ساڵی ١٩٥٦ ڕۆژی ١٠ی ٨ی ئەو ساڵە بوو من لە...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  326 بینین

ساڵی ١٩٥٦ ڕۆژی ١٠ی ٨ی ئەو ساڵە بوو. من لە مزگەوتە شڕەکەم بووم لە بەغدا. دەمەدەمی نیوەڕۆ بوو. دەورەی مزگەوتەکە پڕ بوو لە خەڵک، ئەوەندەم زانی شێخ مەحموودی حەفید بە پێ پیلکەکانا سەرکەوت و سەری کرد بە ژوورەکەی منا، ئەو شێخ مەحموودە کە وەختی خۆی ئەتوت شێرە، لاواز و باریک ببوو. هەر ئەو نەخۆشییەی بوو کە لەو ساڵەدا بە هۆیەوە کۆچی دوایی کرد. هەر من و ئەو بووین لە ژوورەکەدا، حەوشە و دەوری مزگەوت پڕ ببوو لە خەڵک، چونکە شێخ مەحموود هاتۆتە ئەوێ و ئەیانەوێ چاویان پێ بکەوێ.

وردە وردە دەستی کرد بە قسە کردن و بە دەردەدڵ کردن، فرمێسک بەسەر گۆناکانیا هاتە خوارەوە، وتی: زابتەکان و زۆرتر لەوانەی کە لەگەڵما بوون هەموو خیانەتیان لەگەڵ کردم. فرمێسکێکیش بەسەر گۆنایا هەر دێتە خوارەوە. لە گەرمەی ئەو قسەکردنەیا ئەوەندەم زانی (لەگەڵ ئەو بێهێزیەیا) هەستا و ناوچەوانی ماچ کردم و وتی: ڕۆڵە هۆمێدم بە کەس نەماوە بە تۆ نەبێ! وتم یا شێخ ئەوە چی ئەفەرمووی؟ من چیم، چ کەسم، چ پشت و عەشرەتێکم هەیە؟! وتی: ڕۆڵە تۆ قەڵەمت بە دەستەوەیە، قەڵەم لە شیر بە بڕشتترە!

ئەمەی وت و هەستا. وتم یا شێخ وەختی نوێژ هاتووە، نوێژ ناکەی لێرە؟ وتی: بەرێوەڵڵا. ئیتر چووینە خوارەوە نوێژمان کرد و ئەو ڕۆیشت. بەڵام لەبەر زۆری خەڵک، کە بۆ چاو پێکەوتنی شێخ مەحموود هاتبوون زۆر بە زەحمەت دەرباز بوو.