ئێمە لەگەڵ ئەو سەردەمە کوڕوکاڵ بووین عومەر...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  313 بینین

ئێمە لەگەڵ ئەو سەردەمە کوڕوکاڵ بووین!

عومەر یاسین هەبوو. سەرتاش بوو لە بەغدا، دووکانەکەی لە جادەی ڕەشید بوو لە نزیکی مزگەوتی حەیدەرخانەوە. «سیمۆن» ی ڕەحمەتیش لەوبەر بوو. ئەو سەردەمە پاسە تەختەکان لەسەر جادەی ڕەشید ئیشی دەکرد. لە باب الشجری - یەوە ئەهات بۆ کازمیە ئەچوون. یەکێ لە جێگاکان کە تیایا ئەوەستا زیاتر بەر دووکانەکەی عومەر بوو. لەوێ ئەوەستا و بانگی ئەکرد «کازم، کازم» کرێش بە چوار پول بوو. وەیا بڵێن بە عانەیەک بوو. ئێمە کوڕوکاڵ دانیشتبووین لە دووکانەکەی وەستا عومەر، پیاوێکی خەڵکی ئەو شارەزوورە «مارف» ی ناو بوو. بە هۆی بورهانی حامد بەگەوە ئەویش لەوێ بوو. لەولاشەوە پاس یەک بە شوێن یەکا دێ و هەریەکە بۆ خۆی بانگ ئەکا «کازم، کازم». ئەوەندەمان زانی مارف ڕاپەڕی و چوو یەخەی یەکێ لە شاگردی ئۆتۆمبێلەکانی گرت و بە کوردی دەستی کرد بە جنێودان پێی، وتی: ئاخر ئەی شێخەولقادر (ڕۆحم وەقوروانی وێ) گووی کردگە وە خۆیا؟ ئاخر ئەم کازم کازمە بوو وە چی؟ وا تۆ هەر وەکوو زیقلاوڵە داگتە وە یەکا و وە کازم کازم ئەو ناوەت هەراس کردگە!

کابرای شاگردیش واقی وڕما، نازانی ئەم چی ئەڵێ پاشان ئێمە چووین کابرامان هێنایەوە و پێمان وت: باوکم ئەوان ڕێگاکەیان وایە، بۆ کازمیە ئەچن. ئەبێ هەر بانگی ئەوێ بکەن، لەولاوە کە گەڕانەوە ئیتر هەر بانگی شێخ عەبدولقادر ئەکەن. وتی: سا چوزانم! خۆ شێخەولقادر (ڕۆحم وەقوروانی وێ) لە باوەژن نەوگە!