مەلا مەحموود گێڕایەوە وتی کابرایەکی...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  358 بینین

مەلا مەحموود گێڕایەوە وتی:

کابرایەکی شارەزووری تەڵاقی ئەکەوێ و ئەکەوێتە شوێن تەڵاقەکەی بۆ چاککردنەوەی. ئەچێتە سولەیمانی بۆلای مەلا «عەبدووڵڵا»ی چروستانی و پێی ئەڵێ: قوروان! تەڵاقێکی پیسم خواردگە و لە ڕووم هەڵنایە بیگێڕمەوە، ئەویش ئەڵی: باوکم بیڵێ بزانم چیت وتووە؟ ئەڵێ: باوکم لە شەرعا شەرمی بۆ نییە؛ بیگێڕەوە بزانم چیت وتووە بەڵکوو چارێکی بکەین. کابراش هەندێ سەر دائەخا و پاشان ئەڵێ: وەڵڵا قوروان وتم ژنەکەم تەڵاقت کەوتوێ، هەر مەلایەکیش خاسی کاتەوە بکەم وە قوزیی دایکییەوە! مەلا عەبدوڵڵاش سۆفیسەر ئەبێ؛ ئەم جۆرە قسانەی قەت گوێ لێ نەبووە، بەتەوەسێکەوە سەیرێکی کابرا ئەکا و بە دەستیی ئیشارەتی بۆ ئەکا و ئەڵێ: هەستە بڕۆ هەستە!

کابرا دێتە دەرەوە لە خەڵک و خوا ئەپرسێ: ئەڵێ بەڵکوو مەلایەکم پیشان دەن تەڵاقم خاس کاتەوە. خەڵک، مەلای بێژوی لە مزگەوتی گەورەی پیشان ئەدەن. ئەم مەلا عەولایە لەو ڕۆژەوەی کە هاتۆتە دنیاوە تا ئەو تەمەنی هەشتا و پێنج ساڵییە وەکوو شێخ ئەمینی بێژوی هەر سۆفی و هەر لە دنیا دوورەپەرێز بووە. ئەچێتە خزمەتی و ئەڵێ:

قوروان! تەڵاقێکی پیسم خواردگە، بریا گووم بخواردایا و تەڵاقی وام نەخواردایە! چوومە خزمەتی ئەو مەلایە دەری کردم؛ ئێستا جەناوتیان پیشان داگم، هاتگم جا تۆیش کەیفی خۆتە، لە ڕوویشم هەڵنایە بیگێڕمەوە. ئەویش وەکوو چروستانی ئەڵێ: بابم دە بیڵێ! دە شەرعی شەریفدا چ شەرمی تێدا نییە. کابرا ئەڵێ: قوروان! وتم وە ژنەکەم تەڵاقت کەوتوێ؛ هەر مەلایەکیشآ خاسی کاتەوە بکەم وە قوزیی دایکییەوە! مەلا عەولا بەتەواوی ئاگری تێ بەر ئەبێ ئەڵێ: بابم! من تەڵاق و وانێک چاک ناکەمەوە؛ ئەگەر چاکم بکردایەتەوە چاکم ئەکردەوە، ئەوجا من لە قوزیی دایەلێی تۆم ئەبرد و لە قونیی بابیشت، دە هەستە بڕۆ دەبەنگ!