لەو سەرە کانیی ژنان هەبوو ژنان مەلەیان لێ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  365 بینین

لەو سەرە کانیی ژنان هەبوو. ژنان مەلەیان لێ ئەکرد. کابرایەک «حەمە بۆر» ی ناو بوو. چوو بۆ سەر کانییەکە. ژنەکان ڕووت بوون. ئەویش لەناکاو چوو بە سەریانا. ژنەکان شڵەژان و کەوتنە پەلەپەل. حەمە بۆر هەر بە نیازی بینینی ئەوان چووبوو و خۆی کردبوو بە کوێر - بە تەقەتەقی گۆچان چووە پێشیان. ژنەکان وتیان خۆ ئەوە کوێرە!

یەکێکیان بە ڕووتی هاتە بەردەمی حەمە بۆر ویستی تاقی بکاتەوە: دەستی خستە سەر سەری خۆی و وتی: ئەوە ئەبینی؟ حەمە بۆر وتی: نەء. دەستی خستە سەر چاوی وتی: ئەمە ئەبینی؟ وتی: نەء. دەستی خستە سەر مەمکی وتی: ئەوە ئەبینی؟ وتی: نەء. دەستی خستە سەر ناوکی وتی: ئەوە ئەبینی؟ وتی: نەء. ئەمجا دەستی خستە سەر دوابڕاوەکەی وتی: ئەوە ئەبینی؟ وتی: جا ئەگەر ئەوە نەبینم کە واتە کوێری دنیا و قیامەتم.