەو جۆرە شتانە لە هەموو دیوەخانێک هەبوو. بەڵام لە دیوەخانی حەمەئاغادا ناسراو و نەناسراو جیا نەئەکرایەوە. ئەو میوانەی ناسراو بووایە یا نەناسراو، خزم بووایە یا بێگانە، ئاغا بووایە یا سەپان، سوار بووایە یا پیادە لە دیوەخانا بە یەک چاو سەیر ئەکران. ئالیکیش بۆ وڵاخ هەر یەک ئالیک بوو. لێپرسینەوە بۆ هیچ شتێک نەبوو. وتی:

لە ڕێگایەکی دوورەوە چووم بۆ کۆیە. بووم بە میوانی دیوەخانی حەمەئاغا بەبێ ئەوە بمناسن. مایینێکم لەژێرا بوو. لەپاش چەند ڕۆژێک مایینەکەم تۆپی. لە دەوڵەتی دنیاش لەو مایینە بەولاوە هیچی تر شک نابەم. زۆر بۆی کەوتمە پەرۆشەوە. تا مایینەکەم مابوو هەموو ڕۆژێ ئەچووم توورەکەم ئەبرد کا و جۆم بۆ وەرئەگرت و بۆم ئەهێنا. فیکرم هاتە سەر ئەوە کە هەر بچم کاو و جۆکە وەربگرم. هەموو ڕۆژێ بەیانی و ئێوارە ئەچووم ئالیکم ئەهێنا و ئەهاتمەوە لە ژوورێکا کۆم کردەوە تا زۆر زۆر بوو. ئەمجا هێنام فرۆشتم. بەو پارەیە ماینێکی ترم کڕی. لەم ماوە دوور و درێژەدا یەکێ نەبوو لێم بپرسێ بڵێ: ئەرێ برا تۆ چیت؟ چ کەسی، لە کوێوە هاتووی! کە بوومەوە بە سوار، ئیتر هاتمە سەر ئەوە بڕۆم، چووم بۆلای حەمە ئاغا دەستم ماچ کرد، وتی: هەرامە تۆ کێیت؟ حاڵەکەی خۆمم بەتەواوی بۆ گێڕایەوە، وتم خوا ئەم دیوەخان و وەجاخە تێک نەدا، وتی: هەرامە بۆ ئەڕۆی؟ دانیشە لەلای من، وتم قوربان ئەبێ بچمەوە بۆ وڵاتی خۆم و بۆ ناو ماڵ و منداڵم، وتی: هەرامە ناوت چییە؟ وتم: قوربان حەمەی باجی هامینەم پێ ئەڵێن. وتی: ڕۆڵە ئەم بەینە بە نەناسراوی دانیشتووی ئیمشەویش بە ناسراوی دانیشە، وتم: بەڵێ.

بەیانی دەمەو چێشتانگاوێک بوو، بانگی کردم: هەرامەکەی سولەیمانی، هەستام چوومە بەردەمی و وتم: بەڵێ قوربان. وتی: ڕۆڵە تۆ ئەو ماینەت وای لێ هات بۆ لە هەوەڵ جارەوە دەنگت نەکرد وا ئەم بەینە خۆتت لە ماڵ و منداڵ دوور خستەوە! دەستت بێنە. مستی هێنا شتێکی کردە دەستم و وتی: ئەوەش بەرە بۆ ماڵ و منداڵەکەت، هەر جارەش هامشۆمان بکە. دەستم ماچ کرد و هاتمە دەرەوە، کە شتەکەی مستیم بژارد سەیرم کرد پەنجا لیرەیە. وتی، هەر جارەش هاتووچۆم ئەکرد. لە ساڵی گرانییە گەورەکەدا کە ئەو قاتوقڕە بوو کە هەبوو، حەمە ئاغا چەند مەنجەڵی زنجیری لە مل ڕیز ئەکرد، هەموو ئێوارەیەک هەرچی هەژار و بێدەسەڵاتی کۆیە هەبوو (تەنانەت هی لادێ نزیکەکانیش) ئەهاتن بە قەرەوانە شۆربایان ئەبرد و هەر یەکە نوێردووە نانیکێیان ئەدانێ، ئەمە حاڵی حەمە ئاغای کۆیە بوو تا گرانییەکە بەسەر چوو.