شێخ ئەحمەدی نەقشبەندی بۆی گێڕامەوە وتی لەو...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  421 بینین

شێخ ئەحمەدی نەقشبەندی بۆی گێڕامەوە وتی:

لەو وڵاتی باڵەکایەتییە لە گوندی «بێواتە» مام تەها هەبوو هەر خەریکی ئیش و کاری لادێ بوو. وەکوو ڕەز و باخ و جووت و گا. ژنێکی هەبوو ئەویش خەریکی تووتن و مەڕ دۆشین و نان و هەویر بوو. هەموو عومریان بەمجۆرە ڕابواردبوو. ڕۆژێک مام تەها سەیری کرد وا ژنەکەی بارێکی بار کردووە و بە هەچە هەچە کەوتۆتە شوێنی. لێی پرسی: ئافرەت ئەوە بۆ کوێ ئەچی؟ وتی: وەڵا پیاوەکە ئەچم بۆ سەر ئەو قسنە و ئەم باوەشەی بە دیاری بۆ ئەبەم، بەڵکوو دوعام بۆ بکا لە لای خوا کە خوا بمکا بە پیاو. من ئەم عەزیەتەی بەسەر شانمەوەیە بۆم هەڵناگیرێ - مام تەها تۆزێ ڕاما و وتی: ئافرەت! واز بێنە. لە کەلی شەیتان وەرە خوارەوە. ژن بی و پیاو بی من تازە پێت فیر بووم هەر ئەتگێم!