ساڵی ١٩٣٤ بوو لەو بناری چەقز و قایکەندە...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 3 خولەک  416 بینین

ساڵی ١٩٣٤ بوو لەو بناری چەقز و قایکەندە خێڵێکی سمایل عوزێری خستبوویان. دنیا ڕەمەزان و زستان بوو. من ئەو ڕەمەزانە لە ماڵی دەروێش سمایل بووم. لە خێڵەکە جووتە گەماڵێکی ناقۆلایان هەبوو. نەمئەوێرا دەرچم ئەگەر یەکێکم لەگەڵ نەبووایە. تا لەگەڵ سەگەکانا بووین بە دەستەبرا و ئەوان منیان ناسی من لەوێ نەمام! بە شەو لە دیوەخانەکەی دەروێش سمایلا دائەنیشتین کوڕوکاڵ کۆ ئەبوونەوە لە هەموو ئاشێک لێمان ئەکرد.

کوڕێکی خزمیان هەبوو ناوی عەلە بوو، تەمەنی لە بینی بیست و پێنج تا بیست و هەشت ساڵا ئەبوو. باڵا بەرزی باریکەلەی موو زەرد. کەوا و سەڵەی لەبەرا بوو. جەمادانەیەکی لوول دابوو بە دەور سەریەوە. پشتێنێکی باریکی بەستبوو. کیسە تووتنێکی چیتی درێژی کردبوو بە لای پشتێنەکەیا. قسەی شەوانی کۆڕ بەشی زۆری هەر هیی ئەو بوو. باسی دزیی خۆی ئەکرد. ژنانیش لەودیوی دیوەخانەکەوە دانیشتبوون. وتی:

شەوێک ئەوا بارانە و ڕەشەشەوە. چووم بۆ دزی بۆ دەوری بازیان. چوومە ئاواییی دەرگەزێنەوە، سەگەل لێم بوونەوە و کردیان بە حەچولور هەندێ نانم لەگەڵ خۆم بردبوو بۆیان جار جار کەرتەنانێکم بۆ فڕێ ئەدان ئەپلکان بە نانەکەوە من هەندێک پێش ئەکەوتم، هەتا خۆمم کوتایە پاڵ دیوارێک. سەگەل دیسان لێم کۆ بوونەوە. دنیا پاش نیوەشەوە. هێنام بە چوار چنگۆڵە دەستم کرد بە ڕۆیشتن بۆ دیواری ئەودیوی خانووەکە. قاچێکم کرد بە کلک بۆ خۆم.

کە گەیشتە ئێرە دەستی برد کیسە تووتنەکەی لە لا قەدی کردەوە پەڕەیەکی بەرماخەوە و تووتنی کرد بەسەرا و ئەیماڵێ بەسەر پەنجە گەورەیا بۆ ئەوەی توند ببێ. جگەرەی پڕ کرد، کوانووەکەی ئاگری تێدا بوو. نای بە ئاگرەکەوە، جگەرە داگیرا و نای بە لێویەوە. دەستێکی برد تۆزێ کڵاو و جەمادانەکەی لار کردەوە. بزەیەکی کرد و تێهەڵچووەوە.

کە چوومە پاڵ دیوارەکە بوڵسکم لەگەڵ خۆم بردبوو دەستم کرد بە کەندنەوەی دیوارەکە لەسەر خۆم. ژنان لەودیوەوە، پیاوان لەمدیوەوە کشومات هەموو لەشیان ببوو بە گوێ بۆ قسەکانی عەلە! وردە وردە کونم کردە دیوارەکە. چوومە ژوورەوە دوو بەرانی دابەستەی لێ بوو. دامنە پێش خۆم هاتمە دەرەوە. بزەیەکی تری بۆ کرد! سەگەل شوێنم کەوتنەوە. نانم بۆ هەڵگرتبوون، جار ناجار کەرتەنانێکم بۆ فڕێ ئەدان. تا لە ئاوایی دەرچووم پیرە بەرانگەلم هێنایەوە بۆ ماڵەوە. نەختێ لە خورییەکەیانم هەڵپاچی شاخەکانیانم بە مۆرەسان تۆزێ تەنک کردەوە. لەپاش چەند ڕۆژێ، کاورایەک هەبوو لە سلێمانی عەلی برزوویان پێ ئەوت. بیستبووی من دابەستەم لایە ناردی پێم فرۆشتن وە پەنجا ڕووپیە. حەساوی ڕووپیە هەر ماوو.

ئەمە دزی لەو سەردەمەدا بە ئازایەتی و پیاوەتی ئەزانرا ئێستا دزی بووە بە عەیبە. دیارە هەر ڕۆژێ شتێک لە باودایە.