شێخ مەحمووی مەلیک لە دەوری سولەیمانی بوو...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  464 بینین

شێخ مەحمووی مەلیک لە دەوری سولەیمانی بوو، شەڕی لەگەڵ ئینگلیز و حوکوومەتی عێراقدا ئەکرد، گەلێ لە زابتە کوردەکانی لەگەڵا بوو، یەکێک لەوانە عیزەت تۆپچی بوو. سەردەمێک لە بناری تەلان و جاسەنە بوون. شێخی ئەمری دابوو هەموو شەوێکی جمعە زیکر بکەن؛ ئەو عالەمە ئەبوایە بچوونایە کۆڕی ئەو زیکرەوە. زابتەکان لەبەر ئەوە کە خەڵکی تر نزیکتر بوون لە شێخەوە، ئەوان بەولاترەوە ئەبوایە لە زکرا بوونایە، لەمانەش زۆریان هەبوو کە بڕوایان بەم زکر و هەرا و هۆریایە نەبوو، بەڵام زۆری شێخ مەحموو ڕپێچی دابوون! زکرەکەش زیاتر لەسەر وشەی «ئەڵڵا» ئەبڕایەوە؛ ئەبوایە پێنج تەزبێح «ئەڵڵا» بکردایە، عیزەت تۆپچیش تووشی ئەم زکرە ببوو، بەڵام ئەم و ئەم زکرە کوجا مەرحەبا!!

چەند شەوێک بەم جۆرە تێ پەڕی و عیزەت لە وزەیا نەما. شەوێک لە کۆڕەکەدا بانگی کرد: «یاشێخ»؟ شێخ مەحموودیش وتی: «بەڵێ»، عیزەت وتی: «هیچ»! تۆزێکی تری پێ چوو دیسان بانگی کرد: «یاشێخ»؟ ئەویش وتی: بەڵێ. ئەم ئەیوت هیچ! بەم جۆرە عیزەت تا چوار جار بانگی ئەکرد: «یاشێخ»؟ شێخ توڕە بوو وتی: سەگی سەگجسن، بۆ من گاڵتەچیی تۆم؟ هەر بانگم ئەکەیت و پاشان ئەڵێی هیچ!؟ عیزەت وتی: قوربان! تۆ بە چوار بانگکردن وا توڕە بوویت و بەم جۆرە دەستت کرد بە ئاگرکردنەوە؟! ئەی خوز ئێستا پێنجسەد جار بانگی بکەین و هەر بڵێین «ئەڵڵا، ئەڵڵا»؛ ئاخر ناڵێ سەگی سەگبابینە چیتان لێم ئەوێ وا لەسەریەک وەکوو جیکەنە بانگم ئەکەن و هیچ ئیشێکیشتان نییە؟ شێخ مەحموود وتی: ئەی بە لەحنەت بی بۆ خۆت و بۆ قسەت! بڕۆ نەگبەت، ئیتر جارێکی کە مەیەرە کۆڕی ئەم زکرەوە. عیزەت بەم جۆرە خۆی لەدەست زکرکردن ڕزگار کرد.